ستالین .. شاعیرو گۆرانیبێژیش بووە ! ..... نوو سینی: بەهادین جەلال
كاتێ خوێنەر كتێبەكە دەخوێنێتەوە دەگاتە ئەو راستییەی كە باوكی ستالین كەسایەتییەكی دڵڕەق و شەڕانگێز بووە، بە تایبەتیش كە بەردەوام لە مەیخانەكاندا خەریكی مەی خواردنەوە بووە، كتێبەكە بە شێوەیەكی سۆزدارانەو هەستی ناسكی مرۆییەوەباس لەوە دەكات كە چۆن ئەو پیاوە دڵڕەق و سەرخۆشە بەردەوام ئازاری ستالینی داوە، بەڵام بەپێچەوانەوە دایكێكی زۆری بەسۆزی هەبووە كە باوەشی بۆ كردۆتەوەو خۆشەویستی پێ بەخشیوە، تا ئەو كاتەی یارمەتیی داوە شاری كۆری بەجێ بهێڵیێت، دواتر لە لاپەڕەكانی دیكەی كتێبەكەدا خوێنەر بە لایەنەكانی دیكەی ستالین ئاشنا دەبێت.
شاعیرو گۆرانیبێژ
مۆنتیفیۆر لە كتێبەكەیدا چەن لایەنێكی شاردراوەی ژیانی ستالینی لە سەرەتای ژیانیدا وورووژاندووە، بەتایبەتیش كە لە تەمەنی هەرزەكاریدا زۆر حەزی لە گۆرانی بووە، نووسەر باس لەوە دەكات چۆن ستالین بەرامبەر پارەیەكی كەم ، لە ئاهەنگی ژنهێنان و بۆنە ئاینییەكاندا گۆرانی گوتووەو دەنگی زۆر خۆش بووە، لەلایەكی دیكەوە ستالین تەنیا خولیای گۆرانی نەبووە، بەڵكو خوێنەرێكی بەردەوانی نووسەرو رۆماننوس و شاعیرانی ئەو سەردەمە بووە، لەوانە چیخۆف و بلزاك و كتێبەكانی ئەفڵاتون، نووسەر لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەیدا باسی لەوە دەكات كە ستالین رۆژانە بۆ ماوەیەكی زۆر دەرگای ژوورەكەی لەسەر خۆی دادەخست و لەبەر رووناكیی مۆم كتێب و دەقی ئەدەبی دەخوێندەوە، ستالین زۆر بایەخی بە زمانی(ئیسپرانتو)داوە كە زمانێكی درووستكراوی ئەوروپی بوو، هاووڵاتییەكی ئەوروپی لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا دایهێنا، ستالینیش لەو بڕوایەدا بوو كە دەبێتە زمانی ئاییندە، نووسەری كتێبەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ستالین زیاتر ژیاننامەو بەرهەمەكانی شاعیرانی چەپڕەوی دەخوێندەوە وەك پاپلۆنیرۆدا. بۆیە لەو خەڵوەتەیدا هۆنراوەی كورت كورتی نووسیوە، بەڵام نەیداونەتە كەس یان بڵاوی نەكردوونەتەوە.
گومان و راستی
مۆنتیفیۆر كاتێ دەگاتە ئەو قۆناغەی كە تێیدا گۆڕانكاری لە ژیان و كەسایەتیی ستالین دێتە پێشەوە، پرسیارێك دەورووژێنێت، هەڵەی ئەو پیاوە چییە؟ هەر خۆی وەڵام دەداتەوە و لە خۆی دەپرسێت تۆ بڵێی چیستالینی سەركردەی كردە دیكتاتۆر؟ ئەو هۆیەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دوورخرانەوەی بۆ تاراوگەیەكی تاریك و ناخۆش كە ماوەیەكی زۆر ژیانی تێدا بەسەربرد، هەرچەندە نووسور ئاماژە بەوە دەكات كە خۆی وەستا بووە لە خۆشاردنەوە، بەتایبەتیش پۆشینی جلوبەرگی ئافرەتان، بەڵام لەسەر ئەو حاڵەش لە چنگ پۆلیسی نهێنیی قەیسەری رووس رزگاری نەبوو، تا دواتر جارێكی دیكەش كەوتەوە بەندیخانە، ناخۆشترین قۆناغی ژیانی ستالین لەو ماوەیەدا بوو، كاتێ بۆ سێبیریا دوورخرایەوە و خستیانە نێو خانوویەكی تەنگ و تاریك و سارد كە پلەی ساردیی گەیشتە ژێر پەنجای سەدی، هاوكات هۆیەكی دیكەش پەیوەندیی هەبوو بە بارودۆخی سیاسی كە ستاین تێیدا ژیا، بەر لە سەركەوتنی شۆڕشی بەلشەفیك لە ساڵی 1917، نووسەر لە درێژەی گێڕانەوەی سەربردەكە دەڵێت: دوو بەلشەفی لە كۆس شەش بەلشەفیك لەنێوانیاندا (ستالین) گەیشتە پەرلەمان (دۆما) لە ساڵی1912و لە سەردەمی قەیسەردا كە بۆ حیسابی پۆلیسی نهێنی كاریان دەكرد، لەلایەكی دیكەوە نووسور ئاماژە بەوە دەكات كە ستالین لە ژۆڕشی 1917دا تەنیا پاسەوانێكی لینین بووە، لە كۆتایی كتێبەكەیدا مۆنتیفیۆر بەرەو رووی ئەو بۆچوونەی رۆژئاوا دەوەستێتەوە كە ستالینیان بە شەیتان و دڵڕەق و شەڕانگێز لە قەڵەم داوە و هیچ بەرزەیی و نەرمی لە دڵدا نەبووە، مەبەستیشیان لەمەدا ئەوە بووە كە وێنەیەكی شێواو بەرامبەر جوزێف ستالین پیشان بدەن لە چوارچێوەی شەڕی هەڵگیرساوی نێوان هەردوو بلۆكی سەرمایەداری و شیوعیدا، كە لە كۆتاییدا سەرمایەداری سەركەوتنی بەدەستهێنا.
_______________________________________
سوود لەم بابەتانە وەرگیراوە:
*ستالين.. القيصر الاحمر يعود/ نووسینی ئەحمەد ناسیف
*ستالین .. شخصیته و أسراره/فەرەج جوبران
*ماڵپەڕی الدستور