قائیمقامی رانیە بۆ (گوڵان): پڕۆژەی ئاوی دەربەندی رانیە لەساڵی 2005ـەوە دەستی پێكراوە تا ئێستا تەواو نەبووە
November 27, 2010
راپۆرتەکان
لەبەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری گوڵاندا بۆ دەروازەی راپەڕین هاووڵاتییانی ژمارەیەك لەناوچەو گەڕەكەكانی رانیەمان بەسەركردەوەو چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هاووڵاتییان كرد و تیشكمان خستە سەر كارە خزمەتگوزارییەكان بەگشتی، هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە پێیانوابوو :(گەرچی چەند پڕۆژەیەك لەناوچەكە ئەنجامدراوە، بەڵام بەپێی خواست و پێداویستی ئێمە نییە..).
گرفت و كێشەی خەڵكی رانیەو ئاستی خزمەتگوزارییەكان، بەتایبەت پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆ و بێكاری و نەبوونی ماستەر پلانی شاری رانیەو دەیان بابەتی تری پێوەندار بەبارودۆخی ژیانی هاووڵاتییانەوە ناوەڕۆكی پرسیارەكانی گوڵان بوو كە ئاراستەی بەڕێز (عەلی حەمەد وسو) قائیمقامی شاری رانیەمان كرد و لێرەدا پوختەی دیدارەكە بڵاودەكەینەوە..
سەرەتا بەڕێز قائیمقامی رانیە وتی: رانیە بەدرێژایی مێژوو بنكەو پایتەختی سەركردایەتی شۆڕشەكان بووە، لەراپەڕینە مەزنەكەی 1991 بووە دەروازەی راپەڕین و 5 ئازار ئەو رۆژە بوو تاجی سەروەرییەكانی گەلی كورد و كوردستان لە رانیە دەستی پێكرد و رانیە بووە شاری تۆڵە ستێنی ئەنفال و كیمیاباران و شەهیدانی كوردستان، لەم روانگەیەوە پێویستە رانیە تایبەتمەندێتی خۆی هەبێت و حكومەتی كوردستان گرنگی زیاتری پێبدات و ئاستی خزمەتگوزارییەكان و گوزەرانی خەڵكیش پێشبخرێت.
لەدابەشكردنی بودجەی پارێزگادا
رەچاوی ئاستی گەشەكردنی رانیەی تێدا نەكراوە
گوڵان: كەواتە پایتەختی سەركردایەتی و دەروازەی راپەڕین بۆچی وا بێنازەو گرفتی خزمەتگوزاری هەیەو هاووڵاتییان گرفت و كێشەی خزمەتگوزارییان هەیە؟
قائیمقامی رانیە: پێموانییە شاری رانیەو سنوورەكەی بێناز بێت، لەبەرئەوەی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام گەشەكردنی رانیەو سنوورەكەی گەشەكردنێكی ئاسۆیی فراوان و زۆر خێرایە، ئەمەش وایكردووە زۆرجار فریای هەموو پێداویستی و پڕۆژەكان نەكەوین، تۆ سەیری فراوانییەكە بكە ئێستا 21 قوتابخانەی ئامادەیی و 3 پەیمانگاو چەند كۆلێژێكی هەیەو ژمارەی دانیشتووان و گەڕەكەكانی لە7 تا 8 گەڕەك بۆتە زیاتر لە36 گەڕەك. ئەمانە هەمووی بودجەو ماندوبوونێكی زۆری دەوێت.
دابینكردنی بودجەو ئەنجامدانی خزمەتگوزارییەكان بەدوو ئاراستە كراوە، لایەنێكیان ئەنجومەنی پارێزگایە، ئەمەش بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەش دەكرێت، راستە ئەمەش جۆرە دادپەروەرییەكی تێدایە، بەڵام لەلایەكی ترەوە زوڵم و نادادپەروەریشی لەگەڵدایە، چونكە رەچاوی فراوانبوون و ئاستی گەشەكردنی تێدا نییە كە لەم حاڵەتەدا پێداویستی و خواستەكان زۆر زیاتر دەبێت، ئالێرەدا نادادپەروەرییەكە دەردەكەوێت، لەم حاڵەتەدا رانیە رووبەڕووی كەمی بودجە دەبێتەوە، چونكە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و گەڕەك و ناوچەكە وایكردووە پێویستیمان بە پڕۆژەو كاری بەردەوام و زیاتر بێت.
گوڵان: بۆچی تاكو ئێستا مۆنۆمێنتی راپەڕین لە رانیە دروست نەكراوە؟
قائیمقامی رانیە: ئەمە پڕۆژەیەك بوو لەو پڕۆژانەی لەبەر دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە و جێبەجێكردنی دواكەوت، لەلایەكی ترەوە دوای بانگهێشتكردنی هونەرمەندان تاوەكو دیزاینێكی گونجاو دروست بكەن، بەڵام نەیانتوانی بگەنە ئەنجامێك، ئێستا دیزاینی مۆنۆمێنتەكە دراوەتە كۆمپانیایەك ئومێدەوارین لەم نزیكانە ئەو پڕۆژەیە دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت.
