په‌یمانی نیشتمانی مه‌زن، له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراسی و چاكسازیدا
گفتوگۆی راشكاو‌و جدی تاكه رێگای گه‌یشتن به سازانی نیشتمانی یه
په‌یمانی نیشتمانی مه‌زن، له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراسی و چاكسازیدا
گفتوگۆی راشكاو‌و جدی تاكه رێگای گه‌یشتن به سازانی نیشتمانی یه..
له‌سه‌ر كۆی به‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له باشووری كوردستاندا
بۆ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان وهێز‌و لایه‌نه سیاسی یه‌كان
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
دوای سڵاو ..
حه‌زم كرد له سۆنگه‌ی په‌رۆشیمان بۆ دۆخه‌كه‌و، ئێستا‌و ئاینده‌ی گه‌ل‌و وڵاتمان و، دوورخستنه‌وه‌یان له كێشه‌و ململانێ‌ی لاوه‌كی‌و، به‌ده‌ستهێنانی به‌ركه‌وته نه‌ته‌وه‌یی و چاكسازی‌و دیموكراسی یه‌كانی قۆناغه‌كه‌و، كۆكردنه‌وه‌ی توانا جۆراوجۆره‌كان، له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی هاوچه‌رخدا.
ئه‌م پرۆژه بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه‌و، به‌دیهێنانی ئه‌و پرۆژه نیشتمانی یه‌و، پێداویستیه‌كانی خه‌مڵاندنی له‌م قۆناغه‌دا، بخه‌مه به‌رده‌ست به‌ڕێزتان. بۆ ئه‌وه‌ی به دڵسۆزییه‌كانی هه‌مووان، توانای به‌ڕێكردنی قۆناغه‌كه‌و، زیاتر كه‌ڵه‌كه‌كردنی ده‌سكه‌وته‌كان‌و، ده‌رگاكردنه‌وه به‌ڕووی ئاینده‌یه‌كی پڕئومێدترمان هه‌بێت. دیاریكردنی ناونیشانێكی وه‌كو (په‌یمانی نیشتمانی مه‌زن له پێناو سه‌ربه‌خۆی‌و دیموكراسی و چاكسازیدا)یش، بۆ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی چاوه‌ڕێ‌ی ده‌كرێت بێته دی، به مه‌به‌ستی سه‌رنجڕاكێشانه بۆ گه‌وره‌یی ئه‌ركه‌كان‌و، مێژوویی بوونی ده‌رفه‌ته‌كان‌و، ره‌هه‌نده‌كانی به‌یه‌كه‌وه كاركردن‌و به‌ركه‌وته‌كان.
هه‌وڵیش ده‌ده‌م بیروڕاكان كه له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا له بۆنه‌ی جیاواز‌و به شێوه‌ی جۆراوجۆر، نوسیومن و ده‌رمبڕیون، له‌م پرۆژه‌دا پوختبكه‌مه‌وه و ئاراسته‌ی به‌ڕێزتانی بكه‌م، به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌مووان به‌رامبه‌ری كراوه بن‌و بتوانێت ببێت به ره‌شنوسی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی جدی به‌رفراوان.
یه‌كه‌م/ تایبه‌تمه‌ندی دۆخی كوردستانی باشوور و هاوكات بوونی ئه‌ركه‌كان
مه‌به‌ستم له‌مه ئه‌وه‌یه كه زۆرێ له میلله‌تان، هاوشێوه‌ی ئێستای گه‌لی كوردستانی باشوور به حوكمی واقیع‌و مێژووه‌كه‌ی، كۆمه‌ڵێ ئه‌ركی جیاوازیان له‌یه‌ك ساته‌وه‌ختی مێژوویدا روبه‌ڕوو نه‌بۆته‌وه.
بۆ نموونه چه‌ندان نه‌ته‌وه سه‌ره‌تا له رووی نه‌ته‌وه‌ی یه‌وه خۆیان دامه‌زراندووه‌و، دواتر خه‌بات بۆ سیستمێكی دیموكرات‌و چاكسازی هاتۆته كایه‌وه. به سیفه‌تی چاودێرێكی دۆخه‌كه‌ش هه‌ست ده‌كه‌م به‌شێك له هه‌ڵه‌و لێتێكچوونی هه‌ندێ له هێزه‌كان‌و خراپ حاڵیبوونی نێوان لایه‌نه‌كان، له‌م خاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . واته له نه‌بوونی دیدێكی هاوبه‌شی نیشتمانیی رێكه‌وتن له‌سه‌ركراو، له‌سه‌ر وه‌سفی واقیع‌و قۆناغ‌و ئه‌ركه‌كان‌و، دیاریكردنی ده‌سته‌جه‌معی‌و هاوبه‌ش‌و نیشتمانی (أولویات)ه‌كان و، ته‌ریبی‌و یه‌كتر ته‌واوكردنی به‌ركه‌وته‌كان. چونكه ئه‌گه‌ر هێزێك ئه‌وله‌ویه‌ت به پرسه نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه بدات‌و، یه‌كێكی تر به چاكسازی‌و، ئه‌وی دی به دیموكراسی‌و، خه‌ڵكانێكی تریش به ناسنامه، به‌تایبه‌تیش ناسنامه‌ی ئیسلامی، نه‌ك هه‌ر شڵه‌ژان له كاری نیشتمانیدا دروست ده‌بێت، به‌ڵكو مه‌ترسی، به‌ریه‌ككه‌وتنی هێز‌و ستراتیژ‌و (أولویات)ه‌كانیش دێته كایه‌وه. تاكه چاره‌سه‌ر بۆ روونه‌دانی ئه‌و دۆخه‌ش، خه‌مڵاندنی دیدی هاوبه‌شی نێوان هێز‌و ته‌وژم‌و پێكهاته‌كانه، بۆ دیاریكردنی (أولویات)ی هه‌ر قۆناغێك‌و، چۆنیه‌تی خه‌باتكردن بۆ ئامانجه‌كانی تر. له‌و سۆنگه‌وه كه واقیعی كوردستان‌و، سروشتی هێزه‌كانی و ئامانجه‌كانیان وپێویستیه‌كانی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌خوازن، دیاریكردنی (أولویات)ی قۆناغ یه‌كسان نه‌بێت به سڕكردن‌و فه‌رامۆشكردنی ئه‌ركه‌كانی تر. ئه‌م دیده هه‌مه‌لایه‌نه ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌و راستی یه‌ش كه پێشكه‌وتن له هه‌ر كایه‌یه‌ك و به‌دیهێنانی ئه‌ركێ له ئه‌ركه‌كان، ده‌چێته خزمه‌ت ئامانج‌و به‌ركه‌وته‌و ئه‌ركه‌كانی تره‌وه، به‌ڕای ئێمه ئه‌وه‌ی وتمان ئه‌و سه‌ره‌تا وه‌سفی‌و ده‌روازه‌یه، كه ده‌بێت لێوه‌ی بچینه ژوره‌وه و، له‌وێوه پرسی سازانی نیشتمانی‌و كه‌ڵه بوونی هێزی نه‌ته‌وه‌یی تاو‌وتوێ بكه‌ین. ئێمه پێمان وایه ده‌بێت (أولویات) له‌م قۆناغه‌دا بۆ مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه وسه‌ربه‌خۆیی بێت، له هه‌مان كاتدا، پرسی دیموكراتیزه‌كردنی زیاتری ده‌سه‌ڵات‌و چاكسازی‌و ناسنامه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵیدا بچنه پێش. به‌ڵام له‌و سۆنگه‌وه كه دیاریكردنی ناسنامه به كێشه‌یه‌كی گه‌وره نابینم‌و له بنه‌ڕه‌تدا كۆده‌نگی هێزه‌كانی له‌سه‌ر بووه‌و، گه‌ر دووباره گفتوگۆیه‌كیش هه‌بێت، ده‌توانرێ بگه‌ینه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. ئه‌م پرسه وه‌ك سێ پرسه‌كه‌ی تر ناكه‌ین به ناونیشانێكی سه‌ربه‌خۆ.
