چەمچەماڵ لەنێوان سلێمانی و گەرمیان و كەركوكدا
December 26, 2010
راپۆرتەکان
ڕووبەری چەمچەماڵ یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار دۆنمە و ژمارەی دانیشتووانی شارۆچكەكە نزیكەی (165)هەزار كەسە و دەكەوێتە نێوان سلێمانی و كەركوك، شارۆچكەی چەمچەماڵ لەشاری كەركوكەوە تەنیا (46)كیلۆمەتر دوور دەبێت، لەساڵ 1991 تا ساڵی 2003 چەمچەماڵ لەگەڵ ڕژێمی بەعس هێڵی تەماس بوو، لەبنكەكانی سوپای ڕژێمەوە كەمترلە (500 ) مەتر دووربوو، لەبەر ئەوەش ڕژێمی بەعس چەندین جار سنوور و سەنتەری قەزای چەمچەماڵی تۆپباران كرد، بەمەش دڵەڕاوكێ و نائارامی بەردەوام لە ناوچەكە هەبوو،ئێستا چەمچەماڵ بەرفراوانییەكی زۆری بەخۆوە دیوە، دەبێت ئەوەش بزانین لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ یەكەمینجار كاری كشتوكاڵی لەم سنوورەداكراوە بەتایبەتی گەنم كەلە گوندی (چەرموو) چاندراوە..
چەمچەماڵ رووبەری زەوییەكی فراوان و بەپیت و بەرەكەتی هەیە، هەر بۆیە خەڵكێكی زۆر بەتایبەتی گوندنشینەكان بەكشتوكاڵ و باخ و بێستان و مەڕوماڵاتەوە خەریكن . بۆ پتر ئاگاداربوون لەگرفت و كێشەی هاووڵاتیان و ئەو پرۆژانەی كەلەم دەڤەرەدا ئەنجام دەدرێت سەردانی سنوورو سەنتەری قەزای چەمچەماڵمان كرد، هەرلەو كاتەی گەیشتینە سەر ڕێگای سەرەكی نێوان (كەركوك – چەمچەماڵ) چەند نزیك دەبووینەوە لە چەمچەماڵ ڕێگاكە پترناخۆش دەبوو، تاسەو قۆرتەكان زیادی دەكرد، لەگەڵ گەیشتنمان بە شار لەنزیك نەخۆشخانەی چەرموو چەند پرسیارێكمان لەهاووڵاتیانی شارەكە كرد، سەبارەت بە كارەخزمەتگوزارییەكانی سەنتەری قەزاكە، بەگشتی هاووڵاتیان گلەیی و گازندەیان زۆربوو بەتایبەتی لەسەر خراپی شەقام و كۆڵانەكانیان و مانەوەی زبڵ وخاشاك لەبەردەمی دەرگاكانیان و دانەمەزراندنی كوڕو كچەكانیان، هەروەها نەبوونی نەخۆشخانەیەك و چەندین گلەیی و ڕەخنەی تریان خستەڕوو
دواتر سەردانی بەڕێز( عەلی ڕەئووف )قایمقامی قەزای چەمچەماڵمان كرد و گلەیی و گازندەی هاووڵاتیان و چەندین پرسیاری ترمان ئاراستەی كرد ..
لەم راپۆرتەدا پوختەی وەڵامەكانی بەڕێزی بڵاودەكەینەوە ..
