د.بورهان غەلیون: لە سوریا شتێك نییە بەناوی كوردستان

د.بورهان غەلیون: لە سوریا شتێك نییە بەناوی كوردستان
د.بورهان غەلیون، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا رایدەگەیێنێ، كە لە سووریا شتێك نییە بە ناوی \"كوردستانی سوریا\""، هەروەها فیدراڵی بە \""وەهم\"" دەزانێ و دەشڵێ \""ئۆتۆنۆمی\""یش بۆ گەلی كورد قبوڵ ناكەن.

د.بورهان غەلیون، كە یەكەمجارە قسە بۆ دەزگایەكی راگەیاندنی كوردی دەكات، لە هەڤپەیڤینێكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (رووداو) لە پاریسەوە، بەهەموو شێوەیەك ئەوە رەتدەكاتەوە دان بە بوونی ناو و خاكی كوردستان دابنێ لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.

بورهان غەلیون، سەبارەت بە داواكردنی فیدرالی لەلایەن هەندێ حیزبی رۆژئاوای كوردستانەوە گوتی \"" كورد نابێ وابەستەی وەهمی فیدراڵی بێ، چونكە سوودی نییە و، وا پیشاندەدات كە كورد داوای جیابوونەوە دەكات\"". هەروەها دەڵێ ئەوان ئامادەنین دوای رووخانی رژێمی بەشاری ئەسەد ئۆتۆنۆمیش بدەنە كورد \""ئێمە ئۆتۆنۆمی قبوڵ ناكەین، چونكە هیچ هەرێمێك نییە لە سووریا كە رێژەی 100%ی دانیشتووانی كوردبن\"".

غەلیون، كە پێش بوونی بە سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە، لە زانكۆی سۆربۆن لەپاریس مامۆستای زانستی كۆمەڵناسی و سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی رۆژهەڵات بوو، دەستەواژەو و ناوی (كوردستانی سووریا)ی قبوڵ نییەو دەڵێ \""شتێك نییە بەناوی كوردستانی سووریا، ئەمە گواستنەوەی نموونەی عێراقە. لە سووریا ناوچەیەك هەیە زۆربەی دانیشتووانی كوردە، لە هەندێك شار كورد زۆرینەیە، بەڵام هیچ هەرێم و ناوچەیەك نییە بەناوی \""كوردستان\""، سووریا هەر سووریایە\"".

بە بڕوای بورهان غەلیون بەشداری فراوانی كورد لە شۆڕشدا و هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن، پێگەی كورد لە دواڕۆژدا بەهێز دەكات بۆ داواكردنی ماف و رۆڵی زیاتر لە سووریادا، نەك تەنیا لەو ناوچانەی تێیدا زۆرینەن، بەڵكو لە هەموو سووریادا.

دكتۆر عەبدولحەكیم بەشار، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا) لە بەرامبەر لێدوانەكانی غەلیون، بە (رووداو)ی راگەیاند \""تاوەكو ئەوان خۆیان لە عەقڵییەتی بەعس و رەگەزپەرستی رزگارنەكەن، ناتوانین لەگەڵیان رێكبكەوین\""، دكتۆر عەبدولحەكیم، كە لە هەمانكاتدا سكرتێری پارتی دیموكراتی كورد لە سووریاشە، گوتی \""كوردستانی سووریا، واقیعێكی جوگرافی مێژووییە و هەیە، بەڵام ئەوە خاڵی گفتوگۆ نییە، لێرەدا ئەوەی گرنگبێ ئەوەیە، ئەگەر ئەوان بەردەوامبن لە پشتگوێخستنی داواكانی كورد، بەوشێوەیە زیان بە شۆڕش دەگەیێنن و تەمەنی رژێمی ئێستای سووریا درێژدەكەن\""."
Top