دووه‌م/ پێویستی كوردستان به گفتوگۆیه‌كی راشكاو‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌و دڵسۆزانه‌و بوێرانه له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان‌و سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵانه‌ی بونه‌ته جێگای ناكۆكی، یاخود رای جیاوازیان له‌سه‌ره . مه‌به‌ستم له‌م ناونیشانه‌ش تێپه‌ڕاندنی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه :
1. كۆبوونه‌وه فه‌رمی‌و كڵێشه‌یی‌و پرۆتۆكۆلیه‌كان. كه پێدانی زانیاری گشتی‌و موجامه‌له‌و، ناڕاشكاو بوونیان به‌سه‌ردا زاڵه، نه‌ك گفتوگۆیه‌كی فكری‌و سیاسی جدی.
2. له‌گه‌ڵا خۆ قسه‌و مه‌نه‌لۆج كردن‌و له بری به‌رامبه‌ر بیركردنه‌وه‌و وێناكردن‌و لێكدانه‌وه‌و داوه‌ری كردن‌و له رێ‌ی راگه‌یاندن‌و لێدوانی سیاسی یه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا یه‌ك كردن.
3. سات‌و سه‌ودای ژێربه‌ژێر‌و قه‌ول به یه‌كدی دان‌و، یه‌كتر رازیكردنی حزبی .
4. به بڕوای ئێمه تاكو ئێستا له كوردستاندا گفتوگۆیه‌كی راسته‌قینه‌ی فكری‌و سیاسی جدی ئه‌نجام نه‌دراوه. هه‌ر بۆیه كێشه‌كان ناخرێنه سه‌ر پلێت‌و، چاره‌سه‌ره‌كان كاتین‌و، به‌دگومانی یه‌كان درێژه‌یان هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت واتای ئه‌م قسانه ئه‌وه نی یه كه هه‌ر به‌ده‌ستكردن به گفوگۆی ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه گفتوگۆ زه‌مینه ساز ده‌كات بۆ :
(1) رێكه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌كان و پێناسه‌كردنیان.
(2) ناسینی زیاتری بار‌و سه‌رنجی یه‌كتر.
(3) دروستبوونی متمانه‌یه‌كی زۆرتری نێوان لایه‌نه‌كان.
(4) دروستبوونی له‌یه‌كتێگه‌یشتنێكی زیاتر.
(5) زیاتربوونی گیانی هاوچاره‌نووسی‌و هه‌ستی ئه‌رێنی .
(6) مه‌شقكردن له‌سه‌ر هه‌وڵی هاوبه‌ش بۆ گه‌یشتنه چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش.
(7) قوڵكردنه‌وه‌ی زیاتری یه‌كتر قبوڵكردن.
(8) كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژی‌و نائومێدی یه‌كان.
(9) به‌هێزكردنی كلتووری گفتوگۆ وه‌ك شێوازێكی شارستانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
(10) په‌له‌نه‌كردن له بڕیاردان‌و دووركه‌وتنه‌وه له كار‌و كاردانه‌وه و گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و سه‌پاندنی فۆرم‌و چاره‌سه‌ره‌كان.
(11) خه‌مڵاندنی كه‌شێكی هێمن بۆ بیركردنه‌وه‌ی ئارام‌و تاو‌وتوێكردنی بژارده جیاوازه‌كان.
(12) قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی رێزگرتن له فره‌یی و كێ‌بڕكێ‌ی مه‌ده‌نی و دووركه‌وه‌تنه‌وه له ململانێ و یه‌كتر به دوژمن كردن .
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه بیرهێنانه‌وه‌ی به‌شێ له فه‌زیله‌ته‌كانی گفتوگۆی سیاسی و راشكاو‌و جدی بوون.
نابێت له بیریشمان بچێت بوون و نه‌بوونی گفتوگۆ به ناوه‌رۆكه راسته‌قینه‌كه‌یه‌وه ئاماژه‌یه به :
(أ) گه‌شه‌كردنی ژیاری‌و ئاستی ئاماده‌یی به‌ها شارستانه یه‌كان.
(ب) بوون‌و نه‌بوونی سیاسه‌ت وه‌ك چه‌مكێكی مه‌ده‌نی و فۆرمێ بۆ به‌یه‌كه‌وه ژیانی ئاشتیخوازانه‌و كاری هاوبه‌ش‌و قبوڵكردن‌و به عه‌قڵانی كردنی جیاوازی یه‌كان.
به‌شێ له كێشه‌كانی رابردووی ئێمه‌ش لاوازی‌و كه‌می گفتوگۆ‌و بوونی عه‌قڵێكی سیاسی نیشتمانی بووه، كه گفتوگۆكردن پێكهاته‌و ئامرازێكی گرنگی سیاسه‌ت كردنی بێت‌و، له قوڵایی یه‌وه له بایه‌خی ئه‌م فه‌زیله‌ته تێگه‌یشتبێت.
نه‌بوونی گفتوگۆ له رابردوو و ئێستاشدا زیانی زۆری لێداوین و ده‌رفه‌تی زۆریشی له‌ده‌ست داوین، چونكه له ئاراده‌نه‌بوونی عه‌قڵی گفتوگۆی شارستانی و نیشتمانی، چه‌نده‌ها ده‌رهاویشته‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له‌وانه‌ش:
1. مانه‌وه‌ی به‌دگومانی یه‌كان و له دووره‌وه وێنه له‌یه‌ك گرتن .
2. به‌ڕواڵه‌ت كار له‌گه‌ڵا یه‌ك كردن‌و له جه‌وهه‌ر‌و واقیعدا لێكجیابوون و به‌رامبه‌ر یه‌ك به‌دگومان بوون.
3. كاركردن به ستراتیژی ناستراتیژی به‌ڕێوه‌بردنی رۆژانه‌ی كاره‌كان.
4. زه‌مینه‌سازكردن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ست‌و هه‌ناسه‌ی خراپ‌و نه‌رێنی.
5. ده‌رگاكردنه‌وه بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی.
6. نه‌خه‌مڵینی ناسنامه‌یه‌كی نیشتمانی یه‌كگرتووی به‌هێزی وا، به‌رگه‌ی هه‌ڵكشان‌و داكشانه سیاسیه‌كان بگرێت.
بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه، دابڕانێك له‌گه‌ڵا قۆناغی رابردوودا ده‌ست پێبكه‌ین. ناونیشانی گه‌وره‌ی ئه‌و دابڕانه‌ش ده‌ستكردنه به گفتوگۆیه‌كی راشكاوانه‌و هه‌وڵدان بۆ به كلتور كردنی.
