ده‌قى گوتارى نێچيرڤان بارزانى له ڕێوڕه‌سمى واژۆكردنى گرێبه‌ستى ديزاينى كه‌مپى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين
به‌خێرهاتنى هه‌موو ئه‌و ميوانه به‌ڕێزانه ده‌كه‌م كه ته‌شريفيان هێناوه بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه. به‌خێرهاتنى ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌م كه ڕێگه‌يه‌كى دوور له ئه‌تلانتاوه هاتوون بۆ كوردستان، به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو.
بۆ خۆم وه‌ك كه‌سێك و بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش به هه‌موو مانايه‌كه‌وه ئه‌مڕۆ ڕۆژێكى مێژوويى يه. ئه‌مڕۆ لێره كۆبووينه‌ته‌وه بۆ واژۆكردنى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى كه چه‌ندين ساڵه هه‌موومان پێكه‌وه خه‌ونى ئه‌وه‌مان بينيوه و زۆر و كه‌ميش كارمان له‌سه‌ر كردووه بۆ ئه‌وه‌ى بێته دى.
به‌ڕێز د. ئه‌حمه‌د دزه‌يى سه‌رۆكى زانكۆش له ده‌سپێكى قسه‌كانيدا گوتى: ئه‌مه خه‌ونێك بوو، به ڕاستيش وايه. ئێمه هه‌ر له كابينه‌ى پێنجه‌مه‌وه خه‌ريكى ئه‌م پڕۆژه‌يه بووين بۆ ئه‌وه‌ى بگاته قۆناغێك كه هه‌ولێرى پايته‌ختى هه‌رێمى كوردستان، به هه‌موو شێوه‌يه‌ك شايسته‌ى ئه‌وه‌يه كه‌مپێكى زانكۆى زۆر ڕێكوپێكى هه‌بێت تا قوتابيان و خوێندكارنمان له كه‌شوهه‌وايه‌كى باش و به شێوه‌يه‌كى ڕێك‌وپێك بتوانن به‌رده‌وامى به خوێندنى خۆيان بده‌ن. زۆر به‌داخه‌وه هه‌ندێك له‌و بيناياتانه‌ى كه ئێستا ده‌وامى تيادا ده‌كه‌ن و وانه‌ى تيادا ده‌خوێنن، به ڕاستى به‌پێى هه‌موو ستاندارتێكى نێوده‌وڵه‌تى شايسته‌ى ئه‌وه نيه خوێندكارانى ئێمه تياياندا خونێدن به‌سه‌ر ببه‌ن.
بۆ من وه‌ك كه‌سێكيش هه‌ر له كابينه‌ى پێنجه‌مه‌وه ئه‌مه‌يان خه‌ونى من بووه، زۆر جاريش له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌يه ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌را و گفتوگۆم دروست كردووه، ئه‌مه ڕاستيه‌كه. زۆر جاريش دواكه‌وتنه‌كه زۆره‌كه‌ى؛ كاريگه‌رى له‌سه‌رم هه‌بووه.
خۆشحاڵم كه بۆردێكمان بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى ئه‌م پڕۆژه‌يه به سه‌رپه‌شتيى به‌ڕێز كامه‌ران ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ئاوه‌دانكردنه‌وه؛ دانا. ده‌ستنيشانكردنى به‌ڕێزيان بۆ ئه‌م كاره، له‌و ئه‌زموونه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه ئه‌و به‌ر له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين، له زانكۆى سلێمانى ده‌ستى پێكرد و هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌و زانكۆيه‌ش به فه‌رمى ده‌كه‌ينه‌وه، كه به ڕاستى جێى شانازييه بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان و به تايبه‌تيش بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌وه‌ش يه‌كێك له‌و پڕۆژانه بووه كه پێشتر كێشه‌ى هه‌بووه، له كابينه‌ى شه‌شه‌مه‌وه به سه‌رپه‌رشتيى به‌ڕێز وه‌زيرى ئاوه‌دانكردنه‌وه بۆردێكى بۆ دروست كراوه و ئه‌و كاره به شێوه‌يه‌كى زۆر ڕێك‌وپێك ئه‌نجام درا. هه‌ر خۆشم بيرم له‌وه كرده‌وه كه ئێمه هه‌وڵ بده‌ين هاوشێوه‌ى هه‌مان ئه‌و كاره باشه‌ى له سلێمانى كراوه، له هه‌ولێريش بكه‌ين.
