ئایا کوردەکان لە داعش مەترسیدارترن ؟

ئایا کوردەکان لە داعش مەترسیدارترن ؟
لە نێوان ئەنکەرە و بەغدا و تاران و دیمەشق هەم بەرژەوەندی هاوبەش زۆرن و هەم کۆنە قینیشیان هەیە. ژەهری مێژوو و نەفرەتی جوگرافیا جیایان دەکاتەوە. لە هەندێ شوێندا یەکدەگرنەوە و لە هەندێکی تریش جیادەبنەوە. تەنانەت دەچنە ناو هاوپەیمانیی ناکۆک و دژبەیەکەوە و پاشان دەست دەخەنە دەستی یەکتر و باسی هەڵدانی لاپەڕەیەکی نوێ دەکەن. تەنها شت کە هەمیشە ئەو چوار پایتەختە کۆدەکاتەوە ترسە لە دەستهەڵنەگرتنی کوردە لە خەونە دێڕینەکەی سەرباری ئەو هەموو نەهامەتییانەی بەسەریاندا هاتووە. ئەمڕۆش ئەم دەوڵەتانە لەسەر بنەمای باوەڕێکی نەگۆڕەوە رەفتاردەکەن کە ناوێرن ئاشکرای بکەن ئەویش دڵنیابوونیانە لەوەی کە کورد بۆ ئەوان لە داعش مەترسیدارترە.

ئەوانەی شارەزاییان لە ناوچەکەدا هەیە دەزانن کە چارەنووسی رێکخراوی داعش هەر دۆڕاندنە. هەم ناوچەکەش و هەم جیهانیش ناتوانن مانەوەی داعش لەو شوێنەدا پەسندبکەن. کاتێکیش تیرۆریزم کە خۆی ئاشکرادەکات گۆڕی خۆی بەدەستی خۆی هەڵدەکەنێت. کە شوێنەکەی دیاریکراوبێت و ناوی دیاربێت ئەو کاتە لەناوبردنیشی ئاسانتر دەبێت. بۆیە ئەم چوار دەوڵەتە دەزانن کە داعش مەترسییەکی گەورەیە بەڵام راگوزەرە و لەناودەچێت بەڵام مەترسیی کورد زۆر گەورەترە و هەمیشە ئامادەیە.

ئەوە مەترسی داعش نەبوو کە ئەردۆغانی ناچارکرد دان بەخۆیدا بگرێت و لوت بەرزییەکەی بەلاوەنێت بەڵکو ترسی کورد بوو. هەم کوردەکانی خۆی و هەمیش کوردەکانی سوریا. هەر لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ لە سەردانی ئەرۆدغان بۆ سانت پیتەرسبورگ و دوایی بۆ تاران ببینین. هەمان هۆکاریش بوو کە وای لە ئەنکەرە کرد رازیبێت بە رۆڵێکی بەشار ئەسەد لە قۆناخی گواستنەوەدا.
ئەم رەفتارە نوێیەی ئەردۆغان پاڵی بە رژێمی سوریا نا کە ئەویش کارتەکانی ئاشکرا بکات. وادیارە ئەویش پێیوایە کە کورد لە داعش مەترسیدارترن. شەڕوپێکدادانەکانی ئەم دواییەی شاری حەسەکە زیاتر لە ئاڵوگۆڕکردنی نامە و پەیام گەیاندن دەچوون لەگەڵ تورکیا. پێدەچێت هەڵوێستی توندی هەردوولا لە پرسی کورد دا سەرەڕای نەبوونی دۆستایەتی نێوان هەردوو سەرۆک دەبێتە مایەی چاککردنەوەی پردە روخاوەکەی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە.

ئێرانیش بەوە تۆمەتباردەکرێت کە دەیەوێت جڵەوی کورد بگرێتەوە. ئێران ناتوانێت ئەوە پەسند بکات کە کوردەکانی خۆی داوای رەوشێکی هاوشێوەی کوردی عێراق بکەن کە کوردی سوریاش چاویان لێیەتی. لەکاتی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێراندا شاندێکی کوردی سەردانی خومەینییان کرد. شاندە کوردییەکە لە خومەینی پرسیبوو کە مافی کورد چی لێبەسەردێت. لە وەڵامدا خومەینی وتبووی کە شتێک نامێنێت بەناوی کێشەی کورد چونکە شۆڕشەکە ئیسلامییە. سەرئەنجام شۆڕشی ئێران کێشەی کوردی چارەسەر نەکرد. بەڵگەش بۆ ئەمە دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکدارییە لە ناوچە کوردییەکاندا لە لایەن هەندێ کەسەوە. ئێران بەرژەوەندییەکی جیدی هەیە لە تێکدانی خەونی کوردی سوریا.