چونكه ئه‌گه‌ر له رابردوودا شه‌ڕمان له‌گه‌ڵا یه‌ك كردووه، وڵاتمان دابه‌ش كردووه‌و، دوژمنانمان دژ به‌یه‌ك به‌كار هێناوه‌و، دام‌و ده‌زگا هاوبه‌شه‌كانمان لاوازبوون، هۆكارێكی گرنگی ئه‌و دۆخه له سۆنگه‌ی لاوازی گیانی گفتوگۆ‌و، وه‌لانانی ئه‌م رێكاره ئه‌خلاقی‌و شارستانی یه مه‌زنه‌وه بووه، بۆ وه‌گه‌ڕخستنی هه‌وڵی هاوبه‌ش له پێناو گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی یه‌كان‌و ته‌ریب كردنی جیاوازی یه‌كان. گرنگیشه به ئاقاری ناوخۆماندا گفتوگۆ تاقه رێگامان بێت بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا یه‌كتر كردن‌دا. بڕیاره‌كان‌و، به‌كارهێنانی كه‌مینه‌و زۆرینه‌و، گه‌یشتنه سازان، چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كان بكه‌وێنه دوای گفتوگۆوه.
ره‌نگه لێره‌شه‌وه پرسیارێك بێته پێشه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه گفتوگۆ له‌سه‌ر چی؟
له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین به گشتی گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو شتێ جگه له چه‌سپاوه‌كان. به‌ڵكو بۆ ئێمه گفتوگۆ له‌سه‌ر دیاریكردنی ده‌ستووری‌و نیشتمانی‌و ئه‌خلاقیی چه‌سپاوه نیشتمانی‌و سیاسی و رۆحیه‌كانیش، له سۆنگه‌ی نه‌بوونی ده‌ستووره‌وه پێویسته..
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كانمان چوارچێوه‌دار بكه‌ین‌و زیاتر خزمه‌ت به ئێستا و ده‌رچوون له‌وقه‌یرانه‌ی ئێستای هه‌رێم بكه‌ین، پێم وایه هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تاوه وتمان (3)پرس‌و به‌ركه‌وته‌ی گرنگ له‌م قۆناغه‌دا هه‌ن كه پێویسته گفتوگۆی جدی‌و راشكاو‌و قوڵیان له باره‌وه بكه‌ین‌و هه‌وڵده‌ین له‌باره‌یانه‌وه بگه‌ین به رێكه‌وتن، كه هه‌وڵا ده‌ده‌ین له خواره‌وه به‌دوای یه‌كدا باسیان بكه‌ین .
یه‌كه‌م / مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه و به‌ركه‌وته‌ی قۆناغه‌كه له‌م روه‌وه كه له دیاریكردنێكی ئازادانه‌ی مافی چاره‌نووس و گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆییدا به‌رجه‌سته ده‌بێت .
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له چوارچێوه‌ی موزایه‌ده‌و كار‌وكاردانه‌وه‌ی حزبی ده‌ربچێت‌و، بۆ هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك نه‌بێت به هه‌ر ئاراسته‌یه‌كدا بێت، وه‌ك كارتی سیاسی دژ به‌وانی تر به‌كاری بێنێت، به سیفه‌تی ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له چه‌سپاوه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كان و، ده‌بێت له سه‌روو موزایه‌ده‌كردن‌و، به ئامرازكردنی له ململانێ‌ی حزبی‌و سیاسیی یه‌كاندا بێت. ئه‌م داوا‌و وه‌سفكردنه‌ش له دوو خاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت:
(أ) بڕوابوون به‌وه‌ی ده‌رفه‌تێكی مێژوویی ده‌گمه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و مافه له كوردستانی باشوردا هاتۆته كایه‌وه‌و نابێت له‌ده‌ست بدرێت .
(ب) نه‌بوونی دید‌و تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و پرۆژه‌و نه‌خشه‌رێگایه‌كی سازان له‌سه‌ركراوی نیشتمانی، كه ئه‌وه‌ش بۆته هۆی:
1. سه‌یركردنی پرۆژه‌كه له‌لایه‌ن هه‌ندێ كه‌س‌و هێزه‌وه وه‌ك هه‌وڵی لایه‌نێكی دیاریكراو بۆزیاتر هه‌ژموون په‌یداكردن .
2. سه‌یركردنی ئه‌م ئامانجه له روانگه‌ی چاره‌نووس‌و به‌لاداخستنی ئه‌و ململانێ حزبی‌و سیاسی یه‌ی زیاتر له په‌نجا ساڵه به‌رده‌وامه.
3. نه‌بوونی دیدی هاوبه‌ش بۆ دیاریكردنی قه‌واره‌ی ده‌رفه‌ت‌و، ته‌حه‌دا‌و، ده‌رهاویشته‌و پێداویستیه‌كانی هه‌نگاوه‌كه.
4. گومان دروستكردن له‌سه‌ر یه‌كتر‌و هه‌ندێ جار له‌سه‌ر خودی به‌ركه‌وته‌كه‌و بوونی ده‌رفه‌تێكی راسته‌قینه بۆ به‌دیهێنانی.
5. ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی ئه‌و به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی هێزه‌كان له‌گه‌ڵا ده‌ر‌و دراوسێكانی هه‌رێم‌و ده‌روبه‌ر‌و، دۆسێ ناوخۆكان .
بۆیه ناتوانین بڵێین ئه‌م پرسه تاكو ئێستا بۆته پرسێكی نیشتمانی‌و هاوبه‌شێكی چه‌سپاو و سازان له‌سه‌ركراوی لایه‌نه بنچینه‌یی یه‌كان‌و پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان.
كاره‌ساتیش له‌وه‌دایه له‌لایه‌ن زیاد له هێز‌و ناوه‌ندێكه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی مه‌زنی به‌م جۆره تێكه‌ڵا به دۆسێ‌ی كه‌سه‌كان بكرێت، سوچی هه‌موو ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بابه‌ته نه‌بۆته ته‌وه‌ره‌ی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی كراوه و، نیگه‌رانی‌و پرسیاره‌كان له‌م روه‌وه نه‌ڕه‌وێنراونه‌ته‌وه وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه .
به‌شێ له‌و شتانه‌ی له‌م روه‌شه‌وه ده‌بێت گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرێت‌و رێكه‌وتنیان له باره‌وه ئه‌نجام بدرێت ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1. وه‌سفكردنی قۆناغه‌كه له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و، خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و كوردستانی باشوور، چی گۆڕاوه‌و ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له رابردوودا رێگربوون له گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی چی بوون‌و، ئێستا چه‌ندیان ماوه‌و، چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵا بكرێت‌و له كاریگه‌رییان كه‌م بكرێته‌وه؟
2. رێكه‌وتن له‌سه‌ر وه‌سفكردنی دۆخی ئێستای عێراق.
وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیاری، داخۆ عێراق وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر زه‌وی واقیعدا كۆتایی پێ هاتووه و ته‌واو بووه؟ ئایا هیچ شانسێ بۆ دووباره بیناكردنه‌وه‌ی ماوه؟ ئه‌گه‌ر مابێت ئێمه جارێكی تر بچینه‌وه ژێر ئه‌و باره‌و به‌رژه‌وه‌ندیمان له‌وه‌دایه؟ شێوازه‌كانی دابه‌شبوون و كۆتایی هاتنی به ته‌واوی‌و فه‌رمی عێراق چین‌و كامانه‌ن‌و، كامه‌یان بۆ ئێمه گونجاوه؟
3. دیاریكردنی دید‌و سیناریۆ بۆ كاردانه‌وه پێشبینی كراوه‌كانی وڵاتانی ده‌ر‌ودراوسێ‌ی هه‌رێمه‌كه له كاتی هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌دا‌و، ئاستی پشتیوانی وڵاتانی جیهان؟ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و...هتد .
