بەشار ئەسەد: وڵات لە رووخان نێزیك نەبووەتەوە

بەشار ئەسەد: وڵات لە رووخان نێزیك نەبووەتەوە
بەشار ئەسەد: وڵات لە رووخان نێزیك نەبووەتەوە
22/08/2011 09:34

هەولێر 22 ئاب/ئۆگستس (ئاكانیوز)- ئەمڕۆ دووشەم لە زاری بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا بڵاو كرایەوە كە هەرچەندە وڵات بەدۆخێكی ئاڵۆزی تەناهیدا تێپەڕ دەبێ، بەڵام مەترسیی رووخانی دەسەڵات ناكرێ.

ئەسەد شەوی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنیی رەسمیی سووریادا، وێڕای بەرگریكردن لە شێوازی رووبەڕووبوونەوەى هێزە تەناهییەكانی وڵاتەكەى بەرامبەر خۆپێشاندەرانی ناڕازی گوتی، پێویستە روو لە رێگەچارەى سیاسی بكەین و ئەركی هێزە تەناهییەكانە بەڕژدی وەڵامی هەرجۆرە \"توندوتیژی\""یەكی خۆپێشاندەران بدەنەوە، تۆڕی دەنگوباسی (بی بی سی) گواستییەوە.

ئەسەد زیاتر گوتی، ئێستە خەریكی دانانی سیستمێكی سیاسییە تا بەهۆیەوە یاسای دانانی حزب و رێكخراو ئازادتر بكرێ و شیمانە دەكرێ تا 6 مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی لە سووریا بەڕێوە بچێ.

لێدوانەكەى شەوی رابردووی ئەسەد، بەچوارەم دەركەوتنی سەرۆكی سووریا لە ماوەى 5 مانگی رابردووی ئاڵۆزییەكانی سووریا بۆ بەردەم راگەیاندنە گشتییەكانی دادەنرێ.

دوێنێ یەكشەم تیمی مرۆییی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا رای گەیاند، چاویان بەژمارەیەك لە رێكخراوی مرۆیی كەوتووە، بەڵام دیار نییە ئەو شاندە لەبارەى دۆخی مرۆییی سووریا پاش خۆپێشاندانەكانی رابردوو چاویان بەبەشار ئەسەد سەرۆكی ئەو وڵاتە دەكەوێ یان نا، بەڵام UN لە ئاستی نێودەوڵەتی چاوەڕێی گەڕانەوەى ئەو شاندە و راپۆرتەكەیان دەكا.

ئامارە رەسمییەكان باسی كوژرانی زیاتر لە 2 هەزار و 160 خۆپێشاندەر و 350 لە هێزە تەناهییەكان لەو دۆخەیلەی 5 مانگی رابردووی سووریادا دەكەن، جگە لە بریندار بوونی زیاتر لە 3 هەزار و گیرانی لانی كەم 12 هەزاری تر كە تا ئێستە لە گرتیگەدان، دۆخەكەش هەر بەردەوامە.
"
Top