حکوومه‌تى هه‌رێم په‌رستگاى لالش نۆژه‌ن ده‌کاته‌وه
سه‌رۆک وه‌زیران دوای به‌سه‌رکرنه‌وه‌ی په‌رستگاکه، له وته‌یه‌کدا خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی لالش ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به گرنگیی په‌رستگای لالش کرد و ڕایگه‌یاند \"حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر خزمه‌تێک بۆ لالش بکات، به ئه‌رکی خۆی ده‌زانێت وگوتی: به دڵنیاییه‌وه داواکاری و پێداویستییه‌کانى لالش جێبه‌جێ ده‌که‌ین\"".
له دیدارێکدا له‌گه‌ڵ میری ئێزدییان و ئه‌نجومه‌نی ڕووحانیی ئێزدییان، سه‌رۆک وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندیی له سه‌ر پرۆژه‌ی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی لالش نیشان دا و ئاماژه‌ی به‌وه دا پڕۆژه‌ى نۆژه‌نه‌کردنه‌وه و خزمه‌تگوزارییه‌کان به دوو قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێن.
له قۆناغی یه‌که‌مدا زیاتر له 17 ملیۆن دۆلار خه‌رج ده‌کرێت و له قۆناغی دووه‌میشدا زیاتر له 11 ملیۆن دۆلار بۆ جێبه‌جێکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان له لایه‌ن حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه خه‌رج ده‌کرێت. به پێی ئه‌م پڕۆژه‌یه په‌رستگای لالش له لایه‌ن کۆمپانیایه‌کی تایبه‌تمه‌نده‌وه به سه‌رپه‌رشتیی لیژنه‌یه‌کی ڕاوێژکار که له لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان پێک دێت، نۆژه‌ن ده‌کرێته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه میر ته‌حسین به‌گ میری ئێزدییان سوپاسی خۆی و خوشک و برایانی ئێزدی به نێچیرڤان بارزانى ڕاگه‌یاند و خۆشحاڵیی خۆی به‌م سه‌ردانه‌ی بۆ لالش و ناوچه‌که و ڕه‌زامه‌ندیدان له سه‌ر ئه‌م جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌یه ده‌ربڕی.
دواتر سه‌رۆک وه‌زیران له قه‌زای شێخان له‌گه‌ڵ داموده‌زگا کارگێڕییه‌کان و چین وتوێژی خه‌ڵکی ناوچه‌که کۆ بووه‌وه.
له وته‌یه‌کدا سه‌رۆک وه‌زیران خۆشحاڵیی خۆی به‌م سه‌ردانه ده‌ربری و باسی له گرنگیی ناوچه‌که کرد که له ڕووی پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌وه گرنگیی به‌رچاوی هه‌یه و هه‌رسێ ئایینی ئیسلام و مه‌سیحی و ئێزدی و نه‌ته‌وه‌کانی کورد و عه‌ره‌ب و کلدۆئاشووری دانیشتوانی ناوچه‌که پێک دێنن. هه‌روه‌ها داکۆکی له پاراستن و به‌رده‌وامیی کولتووری پێکه‌وه‌ژیان له ناوچه‌که‌دا کرد و ئه‌م پێکه‌وه‌ژیانه‌ی به خاڵی گرنگ و مایه‌ی شانازیی هه‌موو لایه‌ک له قه‌ڵه‌م دا، هیوایشی خواست ئه‌م پێکه‌وه‌ژیانه ببێته هه‌وێنێک بۆ ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان له هه‌موو ناوچه‌که‌دا.
له به‌رده‌وامیی وته‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه دا که کاتێک ڕژێمی به‌عس کوردستانی خاپوور کرد، گه‌لی کوردستانی به‌وه تۆمه‌تبار نه‌کرد که فڵان و فیساره ئایینیان هه‌یه، به‌ڵکو مزگه‌وت و دێری پێکه‌وه تێک دا و قه‌ت نه‌یگوت ئه‌مه موسڵمان، مه‌سیحی، یان ئێزدییه، به‌ڵام گه‌لی کوردستان و کوردستان به یه‌کگرتن ویه‌کبوویی مایه‌وه و ئێستاش پاراستنی ئه‌و یه‌کبوون و یه‌کگرتنه، گه‌ره‌نتیی سه‌رکه‌وتنه.