4. پێداویستنی یه ناوخۆیی یه‌كانی هه‌رێم له په‌یوه‌ندی به زه‌مینه‌سازكردنی بۆ هه‌نگاوێكی له‌و جۆره.
5. وه‌سفكردنی واقیعی ئێستای ناوچه كوردستانی یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم دوای شه‌ڕی داعش‌و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌یان له‌لایه‌نه هێزی پێشمه‌رگه‌وه .
هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ مادده‌ی (140) به‌ڵكو بۆ خودی ده‌ستووری عێراق كه ئایه گۆڕانكاری یه‌كانی تێینه‌په‌ڕاندووه وبه‌كه‌ڵكی ئه‌وه ماوه ئێمه خه‌ونه‌كانی خۆمان له‌و چوارچێوه‌دا قه‌تیس بده‌ین ؟
ئایه ئه‌م دیفاكتۆیه جارێكی تر ده‌خرێته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵا عێراق وه‌ك جاری جاران یاخود له‌ڕێ‌ی راپرسی یه‌وه روپۆش‌و ره‌وایه‌تی یه‌كی سیاسی و یاسایی بۆ په‌یدا ده‌كرێت .
6. رێكه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی رۆڵی هێزه‌كان و ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ر گومانێك له باره‌ی ئه‌وه‌ی لایه‌نێكی دیاریكراو پرسی سه‌ربه‌خۆیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆی بیقۆزێته‌وه و، سه‌یركردنی وه‌كپرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی مه‌زن.
7. رێكه‌وتن له‌سه‌ر قۆناغی دوای سه‌ربه‌خۆ بوون و وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیار‌و نیگه‌رانیانه‌ی تایبه‌تن به‌و قۆناغه‌وه.
به وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه‌و رێكه‌وتن له‌سه‌ر گه‌یشتن به تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و رێكه‌وتن ده‌رباره‌یان ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی:
(أ) ستراتیژی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستان له باشووری كوردستان ده‌گۆڕێت بۆ كۆنفیدراڵی یاخود سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو، واته له‌سه‌ر ئه‌م گۆڕینه رێكده‌كه‌وین‌و هه‌موومان به‌رگری لێده‌كه‌ین‌و كاری بۆ ده‌كه‌ین. چونكه به‌ره‌نجامی رێكه‌وتنی ناوكۆیی هه‌مووانه .
(ب) خه‌مڵاندنی نه‌خشه‌رێگایه‌ك بۆ چۆنیه‌تی هه‌نگاونان‌و، دیاریكردنی میكانیزمه‌كان‌و، دابه‌شكردنی رۆڵه‌كان‌و، ده‌ستنیشانكردنی تاكتیك و ئامانجه قۆناغیه‌كان‌و، چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكان‌و روبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵا ده‌رهاویشته‌و ته‌حه‌داكان.
(ج) له دوای په‌رله‌مان سه‌رۆكی هه‌رێم به حوكمی پێگه‌كه‌ی ده‌بێته زمانحاڵی پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی سازان له‌سه‌ركراو و نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م هێز‌و پێكهاته‌كان ده‌كات.
دوای ئه‌م رێكه‌وتنه ره‌خنه‌گرتنی سیاسی هێزه‌كان ده‌رباره‌ی خودی ئامانجه‌كه‌و، باسكردن له‌وه‌ی كاتی نی یه و، سه‌ركێشی یه‌و، موزایه‌ده‌ی سیاسی یه، كۆتایی پێ ده‌هێنرێت‌و، ره‌خنه‌ی سیاسی بۆ هێزه سیاسی یه‌كان (نه‌ك نوسه‌ر‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی) . ده‌چێته بواری :
أ. میكانیزمه‌كان و قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ركه‌وته‌ی نوێ‌ی پێشبینی نه‌كراو، ئه‌ویش به گیانی موزایه‌ده‌و یه‌كتر تۆمه‌تباركردنه‌وه نا.
ب. ساردی‌و سڕی‌و خاو‌وخلیچكی له چوون به‌ده‌م ئاماده‌كردنی پێداویستی یه‌كانی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كه‌و، قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان .
ج. پێشێلكردنی ئه‌وه‌ی رێكه‌وتنی له‌سه‌ركراوه له‌لایه‌ن هێزێكی سیاسی دیاریكراوه‌وه.
به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ره‌خنه‌كان نابێت ببن به‌هۆی گومان دروستكردن له‌سه‌ر خودی ئامانجه‌كه، به‌ڵكو ده‌بێت بچنه خزمه‌ت به‌دیهێنانی یه‌وه.
له‌ماوه‌ی كاركردن بۆ گه‌یشتن به‌م رێكه‌وتنه (كه واباشه كاتێكی بۆ دیاری بكرێت) هه‌وڵی سوودوه‌رگرتن له ڕا‌و بۆچوونی ده‌سته‌بژێری فكری و ئه‌كادیمی‌و ئاینی‌و سه‌ربازی‌و ئابوری و سیاسی بێ‌لایه‌ن بدرێت، ده‌كرێت له‌م روه‌شه‌وه جگه له دیاریكردنی رێكار بۆ گه‌یاندنی بۆچوونه‌كان‌و بوونی نوسینگه‌و لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی دیاریكراو، یاخود سكرتاریه‌تێك بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م بۆچوونانه، هه‌وڵبدرێت چه‌ندین كۆنفرانسی زانستی و مێزگرد و ۆركشۆپ‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و راپرسی له‌و باره‌یه‌وه ئه‌نجام بدرێت‌و، به‌ره‌نجامه‌كانیان بگات به ده‌ستی بڕیاربه‌ده‌سته سیاسی یه‌كان.
دوای ته‌واو بوونی گفتوگۆكان و گه‌یشتن به رێكه‌وتنیش ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه بنرێ:
1. په‌سه‌ند كردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه.
2. په‌سه‌ندكردن‌و بڕیار پێده‌ركردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه.
3. گرێدانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی پارچه‌كانی كوردستان‌و خزمه‌تكردنی ئه‌م پرسه له ئاسته نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌دا.
4. كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵا زانایانی ئاینی، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و نوسه‌ر و روناكبیران، بۆ ئه‌وه‌ی ببن به به‌شێ له به‌جه‌ماوه‌ری كردن‌و به ئامانج كردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی .
5. دیاری كردنی میكانیزمێ بۆ به‌دواداچوونی گۆڕانكاریه‌كان‌و لێكدانه‌وه‌یان، كاری دبلۆماسی‌و په‌یوه‌ندی‌و راگه‌یاندن‌و لۆبی‌و .. هتد.
به‌م جۆره سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت به ئامانج‌و بڕیاری هه‌مووان، سه‌روه‌ریه‌كه‌ی بۆ هه‌مووان‌و، لێپرسراوێتی له ئه‌ستۆ گرتنی هاوبه‌شیش به‌رامبه‌ر دابین كردنی پێویستی‌و روبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی ده‌رهاویشته‌كانی دێته‌كایه‌وه.
