"ماڵ و کلیل"ـی شوان عەتووف ١٣ھەمین خەڵاتی بەدەستھێنا

کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی شوان عەتووف، خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" لە ئیتاڵیای بەدەستھێنا.

ئەم کورتە فیلمە لە نووسین و دەرھێنانی شوان عەتووف، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە لە ١٧ ئەم مانگە، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" لە شاری میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەین ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا و توانی سێزدەھەمین خەڵاتی نێودەوڵەتیی خۆی لە سەر ئاستی جیھان بەدەستبێنێت.

رێوڕەسمی کۆتایی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" بە ئامادەبوونی "ئێلیسیۆ بۆنی" ئەکتەری ناوداری ئیتاڵی رۆژی ١٨ تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی "سپاسیۆ ئۆپێڕان" لە شاری میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو و خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە لە لایەن خاتوو دۆکاریسیا کاپلینی، بەرپرسی فەرھەنگ و ھونەریی ھەرێمی "لۆمباردیا" لە باکووری ئیتاڵیا، بە سینەماکاری کورد شوان عەتووف دەرھێنەری کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" بەخشرا و ھەروەھا خەڵاتی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لە لایەن خاتوو رێزان قادر، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم وڵاتە بە عەتووف بەخشرا.
لە کۆتایی ئەم رێوڕەسمەدا، لە لایەن ئاندریا پۆرگاتۆری، نووسەر و ھونەرمەندی ناوداری ئیتاڵی و سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما"، خوێندنەوەیەک بۆ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کرا، تیایدا باسی دیدی عەتووفی کرد بۆ شێوازیی پیشاندانی ئیستاتیکیانەی تراژیدیاکانی نەتەوەکەی.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھونەری سینەما" یەکێکە لە فیستیڤاڵە ھونەری و جیدییەکانی دونیا کە گرینگیی بە دیدی تایبەتی سینەماکاران و ھەروەھا بەرجەستەکردنیی رۆڵی سینەما لە مێژووی ھاوچەرخ دەدات.
چواردەیەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٥٠ فیلم لە سینەماکارانی ٢١ وڵاتی جیھان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی لە رۆژانی ١٤ تا ١٨ تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی "سپاسیۆ ئۆپێڕان" لە شاری میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، تا ئێستا لە ٥٣ فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە و ١٣ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە،
لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی عەتووف، لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە کۆمەڵایەتییەکان" لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سێدیسیکۆرتۆ" لە شاری فۆڕڵی لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و ئەم سینەماکارە کورد لە دوو کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لەسەر فیلمەکەی و سینەمای کوردیی روونکردنەوەیدا و سەبارەت بەو تراژیدیایانەی کە بەسەر نەتەوەی کورددا ھاتووە و ھەروەھا سەختی بەرھەمھێنانی فیلم لە ھەرێمی کوردستان ھاتە ئاخاوتن.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٢٢٥ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکانی چیرۆکی و دیکۆمێنتاریی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە ئەنیمەیشێنی و ئەزموونییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای نەتەوەیی"، بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی "ئەنیمەیشێن بۆ منداڵان" و ھەروەھا بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی" لە رۆژانی ٨ تا ١٧ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە شاری فۆڕڵی لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
- See more at: http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=367946#sthash.JNIBcMOn.dpuf
Top