له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیران هاته سه‌ر پرسی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که و ڕایگه‌یاند له دوای ساڵی 2004 پرسی ئاوه‌دانی گه‌یشتۆته ئه‌م ناوچه‌یه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستاش ڕه‌وشی یاسایی ناوچه‌که دیار نییه و ده‌که‌وێته ناوچه‌ی مادده‌ی 140ه‌وه، به داخه‌وه وه‌کوو پێویست نه‌توانراوه خزمه‌تی بکرێت و دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه ئه‌وله‌وییه‌تی یه‌که‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140ـه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌کو پێویست خزمه‌تی هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان بکه‌ین. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند به لای ئێمه‌وه شێخان کوردستانه و به دڵنیاییه‌وه هه‌ر ڕاپرسییه‌ک له‌وباره‌یه‌وه بکرێت خه‌ڵکی ئێمه بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن. بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه‌کانیش، دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که تاکه ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری، دیالۆگ ولێکگه‌یشتنه. حه‌زیش ده‌که‌ین کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆی و ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بکه‌ین.
له باره‌ی دواکه‌وتنی چاره‌سه‌رکردنی پرسی ناوچه دابڕاوه‌کان وجێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140شه‌وه، سه‌رۆک وه‌زیران گوتی: ئه‌گه‌ر به‌غدا وا لێک بداته‌وه کێشه‌که به‌خۆدزینه‌وه و سوودوه‌رگرتن له کات چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، داواکاریمان ئه‌وه‌یه ئه‌م مادده‌یه جێبه‌جێ بکرێت. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ له به‌غدا ئیراده‌یه‌ک بۆ جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 هه‌بێت، ئه‌گه‌ر عیراق خێر و خۆشی ده‌وێت، ده‌بێ ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بکرێت.
له سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندیی ناوچه‌که‌ش، سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه دا که ناوچه‌ی شێخان ناوچه‌یه‌کی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده و خاوه‌نی سامانی سروشتیی زۆره، هه‌موو کۆمپانیایه‌کیش ده‌یه‌وێ له ناوچه‌که‌دا ده‌رفه‌تی کار و وه‌به‌رهێنانی ده‌ستبکه‌وێت. هیوادارین و گه‌شبینین به‌وه‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی پێشتر گه‌لی کوردستانی پێ ده‌سووتێندرا، له‌مه‌ودوا ده‌بێته مایه‌ی خێر و خۆشی و خۆشگوزه‌رانی بۆ خۆی و وڵاته‌که‌ی.
له به‌رده‌وامیی وته‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه دا که له وڵاتێک‌دا 5000 گوند وێران کرا بوو، 182000 ئه‌نفالی هه‌بوو، به شه‌و و ڕۆژێک ئاوا نابێته‌وه، له وانه‌یه حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌توانێت له ماوه‌یه‌کی که‌مدا هه‌موو شته‌کان بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ویژدانه‌وه سه‌یری بکه‌ین، له هه‌موو بواره‌کاندا پێشکه‌وتن ده‌بینین، شێخان یه‌کێکه له‌و ناوچانه‌ی وه‌کوو باسمان کرد له به‌ر ڕه‌وشی یاسایی ناوچه‌که نه‌توانراوه، وه‌کوو پێویست خزمه‌ت بکرێت، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه پرۆژه ژیارییه‌کانی وه‌ک ئاو و نه‌خۆشخانه و کاره‌با و که‌موکوڕییه‌کانی بواری خزمه‌تگوزاری چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین و ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ ناوچه‌که‌تان داده‌نێین."