هیچ بودجەیەكی تایبەت بەقائیمقامییەتمان لەبەردەستدا نییە، بوونی دەسەڵات بەبێ بوونی بودجە سوودی چییە؟
گوڵان: ئایا هۆكاری سستی پرۆژەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
قائیمقامی رانیە: یەكە ئیدارییەكان بەگشتی زۆر دووچاری رۆتین و بیرۆكراتییەت دەبنەوە، كاتی خۆشی زۆر بەدەست ئەم دیاردانەوە گیرۆدەبووم، لەمبارەیەشەوە بەشداری دوو كۆبوونەوەی فراوانی نەهێشتنی رۆتین و چۆنیەتی كاركردنی یەكە ئیدارییەكانم كردووە تاوەكو دەسەڵاتەكان لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی كارەكان دابەزێتە خوارەوە. بۆ چارەسەركردنی ئەم دیاردەیەو كەمكردنەوەی مەركەزییەت و دابەزینی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە پێویستی بەلێوردبوونەوەی پتر هەیە، تاوەكو بتوانرێت یەكە ئیدارییەكان لەگەڵ وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەسیستەمێكی پێشكەوتوو زانستییانە تر ئەرك و مافەكان پەیڕەو بكرێت، بەڕای من هەموو دەسەڵاتێكی یەكەی ئیداری گەر بێتوو پاڵپشتییەكی ماددی لەگەڵدا نەبێت سەركەوتوو نابێت، چونكە من تێناكەم گەر بێتوو دەسەڵات هەبێت و بودجە نەبێت، چۆن دەتوانرێت پڕۆژەو كاری باش بكرێت. ئێمە هیچ بودجەیەكی تایبەت بەقائیمقامییەتمان لەبەردەستدا نییە، بۆ نموونە گەربێتوو توانیمان و بڕیارماندا پڕۆژەیەك بەچەند ملیۆنێك بخەینە بەرنامەوەو ئەنجامی بدەین، سوودی چییە كاتێك بودجەمان نەبێت. بۆ هەموو پڕۆژەیەك لەلایەن وەزارەتەكانەوە پارە خەرج دەكرێت بودجە لای ئێمە نییە، ئەمساڵ لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ پڕۆژەیەكیان بۆ ئێمە نەبوو، لێرەدا دەڵێم یەكێك لەكێشە سەرەكییەكانی شاری رانیە نەبوونی بودجەیەكی تایبەتە بەقائیمقامییەت، پێویستە لەهەموو قائیمقامییەتێك یەكەیەكی ژمێریاری هەبێت و خاوەنی بوجەیەكی دیاریكراو بێت تاوەكو لەكاتێكدا پێویستمان بەپڕۆژەیەكی خێرا بێت یاخوود پڕۆژەیەكی پێویستی خزمەتگوزاری پێویستی بە نۆژەنكردنەوە بێت بەشێوەیەكی خێراو رێكوپێك پڕۆژەكە ئەنجام بدرێت. ئالێرەدا دابەزینی دەسەڵات كاریگەری خۆی دەبێت، ئەگینا دابەزینی دەسەڵات بەبێ بوونی بودجە سوودی چییە؟ هەر بۆیە پێویستە حكومەت میكانیزمی كاركردنی لەمبارەیەوە بگۆڕێت و با مانگانە چاودێری تووند دانرێت و لێپێچینەوەش هەبێت. كاتێك لەماوەی ساڵێكدا یا زیاتر تەنیا یەكجار چاودێری دارایی سەردانمان بكات ئەمە دەبێتە هۆی تەشەنەكردنی گەندەڵی، پێموایە چاودێریكردنی بەردەوام دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی هەڵەو گەندەڵی تەنانەت دەسەڵاتەكانیش دیاری دەكرێت، بۆیە لەسیستەمێكی كراوەیی كە خاوەنی چاودێری و لێپێچینەوە بێت، گەندەڵی كەم دەبێتەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یەكێكە لەو وەزارەتانەی كەچاوەڕێی كار و پڕۆژەی زۆرتری لێدەكرێت
گوڵان: ئایا تا چ راددەیەك وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئەنجامدانی پڕۆژە و كارەكانیاندا پرس بەئێوە دەكەن، ئێوە توانیوتانە ریزبەندێك بەپڕۆژەو كارەكان پێشكەش بەوان بكەن؟
قائیمقامی رانیە: هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی وەزارەتەكان بەپێی گرنگیان دەگۆڕێت، هەندێك وەزارەت هەیە پێوەندی راستەوخۆی بەهاووڵاتییان و ژێرخانەوە هەیە، هاووڵاتییان چاوەڕێی كاری زیاتر و باشتریان لێدەكەن، وەكو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە یەكێكە لەو وەزارەتانەی لەناوچەكەماندا خەڵكی چاوەڕێی كار و پڕۆژەی زۆرتری لێدەكەن. كاتێك باسی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەكەین، ئەوا پێوەندی لەگەڵ هەموو خەڵك نییە، بەڵكو پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان هەیە، بۆیە ناتوانم وا بەئاسانی هەڵسەنگاندنی كار و پڕۆژەی وەزارەتەكان بكەم.