دووه‌م/ پرسی دیموكراسی
ره‌هه‌ندێكی تر كه پێویستی به گفتوگۆ و رێكه‌وتن له‌سه‌ر كردنه، جۆری سیستمی سیاسی‌و، گه‌شه‌دانه به ئه‌زموونی دیموكراسی باشوری كوردستان‌و لابردنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌و، خستنه‌سه‌ر ره‌وتی به‌ره‌وپێشچونی سروشتی خۆی.دیموكراسی له ئێستادا خواستێكی هێزه‌كانه‌و ره‌خنه‌یه‌كی زۆریش له‌سه‌ر سیسته‌مه سیاسیه‌كه‌ی هه‌رێم هه‌یه كه‌به گوێره‌ی پێویست دیموكراسی نیه، چونكه دیموكراسی سیفه‌ت نیه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵی پێوه‌رو به‌هاو ده‌سته‌به‌ریه، كورته‌ی قسه له‌م رووه‌وه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌زمونی ئێمه له‌رووی دیموكراسیه‌وه، له‌ژێر پرسیاری جۆراو جۆردایه، پێویستی به‌دووباره بیناكردنه‌وه‌و، گه‌شه‌پێدان‌و نوێكردنه‌وه‌و پێشخستن هه‌یه، ئه‌م پرسه‌ش له ساڵانی رابردوو به تایبه‌تیش دوای سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزسیۆن، له ژیانی سیاسی دا، بووه به‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی ململانێ ی سیاسی.
پرسی دیموكراسی و به‌ربه‌رسته‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی‌و ئاسۆكانی پێشخستنیشی، له‌سه‌ر دوو ئاست پێویستی به دووباره تێڕامان‌و، قسه‌لێكردن‌و رێكه‌وتن هه‌یه:
یه‌كه‌م/ ئاستێكی گشتی، كه‌مه‌به‌ست له ئاستی گشتی لێره‌دا، ئه‌و به‌ربه‌رستانه‌یه، كه ته‌نها تایبه‌ت نین به كوردستانی باشوره‌وه، به‌ڵكو خاڵی هاوبه‌شی نێوان چه‌ندین گه‌ل‌و وڵاتی تری هاوشێوه‌ی ناوچه‌كه‌و جیهانه، كه ده‌كرێت كێشه‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی دیموكراسی له‌م رووه‌وه له چه‌ند خاڵێكدا كورت بكه‌ینه‌وه:-
1. نه‌وتی بوونی وڵات و بوونی ئابووری تاك ره‌هه‌ندو هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌م واقعه ده‌كه‌وێته‌وه بۆ سه‌رخه‌مڵینی چه‌مكی هاوڵاتی‌و، ئۆپۆزسیۆن‌و، په‌یوه‌ندی نێوان بازاڕ‌و ده‌سه‌ڵات، به‌حوكمی تاك ره‌هه‌ندبوونی ئابووری‌و نه‌وتی بوونی كوردستانی باشور.
2. پاشخان شۆڕشگێڕی‌و عه‌قڵی شۆڕشگێڕ‌و كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی له رابووردوودا رێبه‌رایه‌تی شۆڕشی چه‌كداریان كردووه.
كه‌له چه‌نده‌ها وڵات‌دا بوونه‌ته كێشه‌و ده‌ركه‌وته‌ی جۆراوجۆری له په‌یوه‌ندی به شێواندنی ئه‌زموونی دیموكراسی یه‌وه لێكه‌وتۆته‌وه.
3. نوێ نه‌بوونه‌وه‌ی فۆرمی حیزبی‌و كه‌م توانایی مۆدێله حیزبه مێژوویی یه باوه‌كان، بۆ چاكسازی‌و نوێ بوونه‌وه‌و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌ركه‌كانی قۆناغی بیناكردنی سیستم‌و چه‌سپاندنی پێوه‌رو به‌ها دیموكراسی یه‌كان، له‌و سۆنگه‌وه كه حیزبه ته‌قلیدی‌و مێژوویی یه‌كان بۆ ئه‌و ئه‌ركانه به‌دینه‌هاتوون كه‌له ئێستادا رووی تێكردوون.
4. كێشه‌ی كلتور به ئاست‌و ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی یه‌وه‌و به تایبه‌تیش كلتوری سیاسی.
5. ئاستی گه‌شه‌كردنی شارستانی‌و شكڵگرتنی چینی مام ناوه‌ندو كامڵ نه‌بوونی مانای ده‌وڵه‌ت به‌ڕووی ناوخۆدا، له‌ئه‌زموونی كوردستانیشدا نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت‌و لاوازی ناسنامه‌ی نیشتمانی.
ئه‌م سه‌رنج راكێشانه‌م بۆ ئه‌وه‌بوو، كه‌بۆ مه‌سه‌له‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر دیموكراسی‌و چۆنیه‌تی گه‌شه پێدانی له وڵاته‌كه‌ماندا، نابێت چاومان ته‌نها له‌سه‌ر ململانێ حیزبی‌و سیاسی یه رۆژانه‌ییه‌كان بێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستی تر لێ ی بڕوانین‌و، ده‌ست له‌سه‌ر ره‌گ‌و ریشه‌و ماكی كێشه‌كان‌و، چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركرنیان دابنێین.
دووه‌م/ ئاستی تایبه‌ت، یاخود ناوخۆ، مه‌به‌ست له‌م به‌شه رێگری‌و به‌ربه‌سته‌كانه، كه‌تایبه‌تن به واقیعی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی خۆمان‌و، ده‌بێت هێزه‌كان له‌به‌رامبه‌ریاندا خۆیان له به‌رپرسیاریه‌تی‌و لێپرسراوێتی له‌ئه‌ستۆگرتن نه‌دزنه‌وه، گه‌رچی له قوڵایدا ئه‌م ئاسته‌ش به‌جۆرێ له جۆره‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی بوون‌و ئاماده‌یی ئاستی یه‌كه‌مه، باس كردن له‌م ئاسته له‌وێوه گرنگی په‌یدا ده‌كات، كه واقیع ده‌به‌سترێته‌وه به ره‌فتارو بڕیاری هێزه سیاسیه‌كان‌و، ده‌سته‌بژێری سیاسی‌و، رێش ده‌گرێت له‌وه‌ی كێشه‌كانی دیموكراسی بخرێته ئه‌ستۆی هۆكاره بونیادیه‌كانه‌وه، به‌وه‌ش ئه‌ستۆپاكی نیشان بدرێت، به‌واتایه‌كی تر‌و له په‌یوه‌ندی به كوردستانه‌وه، ئه‌گه‌ر هێزه‌كان (به‌تایبه‌تیش پارتی‌و یه‌كیه‌تی وه‌ك دوو حیزبی حوكمڕانی ماوه‌ی پێشوو) به‌و جۆره ره‌فتاریانه نه‌كردایه كه‌كردیان‌و، شه‌ڕی ناوخۆیان نه‌كردایه‌و، هه‌رێمیان دابه‌ش نه‌كردایه‌و، له‌سه‌ر بناغه‌ی حیزبی په‌یوه‌ندیان به‌ده‌رودراوسێوه دیاری نه‌كردایه‌و، دام و ده‌زگاكانیان به حیزبی نه‌كردایه‌و، دامه‌زراوه نیشتمانیه‌كانیان لاواز نه‌كردایه‌و له‌گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌گلانایه، ئێستا ئه‌زموونی سیاسی هه‌رێم نه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵێ له كێشه‌كانی له‌كۆڵ بووبۆوه، به‌ڵكو گه‌شه‌یه‌كی زۆریشی كردبوو، خۆ ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ش بگێڕدرێته‌وه بۆ فۆرمی حیزبی باو و، پاشخانی شۆڕشگێڕی، دیسانه‌وه لێپرسراوێتی له‌ئه‌ستۆی ده‌سته بژێره فه‌رمان ره‌واكه كه‌م ناكاته‌وه، چونكه پێگه‌ی لێپرسراوێتی‌و ئه‌خلاقی حوكمڕانی، داوایان لێ ده‌كات ده‌ركیان به‌و هه‌قیقه‌ته بكردایه‌و، مۆدێلی حیزبی‌و حوكمڕانیان پێش بخستایه‌و، به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیان نه‌خستایه‌ته پێش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی یه‌وه.
