ئەمڕۆ کۆنفرانسی تێدئێکس نیشتمان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

 ئەمڕۆ کۆنفرانسی تێدئێکس نیشتمان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
لە شاری هەولێر، دوای تەواوبوونی تەواوی ئامادەکارییەکان، ئەمڕۆ 1-4-2017 چالاکییەکانی کۆنفڕانسی تێدئێکس کە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتییە بەنێوی تێدئێکس نیشتمان بەڕێوەدەچیت.

12 شارەزا لە بواری شانۆ ئەزموونی سەرکەوتنی خۆیان بۆ ئامادەبووان دەگێڕنەوە و چەندین چالاکی جۆراوجۆریش لە چوارچێوەی کۆنفڕانسەکە پێشکەش دەکرێن. رووداو سپۆنسەری میدیایی تێدئێکس نیشتمانە.

سوهەیر قەیسی، میدیاکاری بەناوبانگی عەرەبی خۆی و ورچێکی بچووکی گەیشتە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، هیلاکی بە رووخسارییەوە دیار بوو، ئەو لە دوبەیەوە گەیشتبوویە هەولێر، بەمەبەستی بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی تێدئێکس نیشتمان.

سوهەیر قەیسی کە یەکێکە لە سپیکەرەکانی تێدئێکس نیشتمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم بە ئامادەبوونم لێرە لە تێدئێکس، وەک کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیی، هەمیشە خاوەنی مێشکی جیاواز و سەرکەوتنی جیاواز لەم کۆنفڕانسە ئامادەدەبن، ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات ئەوەیە کە ئەم کۆنفڕانسە لە هەولێر ئەنجامدەدرێت و ئامادەکاریی باشکراون، من لە کۆنفڕانسەکە لەبارەی هێزی تاکەکەسییەوە قسە دەکەم و ئەزموونی خۆم دەگەیەنمە ئامادەبووان".

150خۆبەخش لە ماوەی 6 مانگدا کاریان بۆ رێکخستنی کۆنفڕانسەکە کردووە، رێکخەرانی کۆنفڕانسەکە دەڵێن، ئەوان لە کۆی دەیان کەس کە خۆیان وەک سپیکەر(گوتاربێژ) بۆ کۆنفڕانسەکە ناونووسکردبوو، تەنیا 12 کەسیان هەڵبژاردووە.

رەوەند حوسێن ، سەرپەرشتیاری تێدئێکس نیشتمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەلوان زەیتۆ یەکێکی دیکەیە لە سپیکەرەکان، ئەو لەڕووی ئامادەکاریی سەر شانۆشەوە سەرپەرشتیاری رێورەسمەکە دەکات، زەیتۆ پێیوایە ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە پێشکەوتنی هەولێر و کوردستان پیشاندەدات".

یەکەم کۆنفڕانسی تێد، بەناوی تێدئێکس نیشتمان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، 12 سپیکەر لەسەر شانۆ ئەزموونی سەرکەوتنی خۆیان دەگێڕنەوە، چالاکی جۆراوجۆر پێشکەشدەکرێن و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنفڕانسەکەیە.

کۆنفرانسەکە لە کاژێر 10:00ی سەرلەبەیانی بۆ کاژێر 16:00 بەردەوام دەبێت، چەندین نمایش و چالاکی هونەری پێشکەش دەکرێن، هەژار زەهاوی و تیمەکەیشی بەشێوەی راستەوخۆ چالاکی هونەرییان دەبێت.






رووداو-
Top