له سنه پێشانگایه‌كی تایبه‌تی خۆشنووسی كرایه‌وه

ئه‌م پێشانگایه كه به‌رهه‌می 30 ساڵ كاری هونه‌ریی خۆشنووس محهمهدسابیر سابیری، له‌خۆگرتووه، به هاوكاری و هاوبه‌شیی ئیداره‌ی گشتی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای كوردستان، حه‌وزه‌ی هونه‌ریی پارێزگای كوردستان و ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی سنه بۆ ماوه‌ی هه‌شت رۆژ له نیگارخانه‌ی ئیرشاد له شاری سنه به‌رده‌وام ده‌بێت.
سابیر، یه‌كێكه له خۆشنووسه پێشه‌نگه‌كانی بواری خۆشنووسی و ئه‌مه یه‌كه‌مین پێشانگای تایبه‌تی ئه‌و خۆشنووسهیه له ماوه‌ی ساڵانی كار و چالاكی خۆیدا له بواری هونه‌ری خۆشنووسی كه ئێستا به رێژه‌ی 70 به‌رهه‌می هه‌ڵبژارده‌ی نێوان ساڵانی 1981 تا 2012 تێیدا كه‌وتۆته به‌ر دیدی هۆگران.
سابیر، ئه‌و تابلۆیانه‌ی له به‌شه جۆراوجۆره‌كانی هونه‌ری خۆشنووسی له‌وانه به خه‌تی سولس، شكسته و نه‌سته‌علیق نووسیوه و بابه‌ت و ناوه‌رۆكی به‌رهه‌مه‌كان ئایه‌ته‌كانی كتێبی قورئان، شیعر و هه‌ڵبه‌سته‌كانی مه‌ولانا، حافز و شاعیره‌كانی دیكه‌ی ئێران و رسته‌ی جوان و به‌پێزی كلتووری و ئه‌دبییه.
محهمهدسابیر سابیر، له ساڵی 1945 له شاری سه‌قز هاتۆته دنیا. له ساڵی 1972 له به‌شی هونه‌ر له ئه‌نستیتۆی هونه‌ری تاران ده‌رچووه و له ساڵی 1989 بڕوانامه‌ی نایابی خۆشنووسی به‌ده‌ستهێناوه.
له ساڵی 1995 پله‌ی هونه‌ری له وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران وه‌رگرتووه كه هاوتاوی بڕوانامه‌ی ماسته‌ری زانكۆیه.
له ساڵی 1985 تا 1996 سه‌رپه‌شتیاری نووسینگه‌ی ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی پارێزگای كوردستان بووه. مامۆستا و وانه‌بێژی خۆشنووسی و نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی پارێزگای كوردستان بووه له كۆڕ و كۆبوونه‌وه جۆراوجۆره‌كان و كۆنفڕانسه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌دا و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران.
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ناوبژیوانانی ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی وڵاتی ئێرانه، تا ئێستا زیاتر له 30 پێشانگای هاوبه‌شی له شاره‌كانی كوردستان و ئێران و جیهان كردۆته‌وه.
ماوه‌ی ساڵانێكی زۆر له قوتابخانه‌كانی دواناوه‌ندی و دانیشسهراكانی مامۆستایان و ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌كردنی مامۆستاكانی قوتابخانه له شاری سنه وانه‌ی گوتۆته‌وه و تا كاتی خانه‌نشین بوونی سه‌رده‌سته‌ی گرووپی هونه‌ری په‌روه‌رده و بارهێنانی پارێزگای كوردستان بوو.
سابیر، ئێستا له ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی پارێزگای كوردستان وه‌ك مامۆستا خه‌ریكی چالاكییه له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به ده‌یان خۆشنووسی به‌توانای په‌روه‌رده كردووه و به رێژه‌ی 30 خۆشنووسی له ئاستی نایابدا پێگه‌یاندووه.