دەتوانم بەشێوەیەكی گشتی باس لەوە بكەم كە ئێستا هەموو وەزارەتەكان بۆ دانانی بەرنامەو پلانی پڕۆژەكان بۆ یەكە ئیدارییەكانی شار و شارۆچكەكان دەگەڕێنەوە، ئەولەوییەتی پڕۆژەكانیش لای ئێمەیەو بەپێی ریزبەندی و گرنگییان دەستنیشانكراوە، بۆ پڕۆژەكانی 2011 بەلیست و بەپێی ئەولەوییەت و گرنگییان نووسراومان بەرز كردۆتەوە، لەو كاتەدا گەر وەزارەتێك بیەوێت پڕۆژەیەك ئەنجام بدات، دەزانێت بۆ ناوچەكە چەند گرنگەو بەپێی ریزبەندی كارەكان پڕۆژەكان ئەنجام دەدات، كاتێك سەرۆكی یەكە ئیدارییەكەش بگۆڕدرێت كاریگەری لەسەر كار و پڕۆژەكان نابێت، چونكە ریزبەندی پڕۆژەكان بەپێی پێویستی و گرنگییان دیاریكراوە.
گوڵان: پڕۆژەی ئاوی رانیە گەیشتۆتە چ قۆناغێك، ئایا پێتوانییە خەڵكی گلەیی و رەخنەیان لەدواكەوتنی پڕۆژەكان و دەركەوتنی كەموكورتی تێیاندا هەیە؟
قائیمقامی رانیە: لە زۆربەی پڕۆژەكان گلەیی و گازندەمان لەلایەن خەڵكەوە رووبەڕوو دەبێتەوە، ئەویش لەبەر خراپی پڕۆژەكان و دواكەوتنێتی، چونكە لەكاتی خۆی حزبی بەعس نەك تەنیا ژێرخانی وێرانكردووین، بەڵكو لەسەر هزر و عەقڵییەتیشمان كاریان كردووە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ نەبوونی كەسانی شارەزاو لێهاتوو كە خاوەنی پسپۆرایەتی بن لەئەنجامدانی كاری رێكوپێك دا، لەچەند ساڵی رابردوو رەخنەو گلەییمان ئاراستە كرا بەوەی پڕۆژەكان لەكاتی خۆیدا جێبەجێ ناكرێت یاخود كەموكورتی تێدایە، ئەمە بۆ ئەو هۆكارە ناگەڕێتەوە كە وڵاتەكەمان خۆش ناوێت و پڕۆژەی خراپی بۆ دەكەین، راستە هەندێك كەس مەبەستی تەنیا پڕكردنی گیرفان و دەوڵەمەندبوونێتی و گوێ بەكوالێتی پڕۆژەكان نادات، زۆربەی ئەندازیارەكانمان شارەزاییان لەبەشی دیزاینی پڕۆژەكان نییە، هەربۆیە بەدەگمەن دەتوانرێت دیزاینی باش و سەركەوتوو بۆ رێگاوبان و پردو پڕۆژە گەورەكان ئەنجام بدەن، لەلایەكی ترەوە نەبوونی ئامێری تاقیگەیی و مەیدانی و نەبوونی كارمەندی شارەزاو پێویست. لەم روانگەیەوە زۆربەی پڕۆژەكان كە تەواو دەبێت كەموكورتی زۆری تێدایە.
زۆرجاریش خراپی پڕۆژەكان بۆ خێرایی و پەلەپەلی زیاد لەپێویست بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكە كراوە، لەكاتێكدا ئەو بەڵێندەرە یاخود كۆمپانیایە لەو ئاستە دا نییە پڕۆژەكە خێرا ئەنجام بدات. ماوەیەكیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان خێرایی لەئەنجامدانی پڕۆژەكانی راگرتووە تاوەكو كەموكورتی تێدا نەمێنێت و تەنانەت پێمان وتراوە دیراسەی تەواوی ئەو پڕۆژانە بكرێت كە ئێمە داوامانكردووەو خەمڵاندن و دیزاینی بۆ بكەین و ئاماژە بەسوودو كەڵكی ئابوورییانەی پڕۆژەكەش بكرێت.
