لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر ٣٥ ملیۆن دۆلار بۆ کاندیدەکانی بەرنامەی توانسازی خەرج کراوە

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر ٣٥ ملیۆن دۆلار  بۆ کاندیدەکانی بەرنامەی توانسازی خەرج کراوە
8ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- لە وەڵامی بڵاوکردنەوەی بابەتێکی شێوەندراو لە سایتی (ئاوێنە) بەناونیشانی (بەریتانیا: خوێندکارانی تواناسازی ھەڕەشەی خۆپشاندان دەکەن) بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستیی لە ماوەی شەش مانگدا زیاتر لە ٣٥ ملیۆن دۆلار بۆ کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی خەرج کراوە.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا ھاتوو: یەکەم: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەشێوەیەکی کارا ھەوڵیداوە خەرجکردنی مافە داراییەکانی کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی دوا نەکەوێت، بۆ ئەوەش لە ماوەی نیوان (١٤/٢/٢٠١٣) تا (٢٥/٨/٢٠١٣ ) واتا لە ماوەی شەش مانگدا لەچوارچێوەی (٨) لیستی یەک لە دوای یەکدا چەکی موستەحەقاتی دارایی بۆ (١٥٩٩) کاندیدی بەرنامەی تواناسازی خەرج کراوە، کە کۆی گشتی پارەی خەرج کراو بۆ کاندیدانی تواناسازی لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا بریتییە لە (٣٥٠٣١٥٢٥) (سی و پنج ملیۆن و سی و یەک ھەزار و پنج سەد و بیست و پنج) دۆلار، ھاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ڕۆژی داھاتوودا لیستی ژمارە (٩)ی مۆستەحەقاتی دارایی کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی ڕابگەیەنێت، کە ژمارەیان (٢١١) کاندیدە و ھەموو ئەو بەڕێزانە دەگرێتەوە کە لە مانگی (٩) ی ٢٠١٣ دا دەبێت موستەحەقاتی دارایی وەربگرن.


دووەم: خەرجکردنی دەرماڵەی ھاوڕێیەتی ھاوسەر بەبێ کێشە خەرج دەکرێت و، ھەموو ئەو کاندیدە بەڕێزانە دەگرێتەوە کە ھاوسەرەکانیان لەکاتی خوێندن دا ھاوڕێەتییان دەکەن.


سێھەم: دەربارەی ماوەی دابڕان (گاپ) لە نێوان کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی و ماوەی داوی تەواوکردنی کۆرسی ئەکادیمی:

وەک ئاگادارن کە لە سەرەتای دەستپێکردنی بەرنامەی تواناسازییەوە وەزارەتمان لەکاتی بونی دابڕان (گاپ) لە نێوان کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی تا دوو مانگ دەرماڵەی بۆ سەرجەم کاندیدەکان خەرج کردووە، ھەروەھا لە دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریکراوی خوێندنی ئەکادیمی تا دوو مانگ مۆڵەتمان بەکاندیدەکان داوە بۆ ئەوەی کاروبارەکانی ئاھەنگی دەرچوون و وەرگرتن و ڕاستاندنی بڕوانامەکانی تێدا ئەنجام بدەن، لە ماوەی ئەو دوو مانگەش دا دەرماڵەی تەواو بە کاندیدەکان دراوە، بەڵام لە مانگی ٨/٢٠١٢ دا لەلایەن بەشی وردبینی و دارایی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پیان ڕاگەیاندین کە سەرفکردنی ئەو دەرماڵانە لە ڕووی یاسایی و داراییەوە گرفتی ھەیە و، بنەمایەکی یاسایی نییە تا پشتی پێ ببەسترێت بۆ خەرجکردنی، بە پێی یاسا دەبێت دەرماڵەی خوێندن تەنھا بۆ ماوەی دیاریکراوی کۆرسەکان خەرج بکرێت، ھەر بۆیە ئەو دەرماڵەیە لەلایەن دارایی و وردبینییەوە ڕاگیرا.

دوای گفتوگۆی ورد لەگەڵ بەڕێزانی بەرپرسی دارایی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا نامەی فەرمی پشکەش بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز بکات بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە.

چوارەم: دەربارەی ئەو کاندیدانەی کە لە بابەتەکەی ئاوێنەدا ئاماژەی پێکراوە، کە گوایە تا ئێستا پارەی خوێندنیان بۆ خەرج نەکراوە، وەزارەتمان ھەموو کاندیدەکان و ڕای گشتیی دڵنیا دەکاتەوە، کە لە ئێستادا خەرجکردنی موستەحاقاتی دارایی کاندیدەکان بە خێرایی و بەکارایی بەڕێوەدەچێت، ھەر کاندیدێک لەم بارەیەوە گرفتێکی ھەیە تکایە با لەڕێگەی یەکێک لەم ئیمەیلانەی لای خوارەوە پەیوەندیمان پێوە بکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات ھاریکاری بکەین.
Top