عەلی ڕەووف.. قایمقامی قەزای چەمچەماڵ (بۆگوڵان):
دەبێت چەمچەماڵ بگەڕێتەوە سەر كەركوك و لەسەر ئیدارەی گەرمیان نەمێنێت
(7) هەزار خێزانی كەركوكی
لەقەزای چەمچەماڵ نیشتەجێن
لەسەرەتادا لەبارەی چۆنیەتی گەشەكردنی چەمچەماڵ و ژمارەی ئەو خێزانە كەركوكیانەی كە لە قەزای چەمچەماڵ و سنوورەكەی دەژین و كاریگەرییان لەسەر بوودجەو پڕۆژەكانی ئەو سنوورە چییە قایمقامی چەمچەماڵ وتی : شاری چەمچەماڵ و سنوورەكەی لەئەنجامی خراپی هەڵسوكەوتی ڕژێمی بەعس و ئەنفالە بەدناوەكە، لە هەموو پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بێبەش كرابوو، بەڵام دوای 1991 و دەستبەكاربوونی حكومەتی كوردستان هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە لە هەموو كوردستان دەستی پێكرد و چەمچەماڵیش لەو كارو پڕۆژانە بێبەش نەبوو، بەڵام بەپێی پێویست و فراوانبوونی ناوچەكە نەبوو، چونكە گەشەكردن و بەرفراوان بوونی بەشێوەیەكی سروشتی نەبووە، لەئەنجامی ڕاگواستنەوە و ئەنفالەوە خەڵكێكی زۆر ڕوویانكردۆتە سنوورەكە هەر بۆ نموونە ناحیەی شۆڕش لەدوای ساڵی 1988 كۆمەڵگایەكی زۆرەملێ بوو لەپاشان بوو بە ناحیە ئێستاكە ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی (50 )هەزار كەسە .
هەروەها پترلە (7)هەزار خێزانی سنووری شاری كەركوك و ناو شاری كەركوك لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەژین و لە قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی ماددەی (140) دا فۆرمی خۆراكیان بۆ كەركوك گواستۆتەوە، ئەمە نەك تەنیا كاریگەری لەسەربوودجەكەمان هەیە، بەڵكو لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو سووتەمەنی و كارەبا و داودەرمان و كارو پڕۆژەكانی تریش كاریگەری لەسەر قەزای چەمچەماڵ دروستكردووە، لەبەر ئەوەی دانان و دابەشكردنی بوودجە بەپێی ژمارەی دانیشتووان دیاری دەكرێت، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین كە قەزای چەمچەماڵ لە دوای 6/11/1976 بەبڕیارێكی حزبی بەعس لەكەركوك كراوەتەوەو لكێنراوە بە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش بەمەبەستی كەمكردنەوەی ژمارەی نەتەوەی كورد بووە لە شاری كەركوك. بۆیە بەپێی جوگرافیاو مێژوو لە چوارچێوەی ماددەی (140)ی دەستوور دەبێت بە فەرمی قەزای چەمچەماڵ بگەڕێنێتەوە سەر كەركوك .
ئێمە قەزای چەمچەماڵ بەگەرەكێكی شاری كەركوك دەزانین و حەتمیە دەبێت هەر بگەڕێتەوە سەر كەركوك .
پێمان باشە لەسەر ئیدارەی گەرمیان نەمێنین
لەبارەی خستنەسەری چەمچەماڵ بۆسەر ئیدارەی گەرمیان دەستكەوتێك بوو یان كێشەی لێكەوتەوە، وەكو دەزانین كەمپینێكیش دروستبووە بۆ جیابوونەوەی چەمچەماڵ لە گەرمیان قایمقامی چەمچەماڵ وتی : پێش پرۆسەی ئازادی عێراق بارودۆخێكی سیاسی هەبوو، بۆیە پارێزگای كەركوك لە دەربەندیخان دانرابوو، ئێمەش وەكو قەزای چەمچەماڵ لەرووی كارگێڕیەوە سەربەوێ بووین بۆهەموو ئیشوكارێك دەچووینە دەربەندیخان، ڕۆژانە بەبەردەوامی بۆ ڕاپەڕاندنی كارو مامەڵەكان دەبووایە هــــــــــاتوچۆی دەربەندیخان بكەین، ئەوەش زۆر قورس و زەحمەت بوو.
