سعودیە بە گەورەكردنی مزگەوتی پێغەمبەر وەڵامی فیلمە ئەمریكیەكە دەداتەوە

سعودیە بە گەورەكردنی مزگەوتی پێغەمبەر وەڵامی فیلمە ئەمریكیەكە دەداتەوە
كوردۆ شابان
25 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- وڵاتی سعودیە بڕیاریدا مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە شاری مەدینەی منەوەرە بۆ سێ ئەوەندەی ئێستا فراوان بكات. بەمەش هێندەی تەواوی شارەكەی لێدێت لە سەردەمی هەڵاتنی ئیسلام.

لەژێر چاودێری راستەوخۆی شا عەبدوڵا كوی عەبدولعەزیز، شای شانشینی عەرەبستانی سعودیە، مزگەوتی مەدینەی منەوەرە لەو وڵاتە كە بە مزگەوتی پێغەمبەر ناسراوە، فراوان دەكرێت و قەبارەكەی سێ ئەوەندەی ئێستای لێدێت، ئەمەش بە خستەسەری یەك ملیۆن مەتر دووجا بۆ سەر مزگەوتەكە.
بەپێی ئەو دارشتنەی بۆ ئەو پرۆژە گەورەیە دانراوە، مزگەوتەكە یەك ملیۆن و 600 هەزار نوێژخۆنی دی لەخۆ دەگرێت.
بەپێی زانیاریە مێژووییەكان، دوای تەواو بوونی ئەو پرۆژەیە، مزگەوتەكە قەبەرەی دەگاتە قەبارەی تەواو ئەو شارە لەسەردەمی پێغەمبەر (د.خ).

پێشەوای ئیسلام لەدوای ئەوەی شاری مەككەی جێهێشت و چووە شاری مەدینە، لەوێ مزگەوتێكی دروستكرد كە تێیدا هاوەڵانی كۆببنەوە بۆ نوێژكردن و چارەسەری كێشە و گرفتەكانیان، بەلای مسوڵمانانەوە پیرۆزیەكی گەورەی هەیە، بە سێیەم شوێنی پیرۆز دادەنرێت لەدوای مزگەوتی حەرام و مزگەوتی قودس.
Top