بێگومان كه‌مپى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين له ڕووى قه‌باره و بينا و تێچووى پڕۆژه‌كه‌وه؛ له‌وه‌ى سلێمانى گه‌وره‌تره، به‌ڵام هيوادارم ئه‌مڕۆ كه ئه‌م گرێبه‌سته له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانيايه واژۆ ده‌كرێت، سه‌ره‌تايه‌ك بێت، هه‌موو ڕێگه‌يه‌كى دووريش له هه‌نگاوى يه‌كه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات. به ڕاستى بودجه‌يه‌كى زۆرى ده‌وێت، به‌ڵام ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جددين بۆ ئه‌وه‌ى به هه‌موو شێوه‌يه‌ك بتوانين بودجه‌ى بۆ دابين بكه‌ين و وه‌ك به‌ڕێز سه‌رۆكى زانكۆ باسى كرد، هيوادارين ئه‌و شه‌ره‌فه‌مان هه‌بێت له ئاينده‌دا بتوانين له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى ئه‌و زانكۆيه‌دا بۆ خوێندكارانى خۆشه‌ويستى كوردستان، به‌شدار بين.
ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر خاڵێك بكه‌مه‌وه كه ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان په‌رۆشين بۆ ئه‌وه‌ى سيسته‌مى خوێندن؛ سيسته‌مێكى ڕێك‌وپێك بێت بۆ قوتابيانمان. ئێمه ووڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌يه، نه‌ك ته‌نيا له ڕووى مرۆيى، له ڕووى سه‌رچاوه‌ى سروشتيشه‌وه هه‌موو شتێكمان هه‌يه، زۆر ئاسانه له ئاينده‌دا بتوانين هاى وه‌ى دروست بكه‌ين، زۆر ئاسانه بتوانين هۆتێلى گه‌وره دروست بكه‌ين، زۆر ئاسانه بتوانين پڕۆژه‌ى گه‌وره دروست بكه‌ين، به‌ڵام بۆ ملله‌تێكى وه‌ك ئێمه خوێندن له هه‌موو شتێك گرنگتر و له‌پێشتره.
سيسته‌مى خوێندن بۆ ملله‌تێكى وه‌ك كورد له هه‌مووى گرنگتره. پێويسته له خوێندنه‌وه ده‌ستپێبكه‌ين، ئه‌و چاكسازيه‌ى له ووڵاتێك ده‌كرێت؛ به شێوه‌يه‌كى گشتى بنه‌ماى سه‌ره‌كى له خوێندن ده‌ستپێده‌كات. ئه‌گه‌ر توانيمان سيسته‌مى خوێندن له هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه؛ هه‌ر له ده‌ستپێكردن هه‌تا ده‌گاته زانكۆ؛ سيسته‌مێكى هاوچه‌رخ و ڕێك‌وپێك بێت و له‌گه‌ڵ پێداويستيى هه‌رێمى كوردستاندا بگونجێت، ئه‌وسا ده‌توانين به خۆمان بڵێين ملله‌ت و ووڵاتێكى سه‌ركه‌وتووين.
ئه‌و وڵاتانه‌ى كه گۆڕينى گه‌وره‌يان لێ دروست بووه، له خوێندنه‌وه ده‌ستيان پێكردووه، نموونه‌يه‌ك له‌سه‌ر كۆرياى باشوور ده‌هێنمه‌وه، چونكه زۆر سه‌ردانى ئه‌و ووڵاته‌م كردووه بۆ ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ى له نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆريادا هه‌يه. كۆرييه‌كان له ڕووى سامانه سروشتييه‌كانه‌وه شتێكى وايان نيه، پێشتر ووڵاتێكى زۆر به كێشه‌ش بووه، كه چاكسازييان له خوێندندا كرد، كه ده‌سيان به‌وه كرد سيسته‌مى خوێنديان بگۆڕن، ئه‌مڕۆ ئابووريى ئه‌و ووڵاته يه‌كێكه له ئابوورييه هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانى دنيا.
بۆيه لێره‌وه ده‌ڵێم دروستكردنى ئه‌م كه‌مپه ته‌نيا بۆ ئه‌وه نيه بيناى جوانمان هه‌بێت، ته‌نيا بۆ ئه‌وه نيه كه‌مپێكى ڕێكوپێكمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌مانه كه ده‌بێ سيسته‌مه‌كه‌ش به هه‌مان شێوه وه‌ك جوانيى ئه‌م بينايانه بێت، ده‌بێ خوێندكاران زۆر به په‌رۆشه‌وه گرنگى به خوێندنى خۆيان بده‌ن، ده‌بێ سيسته‌مێك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆى دنيادا بگونجێت، قوتابيان و خوێندكارانمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌بێ له كه‌شوهه‌وايه‌كى وادا ده‌ست به خوێندن بكه‌ن كه ئه‌و بوارانه‌ى هه‌ڵيده‌بژێرن له خزمه‌تى ئه‌م ووڵاته‌دا بێت.