هەروەها ئێستاكەش سنوورەكە بەرفراوان بووە، مامەڵەی هاووڵاتیان زیادیكردووە بەپێی فراوانی سنوورەكەش كێشەو گرفت و كارو پڕۆژەكان لەزیادبوون دایە، بۆ هەموو كارو مامەڵەیەكیش دەبێ سەردانی ئیدارەی گەرمیان بكەین، دووبارە ئەوەش ماندووبوونێكی زۆرو ئەركێكی قورسە، لەبەر ئەوەی ڕێگاكە دوورو ناخۆشە هەموو جارێك دەبێ بچینە سلێمانی لەوێش بۆ دەربەندیخان ئینجا بۆ كەلار، ئەوەش زیاتر لە دوو كاتژمێرو نیوی دەوێت . بۆیە كەمپینێك دروست بووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، من بەرای شەخسی خۆم وای بەباش دەزانم شیوازێكی یاسایی بەكاربهێنرێت بۆ ئەوەی شارۆچكەی چەمچەماڵ حاڵەتێكی ئیداری تایبەتی سەربەخۆی بۆ دروست بكرێت یان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بخرێتە سەر بەڕێوەبەریەتییەگشتیەكانی سەر بەوەزارەتەكان تا ئەوكاتەی ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێت و قەزای چەمچەماڵ بە شێوەیەكی فەرمی بۆ سەر پاریزگای كەركوك دەگەڕێتەوە ..
بەگشتی پێمان باشە بەهەر ڕێگایەك بێت لەسەر ئیدارەی گەرمیان نەمێنین، چونكە گرفت و كێشەی دووری و ناخۆشی ڕێگاكەمان هەیە . لەلایەكی تر دابڕان و دووری لەئیدارەكان وایكردووە تاڕادەیەك شێواندن لەكاروباری ئیداریمان هەبێت، بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و پەروەردەی چەمچەماڵ سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و پەروەردەی سلێمانییە، بەڵام بنكەی هاتوچۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانە بۆ سووتەمەنی پێوەندیمان لەگەڵ كەركوك هەیە واتە ئیشوكارەكانی قەزای چەمچەماڵ لەنێوان چەند ئیدارەو شارێك دابەش بووە، ئەوەش بارودۆخێكی زەحمەت و پەرشوبڵاوی پێوەدیارە، كاریگەری خراپی لەسەر قەزاكە دروست كردووە .
لەو بودجەیەی بۆ گەرمیان تەرخانكرا چەندین پڕۆژەی پێ ئەنجامدراوە
سەبارەت بەو بودجەیەی كە لەلایەن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی پێنجەم بۆ گەرمیانی تەرخانی كرد چ پشكێك بۆ سنووری قەزای چەمچەماڵ هەبوو قایمقامی چەمچەماڵ وتی : بێگومان لەو بودجانەی بۆ گەرمیان تەرخانكراوە پشكمان هەبووە و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دراوە بەتایبەتی بۆكەسوكاری ئەنفالكراوەكان خانووی نیشتەجێبوون دروست كراوە، ناڵێین كارو پڕۆژەكان (100%)ە، بەڵام كاری باش كراوە، گەرچی بەپێی پێداویستی و داواكاری خەڵكەكە و سنوورەكە نییە، بۆیە لەساڵانی داهاتوو چاوەڕوانی كارو پلان و پڕۆژەی زیاترو ستراتیژین كە لەئاستی داواكاریەكان و سنوورەكە دابێت .
وێستگەی كارەبای(750)میگاواتەكە
پڕۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە سنووری چەمچەماڵ دامەزراوە، سەرەڕای ئەوە سەنتەری قەزاو سنوورەكەی گرفتی كارەبایان هەیە كە ڕۆژانە تەنیا چەند كاتژمێرێك كارەبایان پێدەدەن لەمبارەوە قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی : ئەو وێستگەیە پڕۆژەیەكی گەورەیە (750) میگاوات كارەبا بەرهەم دێنێت، بڕی وزەی بەرهەم هاتوو و دەچێتە ناو تۆڕی دابەشكردنی كارەبای گشتی هەرێمی كوردستان، ئینجا كارەبایەكە بەپێی سستەم و خشتەیەك دابەش دەكرێت . لەم بڕە كارەبایەش ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك دەدرێت بەچەمچەماڵ، بەڵام پێویست بوو بڕە كارەبایەكەمان زیاتربووایە بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆمان لەگەڵ وەزیری كارەبا كردووە، لەبەر ئەوەی لەچەند لایەكەوە زەرەروزیانی بۆ ناوچەكە هەبووە لەلایەك ئەو ویستگەیە لەسەر زەوی كشتوكاڵی چەند جووتیارێك دروستكراوە تائێستاش قەرەبووكردنەوەكەیان پێ نەدراوە، هاوكات زەرەروزیانی بە ڕێگاوبانی دەووروبەری وێستگەكەو ناوچەكە گەیاندووە، بەڵام ماوەیەكە خشتەی دابەشكردنەكەی كارەبا بەگشتی كەم بۆتەوە .
