شۆڕشی ژینگەیی لەدەڤەری سۆران و شارۆچكە و ناوچەكانی دیكە دەستی پێكرد

شۆڕشی ژینگەیی لەدەڤەری سۆران و شارۆچكە و ناوچەكانی دیكە دەستی پێكرد
لە هەنگاوێكی تازە و نوێدا رێكخراوێكی ژینگەپارێزی لە سۆران، تایە فڕێدراوەكانی ئۆتۆمبێل كۆ دەكاتەوە و دووبارە وەك جوانكارییەك بەكاریان دەهێنێتەوەو داواش لە خەڵك دەكەن هاوكارییان بن.



"رەفیق كەرەم ستوونی" سەرۆكی رێكخراوی نیان بۆ پاراستنی ژینگە،بە سایتی گوڵانی راگەیاند، دوای ئەوەی وەك ستافی رێكخراوی نیان بۆ پاراستنی ژینگە یەكەم شۆڕشی ژینگەییمان لەدەڤەری سۆران و شارۆچكەو ناوچەكانی دیكە ئەنجام دا، بەناوی شۆڕشی سپی كە توانیمان خزمەتێك بە خەڵكی ئەم دەڤەرە بکەین.



ئەمجارە جالاکییەکی دیکەی ژینگەیی رادەگەیەنین، بە ناوی شۆڕشی (ریۆس Re-use) كە ماوەی 6 مانگ دەخایەنێت، ئەمە هەڵمەتەش تایبەتە بە كۆكردنەوەی ئەو هەموو تایەی ئۆتۆمبێل و دووبارە بەكارھێنانەوەیان بۆ جوانكاری و چەند مەبەستێكی دیكە.



گوتیشی "لە قۆناخی یەكەمدا دەستمان كردووە، بە گەڕان بەناو كۆچە و كۆڵانەكان و ناوچە پیشەسازیyەكانی چاك كردنەوەی ئۆتۆمبێل و پەنچەرچی و هتد.. لەو هەڵمەتەشماندا تا ئێستا سەدان تایەی ئۆتۆمبێلمان كۆ كردوwنەتەوە و بەردەوامیش دەبین لە دووبارە كۆكردنەوەیان، بۆ ئەوەی دووبارە كاری جوانكاری و بۆیاخكردنیان بۆ بكەین، بە شێوازێك بەكار بهێنرێن لەبری پیسكردنی ژینگە جوانییەك ببەخشن."



سەرۆكی رێكخراوی نیان بۆ پاراستنی ژینگە، ئاماژەشی بەوەش دا "بەهۆی كەڵەكەبوونی ژماریەكی زۆری تایە لە هەموو شار و شاروچكەكانی كوردستان، هەروەها زۆر جار سووتاندنیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە دیاردەیەكی ناشیرینیان بەخشیووە و زیانیش بە ژینگە دەگەیەنن، زیادبوونی ژمارەی ئوتۆمبێلەكان بەگشتی لە كوردستان كە نزیكەی (ملۆنێك و شەشسەد) هەزار ئوتۆمبێل هەیە و ئەگەر ساڵانە تەنیا هەر یەكە و دوو تایە بگۆڕن هەزاران تایە لەناو شار و شەقام و كووچە و كۆڵانەكان كۆ دەبێتەوە، هەروەها كەمی كارگەكانی ریسایكلین، كەلە كوردستان تەنها دوو كارگەی هەیە یەكێكیان لە شاری سلێمانی و ئەوەی تر لە شاری ھەولێرە كە ناتوانرێت هەموو ئەم تایانە لەناو ببات، یان دووبارە بەكارین بهێننەوە، بۆیە ئەركی ئێمەی رێكخراوەكانی ژینگەپارێزییە كە بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرە دیاردانە بكەین، داواكاریشین لە هاووڵاتیان بۆ بە بینینی ئەم هونەرە سادەیە هاوكارمان بن و یارمەتیدەر بن، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكمان ژینگەی وڵاتەكەمان بپارێزین."
Top