سەبارەت بە دواكەوتنی بەپڕۆژەی ئاوی دەربەندیش كە تایبەتە بە ئاوی خواردنەوە كە بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس ئاو دابین دەكات، ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییەو بۆ ماوەی 10 ساڵ ناوچەكە لەگرفتی كەمئاوی رزگار دەكات، بەڵام ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژانەی بەدەست دیزاینی خراپ و ناتەواوەوە دەناڵێنێت كەلەلایەن زانكۆی سلێمانییەوە ئەنجامدراوە، حسابی كەمكردنەوەو زۆربوونی ئاوەكە نەكراوە لەساڵانی وشكەساڵی هەر وشك دەبێت و لەپایز و هاوین ئاوەكە كەم دەبێتەوەو لەبەهارانیش لیتەو قوڕو سیخی زۆر دەڕژێتە ناو حەوزەكە، ئەمەش بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە نابێت.
لەساڵی 2006ـەوە داوامانكردووە دیزاینی پڕۆژەكە بگۆڕدرێت، لەگەڵ گۆڕینی دیزاینەكەش هەموو كارەكانی پڕۆژەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بۆیە پڕۆژەكە راگیرا، گەرچی ئەم پڕۆژەیە لەساڵی 2005ـەوە دەستی پێكراوە، ماوەیەكە لەلایەن حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای سلێمانی لیژنەیەك دانراوە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەكەو ئێستا كاركردن لەسەر پڕۆژەكە دەستی پێكردۆتەوە. ئێمەش ئەندازیاری تایبەتمان داناوەو بەردەوام سەردانی مەیدانی پڕۆژەكە دەكەین، لەراستیدا كاری ئیداری و میكانیكی تەواو بووە و كاری كارەبایی و هەڵهێنجان و بەستنەوەی حەوزی ئاوەكە بەتۆڕی دابەشكردنی شاری رانیەو چوارقوڕنەو حاجی ئاواو بێتواتە ماوە، هاوكات (پڕۆژەی ئاوی قولە)شمان هەیە كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییەو پتر لە 60%ی شاری رانیە ئاوی خواردنەوە لەم پڕۆژەیە وەردەگرن، ئەگەر ئەم دوو پڕۆژەیەش بەشی ناوچەكە نەكات، ئەوا پڕۆژەی پاڵپشت دەخەینە كار كە بیرەكانی ئاوی خواردنەوەیە لەشار و شارۆچگەكان.
نەبوونی ماستەرپلان لەهەر شارێكدا واتە بێ بەرنامەیی لە پرۆژەكانی ئەو شارەدا
گوڵان: وەكو ئاشكرایە بوونی ماستەرپلان رێگەنیشاندەرێكە بۆ هەموو كار و پڕۆژەو پێشكەوتن و گەشەكردنێكی شار، ئایا نەبوونی ماستەرپلان چ كاریگەرییەكی لەسەر رانیە دروستكردووە؟ بۆچی تاكو ئێستا ئەم پڕۆژەیە ئەنجام نەدراوە؟
قائیمقامی رانیە: ماستەرپلان نەك تەنیا بۆ شار، بەڵكو بۆ مامۆستایەكی بنەڕەتیش گرنگە و پێویستە، بەبێ ماستەرپلان ناكرێت بەباشترین شێوە بەرنامەو پلان بۆ پڕۆژەو چۆنیەتی گەورەبوونی شار دابنرێت، نەبوونی ماستەرپلان لەهەر شارێكدا واتە بێ بەرنامەیی، لەشاری رانیەش نەبوونی ئەو ماستەرپلانە زیانی گەورەی لێداوین، بۆیە نازانین چۆن گەڕەكەكان دابنێین و شار بەرەو ئاراستەی گەورەبوون بنێین ناوچەی سەوزایی و دەستنیشانكردنی شوێنی نەخۆشخانەو قوتابخانەكان بەبێ ماستەرپلان سەركەوتن بەدەست ناهێنێت. هەموو دەستنیشانكردنی شوێنێك بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان دەكەوێتە سەر زەوق و ئارەزووی سەرۆكی شارەوانی و بەشی هونەری. لەم رووەوە نەبوونی ماستەرپلان یەكێكە لەهۆكارە سەرەكییەكانی هەموو كەموكورتییەكە هەر ئەمەش كاریگەری لەسەر پڕۆژەی ئاوی دەربەند دروستكردووە، تا ئێستا ئەو پڕۆژە گرنگە تەواو نەبووە، لەگفتوگۆكانمان لەگەڵ لایەنی بەرپرس و لەسەردانی بەڕێز وەزیری شارەوانی بۆ ناوچەكە بەڵێنی پێداین كەوا : ((رانیە یەكێك لەو شارانە دەبێت كە ماستەرپلانی بۆ دادەنێین..)).
