فیلمێکی کوردیی لە فیستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"ـی بەرلین نمایشکرا

فیلمێکی کوردیی لە فیستیڤاڵی
کورتە فیلمی کوردیی "حەوت بەرد" لە دەرھێنانی فاتمە دەستمەرد، لە ٣١مین خولی فیستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین نمایشکرا.

ئەم بەرهەمە لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد مەنسوور چەمەنییە و لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و لە دوو سانسی جیاوازدا، لە گەڵ ١٣ فیلمی دیکەی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە بەشی پێشبڕکێی سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین، ساڵی ١٩٨٢ لە شاری بەرلین دەستی پێکرد و ھەموو ساڵێک لە لایەن ناوەندیی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین بەڕێوەدەچێت.

ئەم فیستیڤاڵە بە ساڵانێک ئەزموونەوە، توانیوییەتی جیلێکی بەربڵاو لە ھۆگرانی سینەما لە بەشەکانی نێودەوڵەتی فەرھەنگی و کورتە فیلمەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت و ئەم رێژەیە ساڵ لە دوای ساڵ پەرە دەستێنێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە "ئینتێرفیلم" مۆڵەتی هەیە تاکوو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چەندین ناوەندیی گرینگ گرێبدات و بە بەڕێوەبردنیی ڕووداوە ڕێکووپێکەکان، بە سەرکەوتووییەوە کورتە فیلم بخاتە بەردیدی ژمارەیەکی زۆر و بەربڵاو لە ھۆگرانی ھونەری سینەما.

بەرپرسانی ئەم فیستیڤاڵە، بە خستنەڕووی بەرنامەی جۆراوجۆر، ھەوڵینداوە کورتە فیلمە چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتارییەکان لە دەرھێنانی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان بخەنە بەردیدی بینەرانی تینوو کە بایەخی کورتە فیلم دەزانن و رێزی لێدەگرن.

ئامانج لە بەڕێوەبەردنی فیستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"، دۆزینەوەی فیلمسازانی شارەزا و داھێنەر و کۆکردنەوەی بەرھەمەکانی ئەوانە. ئەم بەرھەمانە لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و فەرھەنگی پێشکەش دەکرێن تاکوو ئاڵووگۆڕی ئایدیا وێنەییەکان بە باشترین شێوەی خۆی ئاراستە بکرێت.

ئەم فیستیڤاڵە خۆی وەکوو یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی کورتە فیلم لە

کیشوەری ئاسیا سەلماندووە و دووەمین فیستیڤاڵی کۆنی کورتە فیلمە دوای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئۆبێرھاوزێن" لە وڵاتی ئەڵمانیا و دووەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مێژوویی و گرینگی بەرلین دوای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەرلینالە" دێتەئەژمار.

"حەوت بەرد" لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکرێتەوە، تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵ نمایشکراوە، لەوانە: بیست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئاڵتێڕناتیڤ" لە ڕۆمانیا لە ساڵی ٢٠١٤، پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەیرووت" لە لوبنان لە ساڵی ٢٠١٥، پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان"ی لەندەن لە بەریتانیا، سی و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "تاران" لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٤، بیست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمەکانی "منداڵان و مێرمنداڵان" لە ئیسفەھان، شازدەیەمین جەژنی ماڵی سینەمای ئێران، سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "خۆڕاگریی" لە ئێران، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "رووویش" لە ئێران، ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "واڕێش" لە ئێران و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی دیکە.

فاتمە دەستمەرد، پێش لە سازکردنی "حەوت بەرد" دەرھێنانی بۆ دوو کورتە فیلمی چیرۆکی دیکە بە ناوەکانی "بێدەنگی تاڵاوەکان" و "شوێن پێی ژیان"ی لە بەرھەمھێنانی مەنسوور چەمەنی ئەنجامداوە و بەم فیلمانەوە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەشداریی کردووە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستێھناوە.

لە پوختەی سیناریۆی "حەوت بەرد"دا ھاتووە: حەوت منداڵ لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان سەرقاڵی یاریی حەوت بەردینەن کە لە ناکاودا تۆپەکە لە زەویی یارییەکە دەچێتە دەرێی و یەکێک لە کوڕەکان بەشوێن تۆپەکەدا دەڕوات و لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ زەویی یاریی تووشی شۆک دەبێت و ...

کورتە فیلمی "حەوت بەرد" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی بیرئانینی "یەڵماز گۆنەی" لە سینەما "ھەکەنی پیکچێرزھاوس" لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا.
Top