پڕۆژەی دووی ئاوی(دوكان – چەمچەماڵ) عەیار 24 نییە، تەنیا بۆ (3-4)ساڵ باشە
لەچەمچەماڵ باس لەوە دەكرێت كەسێكی سەرمایەدار هەڵساوە بە دروستكردنی بەنداوێك بۆ ئەمباركردنی ئاوو چەندین گوند سوودیان لێوەرگرتووە، تۆپۆگرافیای ناوچەی چەمچەماڵ شوێنێكی لەبارە بۆ دروستكردنی بەنداوو ئەمباركردنی ئاو بەمەشە ناوچەكە لە بێئاوی رزگاری دەبێت، سەبارەت بە بواری بەنداو ئاوگلدانەوەو پڕۆژەو گرفتی ئاوی خواردنەوە بەڕێز قایمقامی چەمچەماڵ وتی: هەر لە كۆنەوە ئاو لەم ناوچەیە كەمبووە، هەر بۆیە ناوچەكە وشك دیارەو لەم ساڵانەی دوایش نەبوونی باران و وشكە ساڵی كاریگەری زۆرتری لەسەر دروستكرد، بۆ چارەسەركردنی كەم ئاوی دەست كراوە بەدروستكردنی بەنداو یان زیاتركردنی بەنداو، هەر بۆیە سنووری چەمچەماڵ لەبواری بەنداوپرۆژەكانی ئاودێریەوە فەرامۆش نەكراوە، بەنداوی گەورەمان هەیە وەكو بەنداوی (حەسەن كەنۆش) كە بەبڕی دووملیۆن دۆلار لە ژێر جێبەجێكردن دایە و لەپلان دایە چەند بەنداوێكی مامناوەندی بچوك دروست بكەین، هاوكات لەسنوورەكەدا چەندین خەڵك لە گوندەكانی تیدا نیشتەجێن خۆیان بەنداویان دروست كردووە .
هەروەها قەزای چەمچەماڵ گرفت و كێشەی ئاوی خواردنەوەشی هەبووە، بەڵام پڕۆژەی دووی ئاوی(دوكان – چەمچەماڵ) ئەنجامدرا ئێستاكە لە قۆناغی سوود گەیاندنە بەشارەكە، ئەوەش تاڕادەیەك گرفتی كەمئاوی چارەسەر كردووە (عەیار 24 نییە)، بەڵكو بۆ ئەو قۆناغەو تا(3-4) ساڵی دیكە باشە، پاش ئەو ماوەیە وەكو جاران تووشی گرفتی كەمئاوی دەبینەوە، بۆیە پێویستە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی (گۆپتەپە – چەمچەماڵ) جێبەجێ بكرێت، چونكە بەم پڕۆژەیە بۆماوەی (50) ساڵ گرفت و كێشەی كەمئاوی چەمچەماڵ نامینێت، لێرەدا داواكارین لە وەزارەتی شارەوانی ئەم پڕۆژە ستراتیژیە بخاتە بەرنامەو پلانی ساڵی 2011 .
تاچەند مانگێك لەمەوبەر گەڕەكی ئاسوودە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ نەكرابوو
سەبارەت بە گەڕەكی ئاسوودە كە بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوەكان دروست كراوە، تائێستا كەموكوڕی خزمەتگوزاریان هەیە، قایمقامی چەمچەماڵ وتی : گەڕەكی ئاسوودە پتر لەدوو هەزار ماڵ دەبێت بۆكەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوەكانە، لە قۆناغی یەكەم و دووەم (1500) زەوی بەسەریان دابەشكراوە لەپاشان خانووەكانیان بۆ دروست كراوە و لەم ڕۆژانە لەلایەن سەرۆكی حكومەت بڕیاردرا كە (654)خانووی تر دروست بكرێت، بێگومان تاچەند مانگێك لەمەوبەر ئەو گەڕەكە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ نەكرابوو، بەڵام ماوەیەكە پڕۆژەی شەقام و كۆڵانەكان وەكو تێكەڵەڕێژی و شۆستە و ئاوو ئاوەڕۆ دەستی پێكردوە، پڕۆژەی تۆڕی دابەشكردنی كارەبا تەواو بووە . هەروەها دوو بینایەی قوتابخانەی (18) پۆڵی لەژێر جێبەجێكردن دایە، دەتوانین بڵین لەماوەی شەش مانگی تردا زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی گەڕەكی ئاسوودە تەواو دەبێت .
