وەزیری پەروەردە : ناھێلین گەمە بە چارەنووسی قوتابیان بکرێت

وەزیری پەروەردە : ناھێلین گەمە بە چارەنووسی قوتابیان بکرێت
ئەمرۆ پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پیشوازی لە کۆمەڵێک قوتابی پۆلی ١٢ ئامادەیی کرد کە بەمەبەستی نارەزایی دەربرین لە بەرامبەر ئاشکرابوونی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بەکالۆریا و بەکارھێنانی ئامێری بلوتوز لەبەردەم وەزارەت گردبوونەوە ..


لەراگەیندراوێکی وەزاەرتی پەروەردە کە لەپەیجی تایبەتی وەزارەتی بڵاوکراوتەوە تێیدا ھاتووە ..


ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٥/٦/٢٠١٥)ی زایینی کە دواھەمین ڕۆژی تاقیکردنەوە وەزارییەکانی وەزارەت بوو، بەڕێز (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان،سەعات ۲:٠٠ی نیوەڕۆ لەگەڵ ۳٠ نوێنەری قوتابیانی ناڕازی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی کۆ بووەوە.

سەرەتا ھەردوو نوێنەری ھەردوو ڕێکخراوی (کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان) و (یەکیەتی قوتابیانی کوردستان) کە وەک نوێنەر و ڕێنوێنیکەری قووتابییە ناڕازییەکان ھاتبوون، باسی خەمی قوتابییەکانی لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاو دەبنەوە کرد و دواتریش زۆرینەی قوتابییەکان ڕوانگە و ڕەخنە و دڵەڕاوکێیەکانی خۆیان لەسەر غەش و ئەسیلە و پێگوتنەوە ڕاستەوخۆ بە وەزیری پەروەردە ڕاگەیاند.

دواتر وەزیری پەروەردە سەرەڕای مووناقشە و دایەلۆگ و وەرگرتنی زانیاری لە قوتابییەکان گوتی: "ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراون و ئەنجام دەدرێن، لە سەرەتای خۆیدایە و زۆریشیان گەیشتوونەتە ئەنجام و ئەوەیش کەدەستی لەو دیاردە نەشیاوانە ھەبێت، دڵنیا بن ناھێڵین گەمە بە چارەنووسی یەک قوتابییەوە کرێت و ھەموو کەس مافی خۆی وەردەگرێتەوە."

سوپاسی قوتابییەکانی کرد و پێشی گوتن دەرگای وەزارەت بۆ ئێوە کراوەیە و "دڵنیا بن ئەوەی لە بەرژەوەندی ئێوە بێت ئێمە وا دەکەین."

قوتابییەکانیش سوپاسی وەزیریان کرد کە دەرگای بۆ واڵا کردوون بۆ ڕەخنەو پێشنیارەکنیان.
Top