زانكۆی حەلەب، دكتۆرا فەخرییەكەی لە ئەردۆغان سەندەوە

زانكۆی حەلەب، دكتۆرا فەخرییەكەی لە ئەردۆغان سەندەوە
16ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- ئەنجوومەنی كارگێڕیی زانكۆی حەلەب، دوێنێ دووشەممە، بڕوانامەی دكتۆرا فەخرییەكەی لە سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەندەوە كە لە ساڵی 2009ـدا لە بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێی دابوو.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فەرمیی سووریا \"ناسا\""، ئەو بڕیاری سەندنەوەیەی بڕاوانامەیە، بە هۆی پیلانگێڕیی ئەردۆغانەوەیە بەسەر گەلی سووریا و توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی تورک.
سەرۆكی زانكۆی حەلەب، خزر ئورفەلی، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانكۆدا گوتی، كێشانەوەی بڕوانامەی فەخری لە ئەردۆغان بە ویستی ئەنجوومەنی زانكۆكانی سووریا و ئەكادیمیان و قوتابیانەوە بووە؛ هاوكات بە هۆی پیلانگێڕییەكەیەوە بووە بەسەر گەلی سووریا و توندوتیژییەكانییەوەە بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی تورك.
ئەنجوومەنی زانکۆی حەلەب هاوکات پێشنیازیان کرد بەڵکو لیژنەیەک لە یاساناسان پێک بهێرێت تا سکاڵای یاسای لە دژی ئەردۆغان بوروژێنن، بە تۆمەتی تێکدانی ئابووریی نیشتمانی لە سووریا.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا چەندین جار ڕژێمی سووریای داوەتە بەر ڕەخنە، بە هۆی شێوازی مامەڵەی لەگەڵ شۆڕشگێڕان کە داوای گۆڕان دەکەن. ئەردۆغان هاوکات داوای لە ئەسەد کردووە خوێڕشتن بوەستێنێت و دەست لە پۆستەکەی هەڵگرێت."
Top