گوندەكانی سنووری قەزای چەمچەماڵ
پێویستیان بەبینایەی قوتابخانە ڕێگاوبان هەیە
لەتەوەرەیەكی تردا قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئاماژەی بە كەموكورتی و كێشە خزمەتگوزاری ناحیەكاندا بەگشتی وتی : ئەگەر باسی گرفت و كەموكورتی خزمەتگوزاری ناوچەكە بە گشتی بكەین كێشە و پێداویستی زۆرمان هەیە ئەگەر لە بواری پەروەردە بڵێین بینایەی قوتابخانە بۆ گوندەكان و ناحیەكان بە گشتی پێویستە دروست بكرێت، چونكە گوند هەیە قوتابخانەی نییە یان (یەك، دوو) پۆلە یان لە قوڕ و گڵ دروست كراوە یان لە خانووی كرێی دەوام دەكەن، بەڵام لە ناو قەزای چەمچەماڵ ئێستا كە گرفتی بینایەمان نییە، گەرچی بۆی هەیە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەشەكردن سەنتەری قەزاش پێویستی بە دروستكردنی بینایەی قوتابخانە بكات و ڕێگاوبانیش لە نێوان قەزا و گوندەكان و ناحیەكان گرفتێكی دیارە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی جددی هەیە و هەر چەندە لە ساڵی(2010) قیرتاوكردن و چەورێژكردن بۆ ناحیەكان ئەنجام دراوە، زۆربەی رێگاكانی نێوان ناحیەكان و گوندەكانی سنووری چەمچەماڵ شیاونین بۆهاتووچۆكردن دەست نادەن لەبەر ئەوەی زۆر ناخۆشن و لەكاتی هاتووچۆكردندا كێشەی زۆر بۆهاووڵاتیان دروست دەبێت لەبەر ئەوە لەسەرەتای ساڵی 2010 دەست كراوە بە چاككردن و قیرتاوكردنی رێگا سەرەكییەكانی ناحیەكان و قەزای چەمچەمال و تا كۆتایی ساڵی 2011 بە ئومێدین هەر هەموو ئەو رێگاوبانە سەرەكیانە تەواوببن، ئینجا هەنگاو بە هەنگاو و بەرەو رێگای گوندەكان دەڕۆین..
بەڵام گرفتی ڕێگاوبان لەمە زۆر گەورەترە پێویستی بە بودجە و كاروپرۆژەی زیاتر هەیە بۆیە لێرەدا داواكارین لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕێگاوبان و نیشتەجێبوون و ئاوەدانكردنەوە و بەرنامە و پلان و پرۆژەی زیاتر و ستراتیژیان بۆ ناوچەكە هەبێت، لەبەر ئەوەی سنووری قەزای چەمچەماڵ شارێكی دێرینی مێژووییە كە لە ژیانی مرۆڤایەتی دا بۆ یەكەم جار كشتوكاڵی تێدا كراوە .