زۆر جار پاره‌يه‌كى زۆر خه‌رج ده‌كرێت، ئيمكانياتێكى يه‌كجار زۆر له حكوومه‌ت خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌بێ يه‌كه‌م شت ده‌ستنيشانى ئه‌و بوارنه بكه‌ين كه به ڕاستى پێويستيمان پێيه‌تى. ئه‌گه‌ر توانيمان ئه‌و بوارانه‌ى بۆ پێشكه‌وتنى ووڵاته‌كه‌مان پێويستن ده‌ستنيشان بكه‌ين، ده‌بێ له وێوه ده‌ستپێبكه‌ين.
به‌ڕێز د. عه‌لى سه‌عيد وه‌زيرى خوێندنى باڵا لێره‌يه، زۆر جار گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ين كه پرسى تواناسازى بۆ ووڵاته‌كه‌مان بابه‌تێكى زۆر گرنگه، ئه‌و به‌رنامه‌يه كه له كابينه‌ى شه‌شه‌مه‌وه ده‌ستى پێكردووه، به دڵنياييه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و بوارنه‌ى كه ده‌بێ خوێندنى تيادا بكرێت، ده‌بێ خۆمان له‌سه‌ر بنه‌ماى پێداويستيى ووڵاته‌كه‌مان؛ ده‌ستنيشانيان بكه‌ين. هه‌ندێ كه‌رت هه‌يه كه به جددى ووڵاته‌كه‌مان پێويستى پێيه‌تى، هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده ده‌بێ بير له‌وه بكه‌نه‌وه كه ئێمه گه‌وره‌ترين كێشه‌مان هه‌يه.
ده‌رچوون له زانكۆكان ده‌كرێت، بڕوانامه‌ى به‌رز وه‌رده‌گيرێت، به‌ڵام ناتوانن بچووكترين ئيش بكه‌ن، ده‌بێ گرنگى به قوتابخانه پيشه‌ييه‌كان بدرێت، پێويسته فێريان بكه‌ين چۆن كارى شێره‌ى ئاو بكه‌ن، چۆن كارى ئێركۆنديشن بكه‌ن، چۆن كارى كاره‌با بكه‌ن، ئه‌مانه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ن كه خوێندكارانمان ده‌بێ بچن فێرى ئه‌و پيشانه ببن و ئێمه‌ش وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له سيسته‌مى په‌روه‌رده‌دا زۆر به جددى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕاده‌وه‌ستين.
هه‌موو كه‌سێك دكتۆرا به‌ده‌ست بێنێت و له زانكۆ ده‌ربچێت، پێويستيمان به بچووكترين ئيشێكى وه‌ك چاككردنه‌وه‌ى ئيركۆنديشنێك له‌م ووڵاته هه‌بێت، ئه‌و ته‌كنيكه و ئه‌و خه‌ڵكه‌مان نيه بتوانن ئه‌و كاره‌مان بۆ بكه‌ن. ناكرێت ووڵاتێكى وه‌ك كوردستان به‌م شێوه‌يه له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌يه به‌رده‌وام بێت، ده‌بێ سيسته‌مه‌كه به ته‌واوى بگۆڕدرێت. ئه‌م قسه‌يه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش كردووه، پرۆگرام هه‌يه بۆ ڕاهێنانى مامۆستايان، پڕۆگرام هه‌يه بۆ گرنگيدانى زياتر به قوتابخانه پيشه‌ييه‌كان، ده‌بێ قوتابيان و خوێندكارانمان هان بده‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بچن له‌و قوتابخانانه بخوێن، هه‌رچييه‌كيش بۆ پشتگيرييان پێويست بێت، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه.
ده‌يسانه‌وه زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌و شه‌ره‌فه‌م هه‌بوو له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌شدار بم، ئه‌مه خه‌ونى هه‌موو مامۆستايانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين بوو، خه‌ونى خوێندكارانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين بوو، به‌ڵام وه‌ك كه‌سێكيش حه‌ز ده‌كه‌م لێم قبووڵ بكه‌ن كه به ڕاستى ئه‌وه خه‌ونى منيش بووه و به ڕاستيش به‌دواداچوونم له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه كردووه. دڵنيام و بڕوايه‌كى ته‌واوم هه‌يه كه ئه‌و بۆرده‌ى دانراوه، وه‌زيرى ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئه‌و هاوكارانه‌ى كارى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانيا به‌ڕێزه‌ى كه ئه‌مڕۆ لێره دانيشتوون (دارولهه‌نده‌سه) و ئه‌و براده‌رانه‌ى كه له ده‌ره‌وه هاتوون، ده‌توانين ئه‌و پڕۆژه‌يه و ئه‌و خه‌ونه بێنينه دى.
به هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لايه‌كتان، زۆر به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.