یو ئێن، بەكاربردنی فڕۆكە و هێزی زیاتر بە گەرەنتیی ئاگربەست لە سووریادا دەزانێت

یو ئێن، بەكاربردنی فڕۆكە و هێزی زیاتر بە گەرەنتیی ئاگربەست لە سووریادا دەزانێت
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بان كی مون، ڕایگەیاند نێردراوانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەركیان چاودێریكردنی ئاگربەستە لە سووریا، پێویستیان بە فڕۆكەی تایبەت و هێزی زیاتر و بڵاوكردنەوەی هەیە وەك گەرەنتی بۆ بەرجەستەكردنی ئاگربەست لە تەواوی وڵاتدا.
سەرباری بەڵێنی سەرۆكی سووریا، بەشار ئەسەد، بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست، لێ لەو شوێنانەی وەك حمس، حەما، ئەدلەب و دەرعا هێشتایش هێزەكانی سوپای ڕژێمی سووریا بە چەكی قورسەوە هێرشەكانیان بۆ سەر بەرهەڵستكاران درێژەی هەیە.

ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، دوای دانوستانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی عەرەب، كۆفی ئەنان، لەگەڵ سەرۆكی سووریادا بەشار ئەسەد ڕازیی بوو بەوەی كە هێزێكی بچووكی نەتەوە یەكگرتووەكان چودێریی دۆخی ئاگربەست لە وڵاتەكەیدا بكات.

بەڵام ئەو تیمەی كە وەها بڕیار بوو لە 250 كەس پێك بێت، نوێنەرایەتییەكی كەمی هێزی ئاشتیپارێز دەكات كە بۆ ناوچە كێشەدارەكان نێردراون؛ هەر ئەمەیش گومانی لای دژبەرانی ئەسەد پێك هێناوە بەوەی كە ئایا ئەو هێزە ئاشتیپارێزە ڕۆڵی دەسەلمێنێت بێئەوەی ڕێوشوێنی توندتر بگیرێتە بەر.

هاوكات كۆفی ئەنان، ڕاپۆرتی وڵاتانی عەرەبی لەبارەی ڕەوشی سووریاوە پێ گەیشتووە كە تێیدا داوا لە ئەسەد دەكەن هاوكاریی تەواوی پلانەكەی ئەنان بكات و دەرفەت بە چاودێران بدات بە باشی بجووڵێنەوە و بەربەستیان بۆ دروست نەكات.

لە بەیاننامەیەكیشدا كە دوای كۆبوونەوەی لیژنەی وزاریی عەرەب و كۆفی ئەنان كە لە قەتەر بەڕێوە چوو، تێیدا، داوا لە ئەنوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەكەن لە بڵاووەپێكردنی چاودێران بە خاكی سووریادا پەلە بكات، هاوكات داوایش لە حكوومەتی سووریا بكات لە بڵاوەپێكردنی چاودێران ڕێخۆشكەر بێت و بواریان بدات بۆ هەر كوێیەك لە چوارچێوەی خاكی كۆماری سووریای عەرەبیدا بچن. هەروەها هیچ مەرج و پاساوێكیش لە حكوومەتی سووریا كە مەبەست لێی پەكخستنی كاری چاودێران بێت قبووڵ نەكرێت.





(PNA)
Top