سوریای فیدڕاڵیش بۆ ئێران جێگای نیگەرانییە. سەرکەوتنی کورد لە بەدەستهێنانی مافەکانیان پرسی پێکهاتەکانی تر دەوروژێنێت. لەوانەش پێکهاتەی زۆرینەی سونەیە. ئارەزووی جڵەوگرتنی ئاواتەکانی کورد پردێکی نوێی پەیوەندیی نێوان تاران و ئەنکەرە دروستدەکات. ئەوەی تاران و ئەنکەرە نزیکدەکاتەوە بەرژەوەندی هاوبەشی ئابوریشە وهەوڵی تارانە بۆ رێگرتن لە دروستبوونی بەرەیەکی سونی یەکگرتوو کە چوارچێوەیەک بۆ ئامانج و چاوچنۆکی یەکانی تاران لە عێراق و سوریا دادەنێت. بۆیە ئێرانیش بە پێی ئەو بنەمایە رەفتاردەکات کە مەترسی کورد لە داعش زۆرترە. ئەو مشتومڕانەی ئەمڕۆ لە بەغدا لە بارەی رۆڵی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە شەڕی رزگارکردنی موسڵدا لە ئارادان دەریدەخەن کە لەوێش جیاوازیی نێوان مەترسییەکی راگوزەر و مەترسییەکی هەمیشەیی دەکرێت. هەندێ هێزی دەستڕۆیشتوو لە بەغدا وا پیشانی دەدەن کە پەشیمانن لە پەسندکردنی ئەو مافانەی ئەمڕۆ کورد هەیەتی چونکە ئەوکاتە لە ناچاریدا بووە بۆ لابردنی رژێمی سەدام حوسێن. هیچ دووریش نییە کە تاران پێش هێرشەکەی ئەمریکا رێگەی بە هاوپەیمانەکانی خۆی دابێت کە بە داواکارییەکانی کورد رازیبن چونکە لابردنی سەدام حوسێن بۆ ئەو دەسکەوتێکی ستراتیجی بوو وەک دواییش وادەرکەوت.

دەرکەوتنی رێکخراوی داعش بەو شێوەیە مەترسییەکی گەورە بوو کە ناوچە و جیهانیشی نیگەرانکرد. بەڵام لە هەمان کاتدا هەندێ وڵات و هێز دڕندەیی داعشیان بۆ خۆیان و جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان لە عێراق و سوریا بەکارهێنا. هەر بەناوى شەڕکردنی داعش دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە عێراق و سوریا زیادیانکرد. گورزەکانی هێزە نێودەوڵەتییەکان سنوری داعشیان بەرتەسککرد. هەرچەندە هێشتا ئەوەندەی پێماوە کە لێرە و لەوێ قەسابخانەیەک ئەنجامبدات. بەڵام سەمای گۆڕینی هەڵوێستەکان و سەرلەنوێ سەنگەرگۆڕین وەک دەردەکەوێت زیاتر پەیوەندی بە ترسە لە کورد وەک لە مەترسی راگوزەری داعش. ئەوەی روونە ئەوەیە کە لەدایکبوونی خوێناوی زۆر سەختە و درێژەدەکێشێت. رەفتارکردن لەگەڵ کورد دا وەک بۆمبێکی کاتی لە نەخشەی ئەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژین هەر دوارۆژێکی پڕ ئاشوب و لەیەک ترازانی لێدەکەوێتەوە. ئێستا ناکرێت رەوشی کوردی سوریا بۆ پێنج ساڵ لەمەوبەر بگەڕێنینەوە. ناشکرێت هەتا هەتایە کوردی تورکیا راوبنرێن. کێشەی کوردی ئێرانیش بە دروستکردنی نائارامی و ناسەقامگیری لە کورستانی عێراق چارەسەر نابێت. کارەسات لەوەدایە کە دان بە مافی مرۆڤەکان لە جیاوازبوون نانرێت. ئەنجامی کارەساتباری ئەم بیرکردنەوەیەش تەنها بەسەر کورد دا ناشکێتەوە.
Top