14ی ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان تاقی كردنەوەكانی وەرزی دووەم و كۆتایی ساڵ لە هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی دەست پێبكات، لە سنوری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێریش كە سنوری ئەم پەروەردەیە هەریەك لە پەروەردەكانی (ناوەندی هەولێر و دەوروبەر و دەشتی هەولێر و خەبات و مەخمور و شەقلاوە و سۆران و رواندز و مێرگەسۆر و چۆمان و كۆیە) لەخۆ دەگرێت، 427744 قوتابی لە قۆناغە جیاوازەكان بەشداری تاقی كردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دەكەن لە ساڵی 2012-2013 ماوەی تاقی كردنەوەكانیش لە 14-5 تاكو 23-5 دەخاینێت، لەسەرجەم قوتابخانەكانی سنوری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، لە بارەی ئامادەكارییەكانی تاقی كردنەوەكانیش بەكر كەریم حەسەن بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە KDP.infoرایگەیاند: ئێمە وەكو بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر هەوڵ دەدەین كەشێكی ئارام بۆسەرجەم قوتابیانی قۆناغە جیاوازەكان دروست بكەین، لە نێو هۆڵەكانی تاقی كردنەوەی بۆ ئەوەی قوتابیانی خۆشەویست بتوانن ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنین سەركەوتوو بن لە تاقی كردنەوەكان. رۆژانەش بە بەردەوامی تاكو كۆتایی هاتنی رۆژانی تاقی كردنەوەكان سەرپەرشیتارانی پسپۆری لە پەروەردەی گشتی هەولێر هۆڵەكانی تاقی كردنەوەكان بە سەر دەكرێنەوە، بۆ ئەویە بتوانین بە باشترین شێوە تاقی كردنەوەكان ئەنجام بدەین. لە قوتابخانەكان، پێشتریش ئامادەكاری باشمان كردبوو بۆ رۆژانی تاقی كردنەوەكان كەلوپەلی پێویتسیشمان دابین كردووە بۆ قوتابخانەكان بۆ ئەوەی كەشێكی گونجاو و لە بار دروست بكەن بۆ قوتابیانی بەشدار بوو لە تاقی كردنەوەكان. هیوامان سەركەوتنی سەرجەم قوتابیانی خۆشەویستە لە تاقی كردنەوەكانی كۆتایی وەرزی ساڵ.