ئەحمەد رە‌ئووف: بەم زووانە بەشداری لە فیلمێکی کۆمیدیی سینەماییدا دەکەم

ئەحمەد رە‌ئووف: بەم زووانە بەشداری لە فیلمێکی کۆمیدیی سینەماییدا دەکەم
ئەحمەد رەئووف هونەرمەندی نازداری بواری کۆمیدیا، لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ئاستی دراماکان دەڵێت: ”دراما کوردییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان“.

ئەو سەبارەت بە ژیان و کاری هونەریی خۆی گوتی: ”لە ساڵی 1965 لە سلێمانی لەدایک بووم، پاشان چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەشی دەرهێنانم خوێند، لە ساڵی 1981 دەستم بە کاری هونەری کردووە و تا ئێستاش بەردەوامم، هەروەها لە 10 درامادا بەشداریم کردووە، وەکوو کاری فیلمی سینەمایی ئەمساڵ بەشداریم لە فیلمی (پەیکەری دڵ)دا کرد، کە لە دەرهێنانی (شوان عەتووف) بوو، چەند بەرنامەیەکیشمان کردووە، وەک بەرنامەی هەفتانە، کە هەمەڕەنگ بووە و ماوەی 7 ساڵ لە کەناڵی (گەلی کوردستان) پەخش دەکرا، پاشان چوومە (بەرنامەی بەرنامە) و لەوێش تا ماوەیەک بەردەوامیم بە کارە هونەرییەکانم دا، ئێستاش وا بۆ ماوەی 5 ساڵە لە پرۆگرامی (بەزمی بەزم)م و بەردەوامیشم”.

سەبارەت بە چۆنیەتیی بەشداریکردن لە پرۆگرامی (بەزمی بەزم)دا گوتی: “کە لە سلێمانی بووم ئەو پروگرامەم بینی، زۆر پێی سەرسام بووم، چونکە ستایل و شێوازێکی نوێ بوو، پێشتر شتێکی لەو شێوەیە نەکرابوو، کاتێک داوایان لێ کردم لەگەڵیاندا بەشدار بم، بەخۆشحاڵییەوە قەبووڵم کرد، چونکە زۆر حەزم دەکرد کارێکی کۆمێدی لەو شێوەیە بکرێت، ئەمە شێوازێکی جیاواز بوو، هەروەها خۆشترین ئەو درامایانەی بەشدارییم تێدا کردووە، درامای (نامەکانی ئەشرەف) بوو، بێجگە لە کاری نواندنیش کاری دەرهێنانم بۆ زۆر لە دراماکان کردووە، یەکێک لەو درامایانە درامای (قاقا) بوو، کە لە ساڵی 2013 لە مانگی رەمەزان لە کەناڵی (کوردسات) پەخش دەکرا، کە دەنگدانەوەیەکی زۆر باش و بینەرێکی زۆریشی هەبوو”.

لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئاخۆ حەز دەکا خەڵک وەک ئەکتەر بیناسن یان وەک دەرهێنەری فیلم و دراما، گوتی: “دوو جۆرە ناسین هەیە، بە کاری دەرهێنانی فیلم و دراما تەنیا چواردەوری هونەری ئەتناسێت، بەڵام ئەگەر کاری نواندن بکەیت، زیاتر ئەتوانی سەرنجی بینەر بۆ خۆت راکێشیت،هەروەک بیرمەندێک ئەڵێت (دەرهێنەر دەبێت باشترین ئەکتەر بێت)، سەبارەت بە پرۆگرامی بەزمی بەزم خۆشحاڵین، کە تا ئێستا بینەرێکی زۆری هەیە”.

راشی گەیاند، کە زۆر سەرسام بە ئەکتەرانی کۆمێدیی جیهانی (میستەر بین) و (چارلی چاپلن) کە هەر وەک قوتابخانەیەک وان بۆ هونەرمەندانی بوارەکە، هەروەها لە ئەکتەرە کۆمێدییە کوردەکان زۆر سەرسامە بە (ماهیر حەسەن) و کارەکانی زۆر پێ جوانە.

سەبارەت بە پشتگیری و دەستگیرۆیی هونەرمەندانیش دەڵێت: “لە کوردستان هاوکاریی هونەرمەند زۆر دەگمەنە، من خۆم 32 ساڵە خەریکی کاری هونەریم، بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ شوێنێک، پشتگیری و هاوکاری نەکراوم، ئەوە نەبێ کە لەگەڵ کەناڵی (کوردماکس) گرێبەستێکمان هەیە و لەبەرامبەر کارەکان دەسکەوتێکی مادیمان هەیە، لە رووی مەعنەویشەوە جۆش و خرۆشی هەوادارەکانم تەواو بۆ من هاوکاریی مەعنەویین”.

سەبارەت بە ئاستی کارە هونەری و فیلم و دراما کوردییەکان دەڵێت: “بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستێکی زۆر نزمدان، چونکە کار و چالاکییە هونەرییەکان زۆر کەمن، لە وڵاتی ئێمە هونەر پشتگوێ خراوە و گرنگیی پێ نەدراوە”.

هەروەها لەبارەی نوێترین کارە هونەرییەکانیشی دەڵێت: “بەم زووانە بەشداریی لە کارێکی فیلمی سینەمایی کۆمێدیدا دەکەم، خەریکی دروستکردنی درامایەکیشین بە ناوی (بەختە باران) کە 80 ئه ڵقەیە و لە سلێمانی و هەولێر کاری وێنەگرتنی بۆ دەکرێت و 9 رۆژە دەست بە وێنەگرتنی کراوە، لەوانەیە 6 مانگ کاری وێنەگرتنی بخایەنێت”.
Top