له‌م ئاسته‌شدا پێویستمان به رێكه‌وتن له‌سه‌ر سیستم‌و لابردنی به‌ربه‌رسته‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی دیموكراسی هه‌یه، له‌م روه‌شه‌وه له په‌یوه‌ندی به هه‌وڵی هاوبه‌ش بۆ دیموكراسی یه‌كی گه‌شه‌كردووتر سه‌رنج بۆلای ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه راده‌كێشین:
أ. به‌ده‌ستور كردنی ژیانی سیاسی.
ب. رێكه‌وتن له‌سه‌ر دیموكراسی وه‌ك ئامانجی سیاسی هاوبه‌شی نێوان هێزه‌كان و سیفه‌تێكی بنچینه‌یی سیستم.
ج. رێكه‌وتن له‌سه‌ر جۆری سیستمی سیاسی له نێوان مۆدێله سیاسی یه‌كانی چوارچێوه‌ی ئه‌زموونه سیاسی یه دیموكراسی یه‌كانی جیهان.
د. ماف و ئازادی یه تاكه كه‌سی‌و گشتی یه‌كان.
ئه‌وه‌ی له‌م روه‌شه‌وه ده‌بێت له كوردستانی باشوردا ده‌بینرێت ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه:-
أ. ده‌ستكردن به نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورو پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له‌و باره‌وه.
ب. رێكه‌وتن له‌سه‌ر دیموكراسی‌و كۆماری و فره‌یی بوونی سیستم.
كێشه‌یه‌ك له‌م رووه‌وه هه‌ستی پێ بكرێت په‌یوه‌سته به‌دیاری كردنی پێگه‌ی ئیسلام‌و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی له ده‌ستوردا، كه‌پێم وایه له‌گه‌ڵ ناسكی‌و گرنگی ئه‌م بابه‌ته توانای زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌و گه‌یشتن به‌داڕشته‌یه‌كی سازان له‌سه‌ركراو هه‌یه، چونكه جیاوازی یه‌كان زۆر قوڵ و رادیكاڵ نین.
ج. رێكه‌وتن له‌سه‌ر سیستمی په‌رله‌مانی وه‌ك مۆدیلێك بۆ حوكمڕانی.
كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی نێوان هێزه‌كان‌و به تایبه‌تیش پارتی‌و هێزه‌كانی تر له‌م خاڵه‌دایه‌و پێشم وایه ئه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌شی كردووه به گرێ، له روێكی گرنگیدا رزگار نه‌بوونه له گرێ‌و پێوه‌ره‌كانی رابردوو.
له مه‌سه‌له‌ی خه‌بات بۆ دیموكراسه‌كی زۆرتر‌و (را‌شد) تردا گرنگه ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌مان له‌بیر بێت:
یه‌كه‌م/ ده‌وڵه‌ت چوارچێوه‌ی سروشتی گه‌شه‌كردنی دیموكراسی یه، لێره‌شه‌وه خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی باشوور جگه له‌وه‌ی ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی یه، به‌شێكی دانه‌بڕاو و بنچینه‌یی خه‌باتیشه له‌پێناو دیموكراسی یه‌كی گه‌شه‌كردوتردا، له‌م چوارچێوه‌شدا ده‌كرێت:
1. بیر له به‌كارهێنانی هه‌ندێ ره‌مز‌و هێز بۆ به‌هێزبوونی دیموكراسی بكرێته‌وه. كه هێنده‌ی به ره‌مزی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت به ره‌مزی دیموكراسی نه‌ناسراون.
2. رێكه‌وتن له‌سه‌ر مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌و سه‌ربه‌خۆیی به به‌شێك له رێكه‌وتن له‌سه‌ر گه‌شه‌دان به ئه‌زموونی دیموكراسی كوردستانی باشور دابنرێت، با به‌و ناوه‌شه‌وه نه‌بێت، مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه بازنه‌یه‌كی تری خه‌باتی ناوكۆیی و كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كان بێت .
به كورتی ده‌بێت خه‌بات بۆ دیموكراسی له‌گه‌ڵا خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی هاوته‌ریب بێت‌و، یه‌كتری ته‌واو و به‌هێز بكه‌ن .
دووه‌م / قۆناغه‌كه له هه‌ندێ روه‌وه حوكمی قۆناغی راگوزه‌ری هه‌یه وبه‌كرده‌وه‌ش له هه‌ردوو ره‌هه‌ندی دیموكراسی و نه‌ته‌وه‌یشه‌وه به‌و جۆره‌یه چونكه :
1. گه‌ر خۆمان هه‌بین له قۆناغی فیدراڵیه‌وه ده‌گوازینه‌وه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌ت بوون .
2. له قۆناغی بێ ده‌ستووری یه‌وه ده‌گوازینه‌وه به‌ره‌و قۆناغی بوونی ده‌ستوور و رێكه‌وتن له‌سه‌ر پایه‌كانی سیستم‌و، چوارچێوه‌كانی گه‌مه سیاسی یه‌كه.
3. به‌جێ هێشتنی قۆناغی حوكمڕانی دووپارتی به‌و شێوه‌ی له قۆناغی پێشوودا له ئارادا بوو به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی تری حوكومه‌ت كردن.
4. چوونه نێو ئاڵا و گۆڕی پارته سیاسی یه‌كان‌و سیستمی حزبی له‌سه‌ر ئاست‌و پله‌ی جیاوازدا.
دۆخی راگوزه‌ری یاخود شێوه‌ی راگوزه‌ری، یاخود دۆخی به‌ره‌و دیموكراسی چوون و ئاڵا‌و گۆڕه دیموكراسی یه‌كانیش، له دۆخی دوای شۆڕش ده‌چێت، به‌ڕێوه‌بردنی عه‌قڵانیانه‌ی سیاسه‌ت‌و په‌یوه‌ندی یه حزبی و سیاسی یه‌كان،عاقڵمه‌ندی‌و لێپرسراوێتی و سه‌لیقه به‌خه‌رجدانی ده‌وێت، هه‌روه‌ها قۆناغی راگوزه‌ری ئه‌رك‌و خه‌سڵًه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، له‌وانه‌ش:
1. له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێت رێكه‌وتن له‌سه‌ر سیستم و ده‌ستوور بكه‌وێته پێش كێ‌بڕكێ‌ی حزبی و سیاسی ئاسایی یه‌وه.
2. قۆناغه‌كه له په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له بنچینه‌یی یه‌كان‌و ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی ده‌ستوری‌و نیشتمانیان هه‌یه زیاتر پێویستی به دیموكراسی (توافق)ی‌و سازان هه‌یه‌و به‌رگه‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه و ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن ناگرێت.