گوڵان: دەڵێن لەشاری رانیە رووبەری زەوی بۆ وەبەرهێنان نەماوە، ئەگەر وەبەرهێنێك بێتە رانیەو بیەوێت پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان ئەنجام بدات چۆن چارەسەری گرفتی نەبوونی رووبەری زەوی دەكەن؟
قائیمقامی رانیە: هەر لەكابینەی پێنجی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كارمان بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە كردووە، ئەوەبوو داوایەكمان خستەبەردەم حكومەت بۆ ئەوەی ئەو پارچە زەوییەیانەی كە دەكەوێتە پێشەوەی شاری رانیە كاتێك لەچوارقوڕنەوە داخیل بەشارەكە دەبیت تاوەكو لێیان وەربگرینەوە دوای ئەوەی قەرەبووی خاوەنەكانیان دەكەین، ئەوەبوو داواكارییەكەمان قبووڵكراو پارچە زەوییەكی زۆرمان بۆ گەڕایەوەو چووە سەر موڵكی شارەوانی و ئێستاكە دەتوانین كاری لەسەر بكەین، لەناوچەی رانیە دەتوانرێت لەهەموو بوارەكان وەبەرهێنان ئەنجام بدرێت هەر لەبواری نیشتەجێبوون تا كشتوكاڵ و بازرگانی، لەرانیە لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون ئەنجام دەدرێت، كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای بەڕێز و لوتكەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها چەند باڵەخانەیەكی تریش لەناو سەنتەری شاری رانیە لەدروستكردندایە، ئەمە جگە لەدروستكردنی تەلارێك لەسەر ئاوی قولە، لەلایەكی ترەوە باشترین سەربڕخانەی پەلەوەر لەشاری رانیە هەیە كە نزیكەی 100 كرێكار كاری تێدا دەكەن، هاوكات لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە شاری یاری لەرانیە دروست دەكرێت، وەبەرهێنێكیش هاتووە داوای پارچە زەوییەك دەكات بۆ دروستكردنی سابوون و شامبۆ، كە بەپێی ئەو دیراسەتەی بۆ ئێمەی هێناوە نزیكەی 300- 400 كرێكار دەتوانن لەو كارگەیە كار بكەن.
گوڵان: ئایا دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان و توێژە جیاجیاكان لەشاری رانیە جێبەجێ دەكرێت؟
قائیمقامی رانیە: بەپێی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی كوردستان لە 8/6/2006 دابەشكردنی زەوی وەستاوە، بەپێی ئەو فرمان و بڕیارانەی كە لەئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی دەرچووە كە بەپێی مەرج و رێنمایی زەوی بدرێت بە فەرمانبەر و مامۆستایان و كەسانی دیكەش ئێستاكە تەنیا ئەمانە جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش وایكردووە رووبەڕووی گلەیی و رەخنە ببینەوە، چونكە ماوەیكی زۆرە زەوی دابەش نەكراوە. داواكارین لەبەڕێز وەزیری شارەوانی لەو زەوییانەی كە تازە كوژانەوەیان بۆ كراوە بەڕێژە بۆمان دیاری بكات و چەند پارچە زەوییەك بەسەر چین و توێژەكاندا دابەشبكرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەرامبەر بەدەڤەرەكەمان كەمتەرخەمن
گوڵان: رانیەو دەوروبەری یەكێكن لەو ناوچانەی كوردستان كە دەوڵەمەندن بە ئاژەڵ و مەڕو ماڵات، بۆچی تاكو ئێستا نەتوانراوە كارگەیەكی شیرەمەنی یاخوود قوتووبەند دروست بكرێت؟ ئایا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پاڵپشتی و پشتگیری ئەنجامدانی پڕۆژەی لەمشێوەیە دەكەن؟
قائیمقامی رانیە: وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەرامبەر بەدەڤەرەكەمان زۆر كەمتەرخەمن، رانیەو دەشتی بێتوێن بەهۆی بوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان، دەتوانرێت زۆر كارگەی شیر و قوتوبەند دابمەزرێن، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ نایەت لەسەر ئەم ناوچەیە كار بكات و پاڵپشتی خەڵك و گووندنشینەكان بكات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی كشتوكاڵی، ئەم دەڤەرە زۆر گرنگەو كاریگەری باشی دەبێت بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری كوردستان. پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ بێتە ئەم دەڤەرە بەرفراوانە كشتوكاڵییە كار بەبەرنامەو پلانی جیهانی پێشكەوتوو، وا لەجووتیار بكات لەسەر سیستەمی هاوچەرخ كار بكات، لەبری ئەوەی پیكاب بەسەر جووتیاران دابەش بكات كە بۆتە كاری بازرگانی با تراكتۆر و ئامێری تری كشتوكاڵی دابەش بكات. بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ نایەت بە50 تا 100 دۆنم زەوی یەك بیری ئاویان بۆ لێبدات؟
گوڵان: پێتوانییە دەستەی وەبەرهێنان زیاتر هانی وەبەرهێنەكانیان داوە وەبەرهێنان لەناوەندی شارە گەورەكان ئەنجام بدەن، بەو پێیەی جیاوازی لەو ئاسانكاری و یارمەتییانە نییە كە پێشكەش بە وەبەرهێنەكان دەكرێت؟
قائیمقامی رانیە: پێموایە دەزگای وەبەرهێنان لەوڵاتی ئێمە دەزگایەكی نوێیەو عەقڵی خەڵكەكەش بەشێوەیەكی باش سەیری وەبەرهێنان ناكات، بۆ نموونە كاتێك پارچە زەوییەك بۆ وەبەرهێنێك لە رانیە تەرخان دەكرێت، خەڵكەكە وادەزانێت ئەم كارەمان بەبەرتیل كردووە، سەرمایەدارانی رانیە ئامادەییان تێدایە بۆ وەبەرهێنان، بەڵام كار و چالاكی وەبەرهێنان نەگەیشتۆتە هەموو شوێنێك، زۆرجار داوام لەدەزگای وەبەرهێنانی سلێمانی كردووە كە پێویستە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری هاووڵاتییان سیمنار و وۆرگ شۆپ لە قەزاو ناحیەو تەنانەت لەگوندەكانیش ساز بكرێت تاوەكو خەڵك بزانێت چ سوودێك لەوەبەرهێنان هەیە.
