دایك و باوك لە قەڵەوبوونی منداڵەكانیان بەرپرسن

دایك و باوك لە قەڵەوبوونی منداڵەكانیان بەرپرسن
10ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- دایك و باوك بەرپرسیاریەتی زۆرینەی دۆخەكانی قەڵەوبونی منداڵەكانیان دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە دەركەوتووە زۆرینەی ئەو منداڵانەی قەڵەون، كەسوكاریشیان هەمان كێشەیان هەبووە.

دكتۆر رادكا پیدرلیچۆكا، پسپۆری قەڵەویی منداڵان، دەڵێ: منداڵ لە كەسوكارییەوە فێری شێوازی ژیان دەبێت، لەبەرئەوە ئەگەر كەسوكار خوویەكی دیاریكراوی ناتەندروستیان هەبێت، منداڵەكە ناتوانێ خویەكی‌دیکه‌ی‌ پێچەوانەی خووی كەسوكارەكەی فێر بێت.

ئەو پسپۆرە، دووپاتی دەكاتەوە كە 80 لەسەدی ئەو منداڵانەی كێشی زیادیان هەیە، كەسوكاریان هەمان كێشەیان هەیە و ئاشكراشە زیادەكێشی دەبێتە هۆی نەخۆشییەكانی دڵ و دەمار و شەكەر و چەند جۆرێكی شێرپەنجە.

ئەو پزیشكە هەروەها روونیدەكاتەوە كە كێشەی گەورە لە نێو ئەو منداڵانەدایە كە لە تەمەنی پێگەیشتندان و تەمەنیان 13 ساڵە و ئەوانەیان كە كوڕن هیچ بایەخ بە دابەزاندنی كێشی خۆیان نادەن و زیادەی كێشیان هەندێكجار دەگاتە 35 لەسەد.

ئەو پزیشكە، دووپاتی دەكاتەوە كە كەسوكار دەتوانن لە كەمكردنەوەی ئاستی قەڵەوی منداڵەكانیان بە هاندانیان بۆ جووڵە و وەرزشكردن و رێگرتن لێیان لە دانیشتنی زۆر بەدیار تیڤی و كۆمپیوتەرەوە، رۆڵیان هەبێت.
Top