سبەى دادگەییكرنى موبارەك و كوڕەكانى دەست پێ دەكاتەوە

سبەى دادگەییكرنى موبارەك و كوڕەكانى دەست پێ دەكاتەوە
بڕیارە سبەى دووشەم دووەم دانیشتنى دادگەییكردنى حوسنى موبارەكى سەرۆكى لادراوى میسر و هەردوو كوڕەكەى (جەمال و عەلا) بەڕێوە بچێ و بەدوور نازانرێ لەسەر داواى پارێزەرى موبارەك دادگە داواى شایەتیى موشیر حوسێن تەنتاوى سەرۆكى ئەنجوومەنى باڵاى هێزە چەكدارەكانیش بكات. رۆژنامەى (الحیاە)ى لەندەنى گواستیەوە.

جگە لە تەنتاوى، هەریەك لە فەریق سامی عەدنان جێگرى سەرۆكى ئەنجوومەنى باڵاى هێزە چەكدارەكان و عومەر سولەیمانى جێگرى سەرۆكى لادراوى میسریش لەو كەسانەن رەنگە دادگە داواى ئیفادەیان بكات.

یەكێك لەو تۆمەتانەى دادگە ئاراستەى موبارەكى كردووە، زیانگەیاندنە بە ئابووریى میسر لەرێى بڕینى تۆڕەكانى پێوەندیكردن لەكاتى دەستپێكردنى شۆڕشەكەى میسر لە كانوونى دووەم/یەنایەرى رابردوودا، هاوكات پارێزەرى موبارەك لە زارى موبارەكى گواستووەتەوە كە بڕیارى بڕینى پێوەندییەكان لێژنەیەك داویەتى كە موشیر تەنتاویش تێیدا ئەندام بووە.

ئەمڕۆ یەكشەمیش دادگەییكردنى حەبیب ئەلعادلى وەزیرى ناوەخۆ لە سەردەمى موبارەك و 6 لە یاریدەدەرانى بەتۆمەتى كوشتنى خۆپێشاندەران و دروستكردنى بۆشایى ئەمنى بەڕێوە دەچێ.

چوارشەمى رابردوو یەكەمین دانیشتنى دادگەییكردنى موبارەك و عەلا و جەمالى كوڕى، حەبیب ئەلعادلى وەزیرى ناوەخۆى پێشوو و شەش لە بەرپرسانى باڵاى ئەمنیى میسر، بەتۆمەتى گەندەڵى و هاندان بۆ كوشتنى خۆپیشاندەران لەبەردەم دادگەدا دەستى پێ كرد.
Top