لەدروستكردنی پڕۆژەی بەنداوی سەركەپكان حكومەتی ناوەندی رێگری دەكات
گوڵان: داوای دروستكردنی بەنداوێكتان كردبوو كە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەباش گرنگە، ئایا ئەم پڕۆژەیە چی بەسەر هات؟
قائیمقامی رانیە: بەنداوێك لە سەروچاوە دروستكرا كە ئاوێكی باش ئەمباردەكات و دیمەنێكی جوانی بۆ بواری گەشتوگوزاری هەیە، تەنانەت جووتیارانیش دەتوانن لە ئەمباركردنی ئاوی ئەم بەنداوە سوودی لێوەربگرن، بەڵام ئەم بەنداوە بەكەڵكی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا نایەت، بۆیە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا داوای دروستكردنی بەنداوێكمان كردووە لەدۆڵی سەركەپكان لەناحیەی سەركەپكان كە دەكرێت ئاوێكی باش كۆ بكاتەوەو بۆ جووتیارانی دەشتەكەو دەوروبەری سوودی زۆر دەبێت و دەتوانرێت بڕە كارەبایەكی باش بەرهەم بهێنرێت، دروستكردنی بەنداو جگە لەئەمباركردنی ئاو بۆ بەخێوكردنی سامانی ماسیش گرنگە تەنانەت بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاریش پێویستە.
لەدروستكردنی ئەم بەنداوە كێشەمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەیە، ئەوان دەیانەوێت دروستی بكەن لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەر لەسەر بودجەی ئەوان بێت كارێكی باشە، بەڵام لەسەر بودجەی خۆمان پارەیەكی زۆری دەوێت و پڕۆژەی لەپێشتر و پێویسترمان هەیە، بۆیە تا ئێستا پڕۆژەكە نەچۆتە بواری پراكتیكییەوە.
هەمووی چەند هەفتەیەك نابێت دەست بە پڕۆژەی دروستكردنی زانكۆی راپەڕین كراوە
گوڵان: ئاشكرایە كەوا زانكۆی رانیە بەردی بناغەی بۆ دانراوە، ماوەیەكە كاری لەسەر ناكرێت؟ ئایا بۆچی تاكو ئێستا كاركردن لەم پڕۆژە گرنگە وا بەهێواشی بەڕێوەدەچێت؟
قائیمقامی رانیە: ماوەیەك بەسەر دانانی بەردی بناغەی زانكۆی راپەڕین تێپەڕی و واتە پڕۆژەكە دواكەوتووە، چەند هەفتەیەكە دەست بەكاركردن كراوەو لەقۆناغی یەكەمدایەو ئەم بەشەی كە دەستی پێكردووە لەماوەی 360 رۆژ تەواو دەبێت، جگە لەزانكۆ چەند پڕۆژەیەكی تریشمان هەیە دواكەوتووە بەهۆی دواكەوتنی تێپەڕبوونی پەسەندكردنی بودجەوە لەپەرلەمانی كوردستان.
