تەنیایی بۆ دڵ و مێشك مەترسیدارە!
ئەوە زانراوە كە قەڵەوی و كەمجووڵان رێگەخۆشكەری گرنگن بۆ كەمبوونەوەی تەمەنی مرۆڤ و تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی سەردەمی ئێستا و توێژینەوەی زۆریان لەسەركراوە.
بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ پەردە لەسەر كاریگەرییەكانی تەنیایی و گۆشەگیری مرۆڤ لادەدات لەسەر تەمەن و تەندروستی.
ئەوەی تاكو ئێستا توێژەران پێیگەیشتوون، رەنگە تەنیایی لەم رووانەوە بە نەرێنی كار لە تەندروستی مرۆڤ بكات:
1-لەڕووی هەڵسوكەوتەوە: ئەوانەی تەنیان، كەمتر دەجووڵێن و زیاتر ئەگەری هەیە جگەرەبكێشن.
2-لەڕووی دەروونییەوە: تەنیاكان متمانەیان بە خۆیان كەمترە و زۆرتر تووشی خەمۆكی و تێكچوونی خەو دەبن.
3-لەڕووی فیزیۆلۆجییەوە: دەركەوتووە تەنیایی سیستمی بەرگری مرۆڤ لاواز دەكات و فشاری خوێن بەرزدەكاتەوە.
توێژینەوە بەردەستەكان دەریانخستووە گۆشەگیری تەمەنی مرۆڤ كورتدەكاتەوە، بۆیە دەبێت ئەو لایەنەی ژیانی مرۆڤ ببێتە جێگەی بایەخی پەیوەندیدارانی پزیشكی و تەندروستی.
توێژینەوەیەكی نوێ لە بەشی زانستی تەندروستی زانكۆی یۆرك لە بەریتانیا هەوڵیداوە لە كاریگەرییەكانی تەنیایی لەسەر مرۆڤ بكۆڵێتەوە.
د. نیكۆڵ ڤاڵتۆرتا و هاوڕێ توێژەرەكانی بەتایبەت لێكۆڵینەوەیان كردووە لەسەر پەیوەندی نێوان تەنیایی مرۆڤ و ئەگەری تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و مێشك، كە پێشەنگی مردنی مرۆڤن لە سەردەمی ئێستادا.
تەنیایی و زوو مردن!
تیمە توێژەرەكە لە تۆماری تەندروستی 181,000 كەسیان كۆڵییەوە كە لە نێویاندا 4,628 كەس تووشی جەڵتەی دڵ بووبوون و 3002 كەسیش جەڵتەی مێشك لێیدابوون.
توێژەرەكان بۆیان دەركەوت تەنیایی و گۆشەگیری ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ بە راددەی 29% و جەڵتەی مێشكیش بە راددەی 32% زیاددەكات.
بە بەرارودكردن بە هۆكارە رێگەخۆشكەرەكانی دیكە، دەركەوتووە تەنیایی هێندەی دڵەڕاوكێ و كاری تاقەتپڕوكێن مەترسیدارە بۆ مرۆڤ.
توێژەرەكان داوایانكردووە خەمێك لە ژیانی ئەو كەسانە بكرێ كە لە مەترسی تەنیابووندان كە زیاتر كەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵن و دەبێ رێگەچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە و لە تەنیایی و كاریگەرییە مەترسیدارەكانی بپارێزرێن.