ئه‌ستێره‌یه‌كی تایتانیك گیانی له‌ده‌ستدا

 ئه‌ستێره‌یه‌كی تایتانیك گیانی له‌ده‌ستدا
میدیاكانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا مردنی موزیسیانی فیلمی تایتانیك و ئاوازدانه‌ری گۆرانییه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌و فیلمه‌، جه‌یمس هۆرنه‌ریان به‌هۆی تێكشكانی فڕۆكه‌وه‌ له ‌باشووری ویلایه‌تی كالیفۆرنیا راگه‌یاند.

به‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاگركوژێنه‌وه‌ی ناوچه‌ی رووداوه‌كه‌، فڕۆكه‌كه‌ له‌ دارستانی لۆس پادریس له ‌باكووری شاری لۆس ئه‌نجلوس تێكشكاوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ئاگرێكی زۆریش له‌ دارستانه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌وه ‌و زیاتر له ‌دوو فه‌دان دره‌ختی سوتاندووه‌.

به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌وه‌ چه‌ندین ئه‌كته‌ری هۆڵیوود له‌وانه‌ روسڵ كرۆو كریستی ئالی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر پرسه‌ی خۆیان بۆ گیانله‌ده‌ستدانی هۆرنه‌ر راگه‌یاند كه‌ پێشتر هه‌ردوو گۆڤاری هۆڵیوود ریپۆرته‌ر و ڤاریتی بڵاویان كردبووه‌وه‌ كه ‌له‌ناو فڕۆكه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆیدا كوژراوه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ر رۆن هوارد رایگه‌یاند، هۆرنه‌ر كه‌ ئاوازدانه‌رێكی لێهاتوو هاوڕێی بووه ‌و له‌ حه‌وت فیلمیدا كاریكردووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی تراژیدی گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

هۆرنه‌ری ته‌مه‌ن 61 ساڵ ته‌نیا به‌هۆی فیلمی تایتانیكه‌وه‌ دوو خه‌ڵاتی ئۆسكاری بردووه‌ته‌وه‌. یه‌كێكیان به‌هۆی موزیكی فیلمه‌كه‌وه‌ بووه‌ و ئه‌وی تری به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وێڵ جێنینـز نووسه‌ری تێكستی گۆرانیی (My Heart Will Go On)ه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سلیندیۆن ده‌یڵێت.
سه‌رباری تایتانیك، هۆرنه‌ر موزیكی بۆ چه‌ندین فیلمی به‌ناوبانگی تر داناوه‌ له‌وانه‌: Aliens، The Karate Kid، Braveheart و Avatar و A Beautiful Mind، House of Sand ، Fog و بۆ ئه‌م چوار فیلمه‌ی دواییان كاندیدی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار بووه‌.

به‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه‌ فڕۆكه‌كه‌ی هۆرنه‌ر سه‌عات 9:30ی سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو به‌كاتی خۆجێیی تێكشكاوه ‌و سه‌رجه‌م سه‌رنشینانی له‌ناوچون، به‌ڵام تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ هۆكاری ئه‌و روداوه‌ نه‌زانراوه‌.





















خه‌ندان
Top