لەبەرنەبوونی دیزاینی نەخۆشخانەی 200 قەرەوێڵەیی پڕۆژەكە تا ئێستا دواكەوتووە
گوڵان: لەبواری تەندروستی ئایا كەموكورتیی هەیە، چ هەنگاوێك كراوە بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی؟
قائیمقامی رانیە: بڕیارە نەخۆشخانەیەكی 200 قەرەوێڵەیی لە رانیە دروست بكرێت، بەڵام لەبەرنەبوونی دیزاینی ئەمجۆرە نەخۆشخانەیە پڕۆژەكە دواكەوتووە، ماوەیەك لەمەوبەر وەزیری تەندروستی پێی راگەیاندین كە دیزاینی نەخۆشخانەكە تەواو بووەو ئەمساڵ دەست بەدروستكردنی نەخۆشخانەكە دەكرێت، بەمەش زۆربەی كێشەكانی كەرتی تەندروستیمان لەناوچەكە چارەسەر دەبێت، ئەو نەخۆشخانەیەی ئێستا هەمانە راستە كۆنە، بەڵام نۆژەنكراوەتەوە و لە 30 قەرەوێڵەوە فراوان كراوە، لەلایەكی ترەوە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان بەباشترین و تازەترین كەرەستەو ئامێر لەرانیە هەیە، بگرە پزیشكی پسپۆر و شارەزای ئافرەت و پیاو كاری تێدا دەكەن، هەروەها سەنتەری شووشتنەوەی گورچیلەمان هەیە كە زۆر پێشكەوتووەو خاوەنی تاقیگەیەكی ناوەندی پشكنینی پێشكەوتووین، ئەمە جگە لەنەخۆشخانەی كوردستانی تایبەتی كە سەرجەم نەشتەرگەرییەكانی تێدا ئەنجام دەدرێت، چەند نەخۆشخانەیەكی ئەهلی تر لە رانیە هەیە كە 24 كاتژمێر دەوامیان هەیە. هەروەها نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخی ئەهلی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ دروستكراوە كە جۆرەها پزیشكی شارەزاو پسپۆر كاری تێدا دەكەن.
كەرتی تەندروستی لە رانیە بەمشێوەیەیە، بەڵام سەنتەرەكانی كەمئەندامان و ئۆتیزم و پەككەوتەو بەساڵاچووانمان نییە، ئەوەی پتر رەخنەمان لەسەری هەیە لەكاتی دابەشكردنی پزیشكدا بەپێی پێویست پزیشكمان بۆ نانێرن، چونكە پاڵەپەستۆیەكی زۆری نەخۆش لەسەر نەخۆشخانەكانمان هەیە بەراددەیەك لەناوچەكانی دەوروبەریشەوە نەخۆش دەهێنرێتە رانیە.
گوڵان: سەبارەت بەپەككەوتووان و بەساڵاچووان ئایا لەم رووەوە چ پڕۆژەیەكتان ئەنجام داوە؟
قائیمقامی رانیە: لەرانیە شوێنی تایبەت بەم ئازیزانە نییە، ئەگەر دیاردەیەكی وا بەرچاو بكەوێت، ئەوا دەست بەجێ نووسراو دەكەین بۆ سلێمانی یا هەولێر كە سەنتەر و شوێنی شیاو هەیە بۆ بەخێوكردنی ئەو بەساڵاچووانانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە، تاوەكو شوێنیان بۆ دابین بكرێت.
گەرچی ئەم هەموو پڕۆژەی بینایەی قوتابخانانە دروست دەكرێت و بەڵام كێشەی سێ دەوامیش هەر دەمێنێ
گوڵان: لەبواری پەروەردە چ گرفتێكتان هەیە، بۆچی تاكو ئێستا گرفتی سێ دەوامی هەر ماوە، ئایا چ پلانێك بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە لەم ناوچەیە لەبەردەستدایە؟
قائیمقامی رانیە: لەئاكامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و ئەو ئاوەدانكردنەوەو گەشەكردنەی لەشاری رانیەو سنوورەكەی دا هەیە كێشەو گرفتی پەروەردەمان هەیە، بەتایبەتی سێ دەوامی و زۆری ژمارەی قوتابیان لەیەك پۆل دا، سەرەڕای ئەو هەموو بینایەی قوتابخانەكان كە دروستكراوە، بەڵام بەپێی ئەو بەرنامەو پلانەی لەبەردەستدایە بۆ زیادبوونی ژمارەی بینایەی قوتابخانەكان تاراددەیەك كێشەی سێ دەوامی و زۆری قوتابیان لەپۆلێكدا چارەسەر دەبێت، بەڵام پێموایە كێشەی سێ دەوامیش لەهەندێك قوتابخانە هەر دەمێنێت. بڕیارە لەپلانی ئەمساڵدا 100 بینایەی قوتابخانە لەسنووری پارێزگای سلێمانی دروست بكرێت و ژمارەیەكیش لەم قوتابخانانە لەشاری رانیە دروست دەكرێت.
ئەوەی لەساڵی داهاتووی خوێندن بۆ ئێمە دەبێتە ئاستەنگ، دوو قوتابخانەیە كە دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی بازاڕی رانیە، كە بەر پڕۆژەی شەقامی فراوانكردنی بازاڕ(جووت - ساید) دەكەوێت، لە ئێستاكەوە داوامانكردووە ئەم دوو قوتابخانەیە بگوازرێتەوە یا چارەسەرێكی گونجاوی تریان بۆ بكرێت.
گوڵان: بۆچی تاكو ئێستا جووت سایدی نێوان چوارقوڕنە - دوكان نەكراوە؟
قائیمقامی رانیە: دیزاینی جووت سایدی چوارقوڕنە - دوكان تەواوبووەو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەنیازە بیخاتە بەرنامەی جێبەجێكردنەوەو بڕیارە لە ساڵی 2011 دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت.