هیچ كارو پرۆژەیەك بۆ گوندی چەرموو و قەڵای سپی حەسەن نەكراوە
لەبارەی ئەوەی گوندی چەرموو و قەڵای سپی حەسەن لە قەزای چەمچەماڵ دوو شوێنی شوێنەواری زۆر كۆن و دێرینە، دەبێ لە بواری شوێنەوارەوە چییان بۆ كرابێت قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی : وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار هیچ كاروپرۆژەیەكیان بۆ ئەم دوو شوێنەوارە دێرین و مێژووییە ئەنجام نەداوە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان لە ئیدارەی گەرمیانمان كراوەتەوە تا ئەمڕۆكە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە قەزای چەمچەماڵ بەشی نەكردۆتەوە، لە كاتێكدا نەك تەنیا ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، بەڵكو وەزارەت ودەزگا پێوەندارەكانی تایبەت بە شوێنەواریش پرۆژەیان بۆ گوندی چەرموو و قەڵای سپی نەكردووە، لەكاتێكدا دەبوو گەورەترین پرۆژە لەبواری شوێنەواردا بۆئەو ناوچانەجێبەجێ بكرایە، ئیتر نازانین كار نەكردن بۆ ئەم شوێنانە هۆكارەكەی چییە، لایەنی پەیوەندار دەتوانێ هۆكارەكان دیاری بكات ؟ بەڵام لە بەردە قارەمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارەوە پرۆژەیەكی گەشتیاری بۆ ئەنجام دەدەن و لەلایەن كەرتی كشتوكاڵی چەمچەماڵ هەڵمەتی نەمام و درەخت چاندن بۆ (بانی مەقان)دەكەن، بەڵام لە رووی گەشتیاری هیچی بۆ نەكراوە.
نەبوونی سایلو یەكێكە لەو گرفتانەی
لەسنوورەكەمان ڕووبەڕووی جووتیاران دەبێتەوە
هەروەها سەبارەت بە بواری كشتوكاڵ و هاوكاری و پشتگیری جووتیارانی ناوچەكە قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی : كار لە بواری كشتوكاڵیدا كراوە، بەڵام زۆر زیاتری دەوێت بۆ ئەوەی بە تەواوی كەرتی كشتوكاڵ بەرەو پێشەوە بچێت، نەبوونی سایڵو یەكێكە لەو گرفتانەی لەسنوورەكەمان ڕووبەڕووی جوتیاران دەبێتەوە، چونكە لە توانای كەس نییە دەغڵودان بەتایبەتی گەنم و جۆ بباتە كەلار، لەبەردووری رێگا خەرجیەكی زۆری دەوێت.
چەمچەماڵ پێویستی
بە نەخۆشخانەیەكی (50) قەرەویڵەییە
سەبارەت بە بواری تەندروستی و گرفتەكانی، بەتایبەتی نەبوونی نەخۆشخانەیەكی بەرفراوانی چەند قەرەوێڵەیی قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی : دوو نەخۆشخانە لە سەنتەری قەزای چەمچاڵ هەیە كە هەردووكیان فراوان و نۆژەنكراونەتەوە، بەڵام لەبەر زۆری دانیشتووان و بەرفراوانبوونی قەزاكە، چەمچەماڵ پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی (50) قەرەویڵەیی هەیە و بڕیاربوو لە ساڵی(2010) بكەوێتە قۆناخی جێبەجێ كردنەوە، گەرچی دواخرا بۆ ساڵی 2011 بە دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە تا ئاستێكی باش كێشە و گرفتی تەندروستی لە سنوورەكە بەتایبەتی لە سەنتەری قەزا چارەسەر دەبێت.
لەبارەی ماستەر پلانی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەدا ماستەر پلانی سەنتەری قەزای چەمچەماڵ لە 13/12/2010 گفتوگۆی تیروتەسەل لە بارەی هونەریی و دیزاین و وردەكاریەكانی بۆ كراوە و كەوتۆتە ژێر ئەنجامدان لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت ئەوكاتە دەتوانین كاروبەرنامە جوان و باشتر بۆ شارەكە دابڕێژین و ئەنجامی بدەین، بەمەش زۆر گرفت و كێشە چارەسەر دەبێت .
یەكێك لە كێشە و گرفتەكانی شاری چەمچەماڵ نەبوونی گەراجی یەكگرتووی ئۆتۆمبێل بوو
لەدرێژی قسەكانی دا وتی : بێگومان یەكێك لە كێشە و گرفتەكانی شارۆچكەی چەمچەماڵ كەرووبەڕووی هاوڵاتیان دەبۆوە نەبوونی گەراجی یەكگرتووی ئۆتۆمبێل بوو بۆ نێوان چەمچەماڵ و شارو شارۆچكەكان، خۆشبەختانە ئەم پرۆژەیە ماوەیەكە لە ژێر جێبەجێ كردندایە و لە(20%)ی ئەنجام دراوە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشێوازێكی رێكوپێك تەواو دەبێت.
