فیلمێک لە دەرهێنانی منداڵانی شەنگال و کۆبانێ لە کەناڵێکی ژاپۆنی پەخش دەکرێت

فیلمێک لە دەرهێنانی منداڵانی شەنگال و کۆبانێ لە کەناڵێکی ژاپۆنی پەخش دەکرێت
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی هەشت منداڵی کۆبانێ و شەنگال، لە کەناڵێکی ژاپۆنی پەخش دەکرێت.

ئەم فیلمە لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش، لە لایەن هەشت منداڵی کوردەوە و بەسەرپەرشتی دەرهینەری ناوداری کورد بەهمەن قوبادی، بەرهەمهێنراوە، ئەمشەو ٢٠ حوزەیران/ یۆنیۆ ٢٠١٥ لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی " NHK"ـی ژاپۆنی لە بەرنامەیەکی تایبەتدا دەناسێندرێت و پاشان بۆ بینەرانی سەرتاسەری جیھان نمایش دەکرێت.

ئەم منداڵانە بە ماوەی دوو مانگ لە لایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولەکانی فرێکاریی سینەمایان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەک دەرھێنەری بچکۆلە ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە. ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە.

کەناڵەکە لە بەرنامەیەکی دوو کاتژمێریدا فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" دەناسێنێت، تێیدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەر دەدات کە ئەمجارە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

بەھمەن قوبادی ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کردووە و لە خولی وۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە و ھەروەھا لەگەڵ کەناڵی NHK سەبارەت بەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا چەندین وتووێژی تایبەتی کردووە.
Top