گوڵان: بوونی كارگەی بلۆك و چەوو لم لەمبەر و ئەوبەری شەقامی سەرەكی دەروازەی شار هەروەكو خۆی دەمێنێت یا بەنیازن بیگوازنەوە؟
قائیمقامی رانیە: لەدوای راپەڕین بەهۆی هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بوونی كانی چەوو لم لەم ناوچەیەدا كە پێی دەڵین بەستی قائیمقام، وایكردووە ژمارەیەكی زۆری كارگەی چەوو لم بەشێوەیەكی خراپ دابەش بن كە بەشێكیان هەر مۆڵەتیان نییە، وەكو قۆناغی یەكەم هەڵساین بەدوورخستنەوەی كارگەكان لەسەر شەقامە سەرەكییەكە، ئێستاكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی سلێمانی خەریكی بەرنامەیەكن بۆ گواستنەوەی كارگەكان بۆ ناوچەیەكی پیشەسازی تایبەت، گەرچی ئەم بڕیارە تاكو ئێستا جێبەجێ نەكراوەو نازانین پلانی حكومەت لەمبارەیەوە چۆن دەبێت..
نەبوونی شوێنێك بۆ فڕێدانی خاشاك و زبڵ، كێشەیەكی سەرەكی رانیەو شارەوانی رانیەیە
گوڵان: لەبەردەم ماڵان و ناو بازاڕەكان زبڵ و خاشاك دەبینرێت، ئایا كاری پاككردنەوەی شار لەلایەن كێوە سەرپەرشتی دەكرێت، بۆچی هەوڵنادرێت كارگەیەكی رسایكلین دابمەزرێت تاوەكو ژینگەی ناوچەكەتان پارێزراو بێت؟
قائیمقامی رانیە: كێشەیەكی سەرەكی رانیەو شارەوانی رانیە نەبوونی شوێنێكی فڕێدانی خاشاك و زبڵە، چونكە زۆربەی شوێنی سنوورەكەی بۆ نیشتەجێبوون و كشتوكاڵییە، تەنانەت ئەو شوێنەی ئێستا زبڵ و خاشاكی لێ فڕێدەدەن بڕیارە بكرێتە پاركی راپەڕین كە رووبەرەكەی 280 دۆنم چوارگۆشەیە، بۆ ئەم كارە داوامان لە بەڕێز وەزیری شارەوانی كردووە كە كارگەیەكی رسایكلینمان بۆ دابمەزرێنرێت، بەڕێزیان بەڵێنیان پێداین، بەڵام تاكو ئێستا جێبەجێ نەكراوە، ئەگەر كار وابڕوات و چارەسەری كەڵەكەبوونی زبڵ و خاشاك نەكرێت، بارودۆخێكی ترسناك نەك تە نیا لەسەر رانیە.
گوڵان: ئایا كەمی ئاوەڕۆ لەشاری رانیە نەبۆتە سەرچاوەیەكی گرفت بەتایبەت لەگەڵ فراوانبوونی شارو زیادبوونی گەڕەكە نوێیەكان؟
قائیمقامی رانیە: سەڕەرای ئەوەی بۆ زۆر شوێن و گەڕەك ئاوەڕۆ كراوە، بەڵام چەندین شوێن و گەڕەكیش بێ ئاوەڕۆن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا گرفتە چونكە لەوەرزی بارانبارین زیاتر كاریگەری لەسەر خەڵكەكە دروست دەكات، بۆیە چەند رۆژێكە لەچەند گەڕەكێك دەستكراوە بەپڕۆژەی ئاوەڕۆ و بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە شاری رانیە پتر لە 75%ی ئاوەڕۆی دەبێت، لەو كاتەدا گرفتەكە كەم دەبێتەوە.
لەسەردانی وەزارەتەكان ماندو و نائومێد بووم، بە كورتی داواكارییەكانمان جێبەجێ ناكرێن
گوڵان: وەكو یەكەیەكی ئیداری لەرانیە چەند سەردانێكت بۆ وەزارەتەكان كردو لەگەڵ چەند وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆت ئەنجام دا، ئایا لەو دانیشتن و كۆبوونەوانە تاچەند ئومێد بەخش بوون و داواكارییەكانتان جێبەجێ كراون؟
قائیمقامی رانیە: باوەڕم زۆر بە پێوەندیكردن هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتەكان و لایەنی پێوەندار، زۆر سەردانیشم كردن، بەڵام زۆر ماندوو بووم و كەم ئومێدم دەستكەوت زۆربەی داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرا، بۆیە ئێستا ئەم سەردانانەم كەمكردۆتەوە نەخەڵك ئازار دەدەم نەخۆشم ماندوو دەكەم، چونكە هەوڵەكان بێسوود بوون، سەڕەرای ئەوەی لەگەڵ هەندێك لایەن ئومێدمان هەر هەیە..