چونكه :
(1) هێشتا دامه‌زراوه‌كان به‌هێز نین‌و به‌رگه‌ی ململانێ‌ی توند ناگرن .
(2) رێكه‌وتن له‌سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نوسساز‌و بنچینه‌ی یه‌كان به‌ته‌واوی شوێنی خۆی نه‌گرتووه.
(3) بوار بۆ دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی ره‌گه‌زه نادیموكراسی یه‌كانی قۆناغی پێشوو هه‌یه.
(4) مه‌ترسی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی له ئارادا ده‌بێت .
سێهه‌م / دروستبوونی ریزبه‌ندی (استقگاب)ی توند‌و دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا، پێچه‌وانه‌ی پێویستی یه‌كانی زه‌مینه سازكردنه بۆ دیموكراسی‌و چه‌ندین ره‌گه‌زی ناشارستانی وه‌كو، ده‌مارگیری و به‌سه‌رخۆدا داخرانی حزبی و سیاسی و ئایدۆلۆژی‌و، گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه و، لاوازبوونی له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن‌و گفتوگۆ و، به‌ره‌و سفرچوونی ململانێكان‌و، په‌لهێشتكردنی ده‌ستی ده‌ره‌كه‌یش، به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
كه به گشتی كۆمه‌ڵگه ده‌خه‌نه بازنه‌یه‌كی داخراو‌و نه‌زۆكی سیاسی یه‌وه و ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی توندوتیژی‌و بیركردنه‌وه له پاكتاوكردنی یه‌كدیش له ئارادا بێت.
چواره‌م / له واقیعی ئێمه‌دا هێشتا دام‌و ده‌زگا‌و ژێرخانه پێویسته‌كانی دیموكراسی به‌هێز نین‌و، ده‌بێت له‌م قۆناغه‌دا، هه‌وڵی بنچینه‌یی بۆ به‌هێزكردنی ئه‌م ژێرخانه‌و چاكسازی یه دیموكراسی یه‌كان بێت، نه‌ك كاركردن به رێسای (یان هه‌مووی یان هیچ).
چونكه له سایه‌ی نه‌بوونی كلتورێكی دیموكراسی به‌هێز‌و، ده‌سه‌ڵاتی حزبی‌و، لاوازی دام‌و ده‌زگا نیشتمانی یه‌كاندا، پێداگرتنی زیاد له پێویست له قۆناغی راگوزه‌ریدا، مه‌ترسی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و له‌بارچوونی زه‌مینه له‌ئارادا بووه‌كه‌ش دێنێته پێشه‌وه. به‌تایبه‌تیش كه مێژووی ئێمه به‌داخه‌وه مێژووی ململانێیه‌كی توند‌و بێ متمانه‌ییه‌كی قوڵی نێوان باڵه‌كانی ناسیونالیستی كوردی یه .
بۆ زیاتر روونبوونه‌وه‌وی ئه‌م خاڵه‌ش ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه بده‌ینه‌وه:
(أ) ئایه ئێمه له‌به‌رده‌م شۆڕشێكی دیموكراسیداین، یاخود چاكسازی دیموكراسی؟ چونكه شێوازی كاركردن بۆ گه‌یشتن به ئاڵا و گۆڕه دیموكراسی یه‌كان، له نێوانیاندا جیاوازن.
(ب) ئایه جیاوازی نێوان هێزه‌كان له‌ڕووی دیموكراسی یه‌وه جه‌وهه‌ریه‌و په‌یوه‌سته به ماهیه‌ت‌و چۆنیه‌تی پێكهاته‌ی هێزه‌كانه‌وه، یاخود به چه‌ندایه‌تی نێوانیانه‌وه؟ به‌واتایه‌كی تر داخۆ كێشه‌ی نادیموكراسی بوونی به‌شێ له سیستم له ئه‌ستۆی هێزێكی سیاسی دیاریكراودایه. یاخود كۆی هێزه‌كان لێپرسرراون‌و، هێزێ لێپرسراوێتی زۆرتری ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ؟ چونكه وێناكردنی سروشتی كێشه‌و ره‌گ‌و ریشه‌و ره‌هه‌نده‌كانی، پێشمه‌رجی چاره‌سه‌ركردنیه‌تی.
(ج) ئایه هه‌موو ئه‌و ململانێ یه‌ی به‌ناوی دیموكراسی یه‌وه ده‌كرێت، سه‌ر له به‌ری مه‌به‌ست تیایدا دیموكراسی یه، یاخود جۆره‌ها به‌رژه‌وه‌ندی‌و هه‌ستیاری‌و، به‌رژه‌وه‌ندی حزبی‌و سیاسی تێكه‌ڵاو بووه و، هێزه‌كان له‌م روه‌وه قابیلی رازی كردن‌و هه‌ڵوێست گۆڕین و سازش كردنن؟.
(د) ئایه له‌سایه‌ی لاوازی دام‌و ده‌زگاكان‌و بوونی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی‌و نوێنه‌بوونه‌وه‌ی فۆرمی حزبی، كه به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌مه‌لایه‌نه‌و نادیموكراته، زیاد له پێویست بردنه پێشه‌وه‌ی ململانێكان ده‌بێته هۆی هاتنه كایه‌ی دۆخێكی دیموكراسی تر؟، یاخود به پێچه‌وانه‌وه كێشه‌ی زۆرتری بۆ دروست ده‌كات‌و فۆرمه نادیموكراته كۆنه‌كانی ململانێ زیندوو ده‌كاته‌وه ؟
ئه‌وانه به‌شێكن له‌و پرسیارانه‌ی پێویسته پێش هه‌ر بڕیار وه‌رگرتنێك له‌م روه‌وه وه‌ڵام بدرێنه‌وه، بۆئه‌وه‌ی، خه‌بات بۆ دیموكراسی یه‌كی زیاتر، به‌ڕاستی ئامانجه‌كانی خۆی به‌دیبێنێت‌و، به‌رهه‌می پێچه‌وانه نه‌دات به ده‌سته‌وه‌و، نائومێدی و ئازار و ژواری بێ پاساوی لێ نه‌كه‌وێته‌وه .
پێنجه‌م / قۆناغی راگوزه‌ری یاخود شێوه‌ی راگوزه‌ری به‌رگه‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان‌و (تصفیه) حساباتی مێژوویی ناگرێت. به‌ڵكو ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه تێپه‌ڕاندنی ئه‌و مێژوو عه‌قڵیه‌ت‌و دۆخه ده‌خوازێت. وه نابێت هێزه‌كان بخرێنه به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ی واوه‌به‌رگه‌ی نه‌گرن‌و، هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه روون بێت چۆن ره‌فتار ده‌كه‌ن. بۆیه به‌ڕێكردنی ئه‌م قۆناغه ناسكه‌ی ژیانی سیاسی میلله‌تان له‌گه‌ڵا پێداگرتن له‌سه‌ر بژارده‌ی دیموكراسی پێویستی به هه‌ست به لێپرسراوێتی و دڵسۆزی‌و غه‌مخۆری‌و ئه‌خلاقیه‌تێكی سیاسی به‌رز هه‌یه.
مێژووی ئێمه به تایبه‌تیش له دوای شه‌سته‌كانه‌وه روونه و به چه‌نده‌ها خه‌سڵه‌ت‌و سیما ده‌ناسرێته‌وه، له‌وانه‌ش:
(أ) ململانێیه‌كی ناته‌ندروستی نێوان باڵه‌كانی كوردایه‌تی بۆ ده‌یان ساڵا، كه مێژوو، شه‌هید‌و، ره‌مز‌و، سه‌ركرده‌و، دروشم‌و یاده‌وه‌ری دابه‌شكردووه.
