ده‌قى ووتارى نێچيرڤان بارزانى له يه‌كه‌م زه‌نگى ده‌سپێكردنى خوێندنى ئه‌مساڵ دا
مامۆستايانى به‌ڕێز،
ئاماده‌بووان، به‌يانيتان باش و هه‌موو لايه‌ك به‌خێر بێن.
زۆر خۆشحاڵ و شه‌ره‌فمه‌ندم به‌وه‌ى كه ئه‌مڕۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته هه‌يه بۆ به‌شداريكردن له لێدانى زه‌نگى ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى خوێندن له سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى كوردستان. ده‌مه‌وێ به‌م بۆنه‌يه‌وه گه‌رمترين پيرۆزبايى خۆم ئاراسته‌ى هه‌موو قوتابيانى خۆشه‌ويستى كوردستان بكه‌م كه ئاينده و هيواى دواڕۆژى ئه‌م ووڵاته‌ن. ده‌مه‌وێ پيرۆزبايى له وان و له هه‌موو مامۆستايانى خۆشه‌ويستى كوردستان بكه‌م، كه ئه‌مڕۆ لێره‌وه پرۆسه‌ى خوێندن له هه‌موو هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێ ده‌كات.
ئێمه له پرۆسه‌ى خوێندن له هه‌رێمى كوردستان قۆناغى زۆر باشمان بڕيوه، به‌ڵام قۆناغى زۆر گرنگتريشمان له‌پێش ماوه. هه‌ر وه‌كوو بيرهاتنه‌وه‌يه‌ك، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى پيرۆز له بيرتان مابێت، مامۆستايان ئه‌وانه بوون كه به‌بێ مووچه و بێ ئه‌وه‌ى هيچ ده‌رماڵه‌يه‌كيان هه‌بێت، له‌و ڕۆژه سه‌ختانه‌دا نه‌يانهێشت خوێندن و فێركردن له كوردستان بوه‌ستێت. به ڕاستى ده‌بێ ئه‌و ڕۆژانه له ياد بن، ده‌بێ ڕێز له‌و به‌ڕێز و خۆشه‌ويستانه بنێين كه له‌و ڕۆژانه‌دا به هه‌موو توانايه‌كيانه‌وه؛ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه مووچه‌يان نه‌بوو، ئيمكاناتيان نه‌بوو، به‌ڵام نه‌يانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن و فێركردن له‌م ووڵاته‌دا بۆ ڕۆژێكيش بوه‌ستێت!.
ئه‌مڕۆ كه ئێمه له‌م قۆناغه‌داين، هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه ڕێز و خۆشه‌ويستى و سوپاس و وه‌فاداريى خۆمان بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌رببڕين و لێره‌وه پێيان ده‌ڵێين: ده‌ستخۆشيتان لێ ده‌كه‌ين، ڕۆڵ و هه‌وڵى ئه‌و ڕۆژانه‌تان زۆر به‌رز ده‌نرخێنين و ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ى كه ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستمان هێناون، له ئه‌نجامى ماندووبوونى ئه‌و ڕۆژانه‌ى ئێوه‌ى به‌ڕێز و خۆشه‌ويسته له هه‌موو هه‌رێمى كوردستان.
ده‌رباره‌ى ئه‌و قۆناغانه‌ى له په‌روه‌رده بڕيومانه، وه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌ش گوتم، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت ووڵاته‌كه‌مان پێشكه‌وتوو بێت، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت ئاينده‌يه‌كى گه‌ش بۆ ئه‌م ووڵاته دابين بكه‌ين، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت به‌ردى بناغه‌ى پێشكه‌وتن و پێكه‌وه‌ژيانێكى ئاشتيانه له‌م ووڵاته دابنێين، هه‌مووى له يه‌ك شوێن ده‌ستپێ ده‌كات، كه ئه‌ويش په‌روه‌رده‌يه. په‌روه‌رده له هه‌رێمى كوردستان و له هه‌موو جيهان گرنگترين به‌شه بۆ پێشكه‌وتنى هه‌ر ووڵاتێك.
ئه‌م قوتابيانه نه‌وه‌ى داهاتوون، ئاينده‌ى ئه‌م ووڵاته‌ن. زۆر جار نموونه‌ى چه‌ند سه‌ردانێكم هێناوه‌ته‌وه، كۆريام وه‌ك نموونه باس كرد. ئه‌و ووڵاته‌ى كه زۆر به‌دبه‌ختى بينيوه، ووڵاتێكى زۆر هه‌ژار بووه، به‌ڵام له ده‌سپێكردنى پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا، بايه‌خێكى زۆر تايبه‌تيان به په‌روه‌رده داوه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مڕۆ ئه‌و ووڵاته يه‌كێكه له ووڵاته هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانى جيهان. ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامى ئه‌و بايه‌خه‌ى كه به سيسته‌مى په‌روه‌رده‌يان داوه.
هيوادارين ووڵاته‌كه‌شمان ڕۆژێك بگاته ئه‌و ئاسته‌ى كه ئه‌م خوێندكاره خۆشه‌ويستانه‌ى ئه‌مڕۆ لێره‌ن، هه‌موو بگه‌نه ئاستێك بتوانن خزمه‌تى وو‌ڵاتى خۆيان بكه‌ن، خزمه‌تى پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه له هه‌موو كوردستان بكه‌ن.