گرفتی كرێكاری كارگوزار و
مووچەی كارگوزارەكانمان هەیە
هەروەها سەبارەت بەپاككردنەوە و هەڵگرتنەوەی زبڵ وخاشاك و ئەوگرفتانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی : ئێمە نەك كێشە و گرفتی هەڵگرتنەوەی زبلۆخاشاكمان هەیە، بەڵكو گرفتی كرێكاری كارگوزار و مووچەی كارگوزارەكانمان هەیە، ئەوەتا ژینگە پارێزێك بە گرێبەست كە رۆژانە پتر لە حەوت كاتژمێر كاردەكات مانگانەكەی تەنیا (250) هەزار دینارە، ئەمەش پارەیەكی زۆر كەمە بەبەراورد بەوكارەی كەپێشكەشی دەكات و بەشی ژیان و گوزەرانی ناكات و كەم كەس هەیە ئەو كارە بكات، هەرچەندە كارێكی پیرۆزە، بەڵام كارێكی زۆر قورسە، سەرەڕای ئەم گرفتانە بەپێی ئەو ئۆتۆمبێل و ئامێرانەی هەمانە رۆژانە زبڵوخاشاك لە ناو گەڕەك و شارەكە هەڵدەگرینەوە و پاكوخاوێنی شارەكە بە گشتی دەپارێزین، بەڵام دەبێت باشتر و زۆرتر كار لەسەر ئەو بوارە بكەین بە هەر رێگایەك بێت لە رێگای كەرتی تایبەتەوە بێت یان كاراتر و باشتركردنی مووچەی كارگوزار و زیادكردنی ئامێر و ئۆتۆمبێلی پاككردنەووە بێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی كە لەسەرمانە شارەكە بە باشترین و جوانترین و پاككترین شێوە لە زبلۆخاشاك و پیسی بپارێزین..
لەلایەكی دیكە بۆ پاراستنی و جوانكردنی شارەكە و ژینگەكەی بەردەوامین لە هەڵمەتی دار و درەخت و نەمان چاندن، ئەگەر سەیری ئێستا بكەن و بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی پێشووتر بكەین جیاوازییەكی بەرچاو بەدی دەكرێت كە دەبینین لە شۆستە و ناوەڕاستی شەقام و كۆڵانەكانی شارەكە ژمارەی دار و درەخت زیادی كردووە و ئێستا كە پتر لە (22) باخچەی بچووك و مامناوەندی و گەورەمان لە ناو شار و گەڕەكەكانی چەمچەماڵ دروستكردووە و لە پلان و بەرنامە دایە بەردەوامبین لە دروستكردنی باخچە و پارك و ناوچەی سەوزایی و لەم رووەشەوە پێویستی شارەكەو داواكاری خەڵكەكە زۆر زیاترە و خۆشمان تا ئێستا نەگەیشتووینە ئەو ئامانجەی كەهەمانە.
دەسەڵاتی ئیداریی پێویستی
بە بەبودجە و دەسەڵاتی دارایی هەیە
هەروەها سەبارەت بەوەی كە لە هەموو یەكە ئیداریەكانی ناحیە و قەزایەكان كێشەیەك هەیە، ئەویش نەبوونی بوودجە یان یەكەیەكی ژمێریایە بۆ راپەڕاندنی كارێك یاخود پرۆژەیەكی بچووكی لە ناكاو یان بۆ داواكاری گەڕەكێك یان گوندێك،قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەدا : ئەو دەسەڵاتەی كە بە بڕیارێك لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دابەزیوە بۆ یەكە ئیدارییەكان دەسەڵاتی ئیداریە و ئەمەش كارێكی باشە و وایكردووە كار ئاسانی و رۆتین كەم ببێتەوە و لەگەڵ ئەم دابەزینی دەسەڵاتی ئیداریە پێویستە لە ساڵی 2011 بۆ باشتر كاركردن و راپەڕاندن و ئەنجامدانی هەندێ پرۆژە بڕێك بودجە و دەسەڵاتی دارایی بدرێت بە یەكە ئیدارییەكان، واتە رۆڵی یەكە ئیداریەكان فراوانبكرێت لە هەموو رووەكانەوە بەتایبەتی لەرووی دەسەڵات وئابوورییەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری كە دارایی و بوودجەی لەگەڵ دابێ ئەگەر ئەمساڵیش ئەكتیڤ نەبێت ساڵ لە دوای ساڵ لە داهاتوودا كارەكان باشتر و دەسەڵاتەكە ئەكتیڤتر دەبێت، بەمەش گەشەكردنی شاروشارۆچكە و گوندەكان و كوردستان بەگشتی زۆر بە خێرایی بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەكەمە بۆ ئەم دەسەڵاتە دەبێ میزانیەی پێویست تەرخان بكرێت و لەگەڵ دەسەڵاتە ئیداریەكە دابەزێت.
