ئه‌مه‌ریكا توانا سه‌ربازییه‌كانی خۆی له كه‌نداو زیاتر ده‌كات
رۆژنامه‌ی \"وۆڵ ستریت جۆرناڵ\"" له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا توانا سه‌ربازییه‌كانی له كه‌نداو په‌ره‌پێده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی پێش به داخستنی گه‌رووی هورمز له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێران بگرێت.
راپۆرتی رۆژنامه‌كه له زمانی به‌رپرسانی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كردووه‌ته‌وه كه پێنتاگۆن له رۆژی 7ی شوبات داوای له كۆنگرێس كردووه زیاده بودجه‌یه‌كی 100 ملیۆن دۆلاریی په‌سند بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌م‌وكورتییه كورت ماوه‌كانی هێزه سه‌ربازییه‌كان له كه‌نداو چاره بكات.
ئه‌م بودجه‌یه بۆ باشتركردنی فڕۆكه چاو‌دێر و بێ‌فڕۆكه‌وانه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ چه‌كی دژه‌تانك و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌مییه تیژڕه‌وه‌كانی سوپای پاسداران و كۆكردنه‌وه‌ی مین له ناو ئاودا ته‌رخان كراوه.
به‌رپرسێكی ئه‌منی به رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه بودجه‌ی له‌م چه‌شنه ته‌نیا كاتێك داوا ده‌كرێت كه پڕۆژه‌یه‌كی خێرا له‌ئارادابێت و وه‌زاره‌ت نه‌توانێت تا په‌سندی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو چاوه‌ڕوان بێت.
جم‌وجووڵه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كه‌نداو دوای ئه‌وه زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه كه كۆماری ئیسلامیی ئێران، له به‌رامبه‌ر سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی وڵاته‌كه‌یدا، هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمزی كرد و ئه‌مه‌ریكاش ئه‌مه‌ی به هێڵی سوور وه‌سف كرد و گوتی به توندترین شێوه وه‌ڵامی هه‌ر جووڵه‌یه‌كی ئێران له‌مباره‌یه‌وه ده‌داته‌وه.
"