ئەمەریكا رەخنە لە ئۆپۆزسیۆنى سووریا دەگرێ

ئەمەریكا رەخنە لە ئۆپۆزسیۆنى سووریا دەگرێ
رۆبەرت فۆرد باڵوێزى ئەمەریكا لە دیمەشق رەخنەى لە گرووپەكانى ئۆپۆزسۆنى سووریا گرت و بە پێشێلكردنی مافەكانى مرۆڤ تۆمەتباری كردن، ئاژانسی رۆیتەرز گواستییەوە.

فۆرد، دوێنێ سێشەم راپۆرتێكی لە كۆنگرێسى ئەمەریكا خوێندەوە و ئاماژەى بەوە دا كە گرووپە چەكدارەكانى سووریا و هێزەكانى حكوومەتى سووریا تاوانى مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و وریایی دایە هەردوولا لە بەردەوامبوونى پێشێلكارییەكان.

زیاتر گوتى، گرووپە چەكدارەكانى ئۆپۆزسیۆن هەڵساون بە رفاندنى هاووڵاتییان و گرتن و ئازاردانى ئەو كەسانەى كە لەناو سوپان یان لایەنگری رێژیمى سووریان.

ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا بەرپرسانى ئەنجوومەنى نیشتمانیی سووریای لەم پێشێلكارییانە ئاگەدار كردووەتەوە و پێی راگەیاندوون كە ئەو كارانە دژى ئامانجەكانى ئەمەریكایە لەو وڵاتە، فۆرد واى گوت.

باڵوێزی ئەمەریكا پێی وایە بەردەوامبوونى تەنگژەى سووریا پێشێلكارییەكانى زیاتر كردووە و بووەتە هۆى ئەوەى ژمارەیەكى زۆر لە توندڕۆكانی هەردوولا كاری توندوتیژى ئەنجام بدەن.

راپۆرتەكەی باڵوێزی ئەمەریكا كە لە سایتی سەرەكیی رێكخراوى هیومان رایتس وۆچ بڵاو بووەتەوە، باس لە تاوانەكانى رێژیمى سووریا دەكا و دەڵێ، سوپاى سووریا تاوانی گرتن و ئازاردانیان دژ بە هاوڵاتییان ئەنجام داوە كە دەچێتە بازنەى تاوانەكانى دژ بە مرۆڤایەتی و چەندان جاریش بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لەم پرسە ئاگەدار كراوەتەوە.

رۆبەرت سیری نێردەى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رۆهەڵاتى ناوەڕاست لە نوێترین راپۆرتى نەتەوە یەكگرتووەكاندا راى گەیاند، ژمارەى كوژراوانى توندوتژییەكانى سووریا كە زیاتر لە ساڵێكە درێژەى هەیە گەیشتووەتە 9 هەزار كەس.
Top