مۆڵەتی خوێندن بۆ دەرەوەی ووڵات بە فەرمانبەران دەدرێتەوە

مۆڵەتی خوێندن بۆ دەرەوەی ووڵات بە فەرمانبەران دەدرێتەوە
دوای راگرتنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بڕیارە جارێکی تر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران لە زانکۆکانی دەرەوە ناسراو بە" گیرفان سازی " بکاتەوە.

نەزھەت سالح راوێژکاری قوتابیان و خوێندنی باڵا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە باسنیوزی راگەیاند: پێدانی مۆڵەتی خوێندن بەو فەرمانبەرانەی کە دەیانەوێت لە زانکۆکانی دەرەوە بخوێنن دووبارە دەست پێ دەکاتەوە، چونکە ماوەی دوو ساڵە رێنمایی پێشووتری مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران راگیراوە، لە ئێستادا خەریکی گەڵاڵەکردنی رێنمایی تازەین و لیژنەی ئامادەکردنی رێنماییە تازەکان کارەکانی خۆی تەواو کردوە ، رێنمایی نوێ بۆ خوێندن لە زانکۆکانی دەرەوە دەردەچێت.

نەزھەت ساڵح گوتیشی: کارەکانی لیژنەکە تەواو بووە و نوێنەری ھەموو وەزارەتە پێوەندارەکانیش لە لیژنەکە بوونە، بەم نزیکانە رێنماییەکە دەردەچێت و مۆڵەتی خوێندن دەکرێتەوە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، لە رێنماییە تازەکاندا چەند خاڵێک بەھەند وەرگیراوە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن، پێویستی وەزارەت و فەرمانگەکان لە ھەموو شتێک گرنگترە، واتا ئەو کەسەی کە بۆ پسپۆریەک داوای مۆڵەتی خوێندن دەکات دەبێت ئەو پسپۆڕیە لە پلانی وەزارەت و فەرمانگەکە ھەبێت، نابێت ھەرەمەکی بێت.

بەرپرسەکەی کاروباری قوتابیان لە ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە بە پێی قانوون ھیچ فەرمانبەرێک بۆی نیە لە دەرەوە بخوێنێت تاوەکو مۆڵەتی خوێندنی نەبێت، فەرمانبەر ئازادە مۆڵەتی بێ مووچە وەردەگرێت بۆ کاروباری تایبەتی خۆی، بەڵام ناتوانێت بۆ خوێندن داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکات، چونکە ئەو کات وەزارەتی خوێندنی باڵا پابەند نیە، بڕوانامەی کەسێک ھەموار بکات و راوەستاندنی بۆ بکات کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەی ھێناوە.

نەزھەت ساڵح ئاشکراشیکرد بەپێی رێنمایی تازە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ناتوانن لە ھەر زانکۆیەک بیانەوێت داوای مۆڵەتی خوێندن بکەن" لیستی زانکۆکانی دەرەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەیە، بەپێی ئەو لیستە فەرمانبەران دەتوانن لە دەرەوە بخوێنن، بەدەر لەو زانکۆیانە قبوڵ ناکرێت"

پێشووتر وەزارەتی دارایی چەند خەرجیەکی بۆ بۆ رەوانەکردنی فەرمانبەر بۆ خوێندن خەرج دەکرد،بۆ کرێی خوێندن ٤ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دینار تەرخانکرابوو، بۆ خەرجی بلیتی فرۆکەش بۆ ھاوسەر و منداڵەکانیان لە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار دینار تاوەکو ٢ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار تەرخانکرابوو، بۆ خەرجی کرینی کتێب و سەرچاوە زانستیەکانیش ٣٦٠ ھەزار دینار تەرخان کرابوو، بەڵام وەزارەتی دارایی ھەموو ئەو خەرجیانەی راگرتووە و ھەڵیوەشاندۆتەوە.

نەزھەت ساڵح ھێما بۆ ئەوە دەکات لە رێنمایی تازە ئەو خەرجیانە دەبێت خودی وەزارەتەکە بیدات کە مۆڵەت بە فەرمانبەرەکە دەدات.


مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران بۆ بە دەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا دەبێت.
Top