(ب) شه‌ڕێكی ناوخۆیی ده‌یان ساڵه، له‌سه‌ر نفوز و ده‌سه‌لات و ره‌وایه‌تی شۆڕشگێڕانه‌و پاره‌و سامان ( به‌تایبه‌تیش له په‌یوه‌ندی به‌دوای راپه‌ڕینه‌وه) له ئارادا بووه، كه هێشتا له رووی سایكۆلۆژی‌و سیاسی یه‌وه به ته‌واوی كۆتایی پێ نه‌هاتووه، بۆیه له هه‌ندێ كات‌و وێستگه‌دا هه‌ست ده‌كرێت سیاسه‌ت درێژه‌ی شه‌ڕه.
(ج) سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسیۆن‌و تێكه‌ڵا بوونی به بزوتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تی یه‌كه‌ی (71)ی شوبات و دواتر كاڵبوونه‌وه‌ی رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی‌و چه‌ندین شتی تر.،
ئه‌مه‌ش وای كردووه، متمانه‌ی به‌شێ له‌هێزه‌كان به یه‌كدی لاواز بێت‌و، هه‌ست بكه‌ن هێشتا ململانێ و هه‌ستیاری یه مێژووییه‌كان كۆتاییان پێ نه‌هاتووه هه‌ر ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات بگه‌ینه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه:
(أ) درێژه‌دان به‌و هه‌ستیاری‌و ململانێیه، دژ به به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كانی گه‌لی كوردستان‌و دیموكراسی یه‌كی گه‌شه‌كردووتره.
(ب) سه‌روبه‌ندی رێكه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستوور و پایه‌كانی سیستم‌و، له‌ده‌رگا دانی سه‌ربه‌خۆیی‌و پێنانه قۆناغێكی نوێ‌ی ئومێدبه‌خشتر، شوێنی یه‌كلاكردنه‌وه و به‌لاداخستنی یه‌كجاریی ئه‌و ململامێیه نیه.
به‌واتایه‌كی تر نابێت له ئه‌زموونی سیاسی ئێستای كوردستانی باشوور و هه‌رێمدا شه‌ڕ درێژكراوه‌ی سیاسه‌ت بێت، ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ی پاساو بێت، بۆ هیچ هێز‌و لایه‌نێك كه به‌م ناوه‌وه خۆی له ئه‌ركه دیموكراسی‌و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كانی قۆناغه‌كه بدزێته‌وه و پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردنی دیموكراسی په‌كخات .
كه‌واته ئه‌م قۆناغه له‌جیاتی ریزی یه‌كه‌م، یه‌كیه‌تی ریزه‌كانی له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگه‌كان پێویسته، مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌نووس‌و سه‌ربه‌خۆیی، دیموكراسی و چاكسازیی، سه‌قامگیری و به مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه مانه‌وه‌ی ململانێكان. به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی یه‌كسان بێت به سڕینه‌وه‌ی جیاوازی یه‌كان و كێ بڕكێ‌ی مه‌ده‌نی نێوان هێزه‌كان، چونكه گه‌ر فره‌یی و راجیاوازی و كێ‌بڕكێ له ئارادا نه‌بێت، بانگه‌شه بۆ یه‌كڕیزی له خودی خۆیدا بێ هوده ده‌رده‌چێت.
یه‌كڕیزی به‌كورتی رێكه‌وتنه له‌سه‌ر مه‌سه‌له نیشتمانی و بنچینه‌یی یه‌كان و، به ئاشتیخوازی هێشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هێزه‌كانه.
شه‌شه‌م/ ناكۆكی هێزه‌كان له په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی سیستم و دیموكراسی یه‌وه، لانی كه‌م له ئاستی تیۆریدا زۆر نیه :
1. هه‌مووان رازین به دیموكراسی بوونی سیسته‌م.
2. ماف و ئازادی یه گشتی یه‌كان.
3. رێزگرتن له ناسنامه‌ی ئیسلامی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه.
4. په‌رله‌مانی‌و كۆماری بوونی سیستمی سیاسی و مۆدێلی حوكمڕانی.
5. سیستمی ئابوری.
جیاوازی یه‌كی شایانی باس له‌م روه‌وه له ئێستادا په‌یوه‌سته به ورده‌كاری‌و مۆدێله‌كانی سیستمی په‌رله‌مانی یه‌وه، به‌شێكی مشت‌و مڕ‌و ململانێكانیش له‌م روه‌وه له‌سه‌ر میكانیزمه .
چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌ش راشكاوی‌و مرونه‌ت‌و سازانی پێویسته، بۆ ده‌ربازبوون له‌م كێشه پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت دان به حه‌قیقه‌تی كێشه‌كه‌دا وه‌ك خۆی بنێین‌و ناوی تری لێ نه‌نێین .
پارتی مه‌به‌ستی یه‌تی و ده‌خوازێت بارزانی له پێگه‌ی خۆی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم بمێنێته‌وه. روانگه‌شی له‌م روه‌وه نه‌ته‌وه‌یی یه نه‌ك دیموكراسی، یاساش پشتیوانی ناكات. واته ئه‌م هێزه پێ‌ی وایه ئێمه به‌ره‌و به‌ركه‌وته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گرنگ ده‌ڕۆین، كه سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستانه‌و، ئه‌م به‌ركه‌وته‌ش به زیاد له (اعتبار)ێك مانه‌وه‌ی بارزانی له پێگه‌كه‌ی خۆی ده‌خوازێت‌و، ناكرێت به ناوی دیموكراسی یه‌وه كه‌س له رووی ئه‌م خواسته‌دا بوه‌ستێته‌وه؟. له به‌رامبه‌ره‌وه هه‌ندێ له هێزه‌كانی تر له مه‌سه‌له دیموكراسی و یاسی یه‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن‌و، پێیان وایه یاسا رێگا به بارزانی نادات دووباره خۆی كاندید بكاته‌وه، له هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش كرایه‌وه و ئه‌و مافه به بارزانی به‌خشرایه‌وه ده‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی له‌ناو په‌رله‌مان بێت‌و ده‌ستكاری ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی بكرێت. به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئێستای هی سیستمێكی تێكه‌ڵاو یاخود په‌رله‌مانی لاده‌رن ئه‌و سازانه‌ی چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت نزیكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو دیده ده‌خوازێت. بۆ نموونه له سۆنگه‌ی ره‌چاوكردنی واقیعه‌كه‌و واقیعی هێزی به‌رامبه‌ره‌وه، له ئێستادا و له چوارچێوه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داوای ده‌ستبه‌جێ پیاده‌كردنی سیستمه په‌رله‌مانی یه‌كه نه‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه له ده‌ستووردا، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستانی باشوور به شێوه‌یه‌كی هارمۆنی تر‌و بێ كێشه‌تر بكه‌وێته سه‌ر ره‌وتی گه‌شه‌كردنی سروشتی خۆی‌و، ده‌ستووریش وه‌ك مه‌رجه‌عی به‌رجه‌سته‌كردنی رێكه‌وتن‌و سازانی لایه‌ن‌و پێكهاته و ته‌وژمه‌كان بێت.
ئه‌مه ناونیشانی كێشه