نه‌وه‌كانى پێشه ئه‌مانه، زۆر خه‌ونيان هه‌بووه و حه‌زيان كردووه‌وه خوێندن ته‌واو بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌يان نه‌بووه. ئه‌و ڕۆژه‌ش باسم كرد كه له ئه‌نجامى به‌دبه‌ختى، نه‌هامه‌تى، پێشمه‌رگايه‌تى، به‌رخۆدان، خه‌بات، نه‌يانتوانى. به‌ڵام ئه‌مڕۆ له سايه‌ى خه‌باتى ئه‌و به‌ڕێزانه، ئه‌و ئازيزانه، ئه‌و قاره‌مانانه، ئه‌مڕۆ له كوردستان ئه‌زموونى خۆبه‌ڕێوه‌بردنمان هه‌يه. ئه‌م ئه‌زموونه بيێگومان كه‌موكوڕى هه‌يه، بێگومان ده‌بێ باشتر بكرێت، به‌ڵام دڵنياين كه ئێمه له‌سه‌ر ڕێگه‌يه‌كى ڕاستين به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى گه‌شتر بۆ ئه‌م ووڵاته‌مان.
ديسانه‌وه پيرۆزبايى له هه‌موو قوتابيانى خۆشه‌ويست ده‌كه‌م، هيوادارم ئه‌مساڵ كه ده‌ستپێ ده‌كات به گوڕ و تينێكى زۆره‌وه به‌ره‌و فێركردن بچن و خۆيان پێبگه‌يه‌نن، فێر ببن، بۆ ئه‌وه‌ى له ئاينده‌دا بتوانن ڕابه‌رايه‌تيى ئه‌م ووڵاته بگرنه ده‌ست. هيوادارم مامۆستايانى خۆشه‌ويستيش به‌وپه‌ڕى توانايانه‌وه ئه‌م ئازيزانه فێر بكه‌ن، فێرى خوێندنيان بكه‌ن.
ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ى كه له نێوان قوتابى و مامۆستادا هه‌يه، پرۆسه‌يه‌كى زۆر به‌بايه‌خ و گرنگه. ئێمه ساڵانێك تووشى كێشه‌ى گه‌وره ده‌بووين له‌وه‌ى كه لێدان له قوتابخانه‌كان هه‌بوو. خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ ده‌بينين ئه‌م پرۆسه‌يه زۆر باشتر بووه. هيوادارم باشتر و باشتريش ببێت. زياتر هه‌وڵ بدرێت قوتابيان تێبگه‌يه‌نن، هه‌وڵ بدرێت به ديالۆگ و لێكگه‌يشتن قوتابيان هان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وانه بخوێنن، بۆ ئه‌وه‌ى زياتر ئاراميى ناو قوتابخانه بپارێزن.
لێره‌دا جێى خۆيه‌تى ده‌ستخۆشى و سوپاسى تايبه‌تى خۆم ئاراسته‌ى كارمه‌ندان و ستافى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده له هه‌موو هه‌رێمى كوردستان بكه‌م بۆ ئه‌و كاره باشانه‌ى كه ئه‌نجاميان داون. سوپاسى ماندووبوونى يه‌كه يه‌كه‌ى ئه‌و ئازيزانه ده‌كه‌م كه له‌م پرۆسه‌يه‌دا زه‌حمه‌تيان كێشاوه. هه‌روه‌ها سوپاسێكى تايبه‌تى وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م. ده‌مه‌وێ به دوو ڕسته باسى ئه‌م به‌ڕێزه بكه‌م.
ساڵى 1991 ده‌ستمان به پرۆسه‌يه‌ك كرد بۆ دانانى زانكۆيه‌ك له دهۆك، د. عسمه‌ت محه‌مه‌د خالد يه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه بوو كه له ده‌ستپێكردندا ئه‌و شه‌ره‌فه‌ى پێ سپێردرا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و زانكۆيه دابمه‌زرێنێت. به دڵنياييه‌وه پێتان ده‌ڵێم؛ ئه‌و زانكۆيه‌كى دامه‌زراند و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانى هه‌وڵى بۆ دا؛ كه ئه‌مڕۆ جێى شانازييه بۆ هه‌موو كوردستان. ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشى لێ بكه‌م، ده‌ستنيشانكردنى ئه‌ويش بۆ ئه‌وه‌ى ببێته وه‌زيرى په‌روه‌رده هه‌ر له‌م چوارچێوه‌يه‌دا بووه و من وه‌ك سه‌رۆكى حكوومه‌ت بڕوام وا بووه كه ده‌توانێت گۆڕاكاريى بنه‌ڕه‌تى له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده له كوردستان ئه‌نجام بدات.
هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ خۆى و هه‌موو هه‌ڤاڵان و هاوكارانى ده‌خوازم. ساڵى نوێى خوێندتان پيرۆز بێت، هيوادارم ته‌مه‌ندرێژ و سه‌ركه‌وتوو بن و له ئاينده‌دا ببنه ڕێبه‌رى ئه‌م ووڵاته و پێشه‌نگ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنى كوردستان. لێتان پيرۆز بێت و به‌خێر بێن.