شوان عەتووف لە ئیتاڵیا خەڵاتێكی بەدەستھێنا
"ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی عەتووفە و بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، بە ئامادەبوونی ئەو سینەماکارە کوردە، لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" لە شاری رۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "کۆمەڵایەتی" فیستیڤاڵ بە عەتووف بەخشرا.
رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی دادوەران، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و بینەرانێکی زۆر، رۆژی ٢٨ حوزەیران/ یۆنیۆ ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە رۆما بەڕێوەچوو.
شوان عەتووف لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا گوتی: مێژووی ئەو تراژدیایانەی کە لە فیلمی "ماڵ و کلیل"دا باسی دەکەم ئەمڕۆش دووبارە دەبێتەوە. وڵاتەکەم ماڵێکە کە بە دوای کلیلدا دەگەڕێت.
ئەم سینەماکارە کوردە لە کۆتایی وتەکانیدا 11مین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی پێشکەش بە پێشمەرگە و شەڕڤانان و بەرخۆدانی کۆبانی کرد کە لە بەرامبەر ھێرشی دڕندانەی گرووپی داعش لەم شارەدا خۆڕاگریی و خەباتیی بێوێنەیان کرد.
لە درێژەی رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، ئامادەبووانی قەڵای "نۆتۆنۆ" بە چەپڵەکانی خۆیان پێشوازیی گەرمیان لە قسەکانی عەتووف کرد و خەبات و بەرخۆدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیان بەرز نرخاند و پشتگیریان بۆ قسەکانی ئەم سینەماکارە کوردە نیشاندا.
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە سێ بەشی پێشبڕکێی "کۆمەڵایەتیی"، "ئەنیمەیش" و "سەربەست" لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٨حوزەیران/ یۆنیۆ ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە ناوچەی نۆتۆنۆ لە شاری رۆما لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
"ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھان نمایشکراوە و ١١ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی شوان عەتووف، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" لە میانەی 68مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە فەڕەنسا نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک روانین"، بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی رەخنەگران"، بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" و بەشی "کورتە فیلم"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "فیلمە کلاسیکییەکان"، بەشی "سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ئێنگرید برێگمان"، بەشی "سینەمای جیھان لە کان" و چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی ١٤ تا ٢٤ی ئایار/ مایۆ ٢٠١٥ لە شاری بەندەری کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو
- See more at: http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=361770#sthash.aqEUjpGo.dpuf