سیستەمی دامەزراندن بە شمولیەت و حزبایەتی نەماوە، بەڵكو بەپێی پێداویستی و میلاكاتە
لە وەڵامی ئەوپرسیارەدا ئایا دامەزراندن لە رێگای ئێوە و میلاكاتی پێویستە یان بەپیێ لیستی داواكراوە و ئەمساڵ چەند كەس لەلای ئێوە دامەزراوە قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی :
سیستەمی دامەزراندن بە شمولیەت و حزبایەتی نەماوە، بەڵكو بەپێی پێداویستی و میلاكاتە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە بوارە جیاجیاكاندا هەر لە پێویستی پەروەردە تا دەگاتە تەندروستی پتر لە (400) كەس دامەزراوەن، داواكاری لەسەركەرتی گشی زۆرە بەڵام ناتوانرێ ساڵانە ئەو هەموو دەرچووانەی زانكۆ و پەیمانگاكان لە كەرتی گشتی دابمەزرێت، بۆیە پێویستە پلان و بەرنامەیەك لەلایەن حكومەت دانرێت كە دەرچووان لە كەرتی تایبەت و كۆمپانیا بەهەمان ماف و ئیمتیازاتی كە لە كەرتی گشتی هەیە دابمەزرێن.
لە چەمچەماڵ كارگەیەكی ئاسن
بەبڕی یەك ملیار و سەد ملیۆن دۆلار دادەمەزرێت
هەست دەكەین كە وەبەرهێنان پتر لە شارە گەورەكان دەكرێت لە وەی لە شارێكی وەكو چەمچەماڵ، لە سنووری چەمچەماڵ وەبەرهێنەر و سەرمایەداران پرۆژەیەكی نوێیان نییە جگە لە پرۆژەی ویستگەی 750 مێگاواتی بەرهەمێنانی كارەبا، لەمبارەوە قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی : بێگومان سەرمایەدارو و بەرهەمهێنەران لە شوێنێك دەگەڕێن كە قازانج و دەستكەوتی زۆر و مسۆگەری هەبێت، هەر بۆیە لە شارە گەورەكان پتر كار دەكەن، بەڵام لە سنووری چەمچەماڵیش جگە لەو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە كە دامەزراوە، ئێستا كە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ پلانێك هەیە كە كارگەیەكی گەورەی ئاسن وەكو ئەوەی شاری هەولێر هەیە لێی دابمەزرێنن، ئەمەش كۆمپانیای (ماس) گرتویەتە ئەستۆی خۆی كە بڕی یەك ملیار و سەد ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت و كۆمپانیای بەڕێز هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست دەكات و كۆمپانیا داناغاز هەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵە لە ناحیەی قادر كەرەمە، جگە لەسوودی گشتی بۆ وڵاتەكەمان ئەم كارگە و پڕۆژانە هۆكارێكی سەرەكی دۆزینەوەی هەلی كارە بۆ ناوچەكەمان، لە كۆتاییدا داواكارین لە گشت وەزارەتەكان ئاوڕی زیاتر و باشترمان لێی بدەنەوە، چونكە ناوچەكە پێویستی بە كار و پرۆژەی زۆر هەیە.