مەلاسەعید سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان: هاووڵاتیانی گەرمیان لەكەموكورتی خزمەتگوزاری بێزار بوون
September 16, 2010
راپۆرتەکان
دەڤەری گەرمیان ئێستا لە هەرسێ قەزای كفری و كەلار و چەمچەماڵ و(20) ناحیە و پتر لە (900) گوند پێكهاتووە، دەڤەرێكی بەرفراوانە و رووبەرێكی زۆری كشتوكاڵی هەیە و لە بوارەكانی دانەوێڵە و باخ و بێستاندا دەوڵەمەندە، گەرمیان بەهۆی هەردوو قۆناغی شاڵاوی بەدناوەكەی ئەنفالەوە كە لە ساڵی 1987 دا دەستی پێكردو زۆربەی شارۆچكە و گوندەكانی بەسەریەكدا خاپوور و وێرانكران و خەڵكەكەشی ئەنفال و دەربەدەركران، بەمەش گشت خزمەتگوزارییەكانی ناوچەكە هەر لە كارەباوە تا دەگاتە تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە و رێگاو بانەكانی و ... تاد، تێكدران و بێسەروبەربوون. بە شێوەیەك كە تا ئێستاش لە ڕووی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییەوە كێشە و گرفتی زۆرو زەوەندی هەیە و زۆربەیان بێ چارەسەر ماونەتەوە، بەڕێز مەلا سەعید سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە دیمانەیەكی تایبەت بە(گۆڤاری گوڵان)دا لە بواری كشتوكاڵ و بەتایبەتی گەنم و جۆو سەوزە و میوە ئاماژەی بە گرنگی ناوچەكەدا، بەڵام بۆ ئەم كەرتە گرنگەش هاوكاری و پاڵپشتی جوتیاران نەكراوە، ئەگەر كار وا بڕوات خەڵكەكە ناتوانن لە ئیشكردندا بەردەوام بن، لەم دیمانەیەدا(گۆڤاری گوڵان) چەند پرسیارێكی لەسەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان كرد كە تایبەت بوون بەكارەخزمەتگوزارییەكانی كە ئاماژەمان پێكرد و خەڵكەكەی گەرمیان رۆژانە دووچاری دەبنەوە و داوای چارەسەركردنیان دەكەن، لەوانەی كەرۆژانە كاریگەری خراپی لەسەر داهات و ژیانیان كردووە خراپی و بێسەروبەری رێگاوبان و نەبوونی نەخۆشخانە و پزیشك و نەبوونی نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانەكان و نەبوونی ئاوی خواردنەوە .
لەگەرمیان گرفتی ڕێگاوبان و نەبوونی سایلۆ ئاستەنگی خستۆتە بەردەم كاری جوتیاران
سەرەتا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵ لەناوچەكە و خراپی رێگاوبانی نێوان گوندەكان نێوان گوند و شارۆچكەكان و پاڵپشتی و هاوكاری نەكردنی جوتیاران و نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەكاندا وتی:
گەرمیان ڕووبەرێكی بەرفراوان و زۆری كشتوكاڵی هەیە و پتر لە (900) گوند لەگەرمیان ئاوەدانكراوەتەوە و لە بواری داهاتی دانەویڵە بەتایبەتی گەنم و جۆ لە كوردستاندا لە دوای پارێزگاری هەولێر بە پلەی دووەم دێت، ئەگەر هاوكاری و پاڵپشتی جوتیاران بكرێت بەرهەمی سەوزە و میوە پێداویستی بازاڕەكانی ناوخۆی پڕ دەكاتەوە و دەتوانرێ بۆ شارەكانی دیكەش بەرهەم بنێردرێت و هەندێ ساڵ گەنم و جۆ پترە لەبەشی خۆمان، بەڵام گوندەكان بەپێی پێویست گرنگییان پێنەدراوەو رێگاوبانەكان بە كەڵكی هاتووچۆكردن نایەن و زۆر بێسەروبەرن و لەكاتی هاتوچۆكردنیان بۆ بازاڕەكان تووشی زەحمەتی و ماندووبوونێكی زۆر دەبن و لە شارەكانی وەكو كەلار و كفری شوێنێكی شیاویان بۆ دیاری نەكراوە كە میوە و سەوزەكانیانی تێدا ساغ بكەنەوە و بیفرۆشن،لەلایەكی دیكەوە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بەپێی پێویست نییە، ئەگەر سێ گوند تا چوار گوند و پتر ئەوانەی سنووریان لە یەكتر نزیكە كۆبكرێنەوە و گوندێكی هاوچەرخ و جوانیان بۆ دروست بكرێت ئەوە خەڵكەكە زیاتر برەو بە كارەكانیان دەدەن و پێش دەكەون و دڵیان بە بەروبووم و ژیان و گوندەكەیان خۆش دەبێت .
بۆ هاوكاری و رێزگرتن لەماندوبوونی جوتیاران پێویستە بەرووبوومەكانیان بازاڕی بۆ دروست بكرێت و بۆ گەنم و جۆش پێویستە ساڵانە ئەوەی لێیان زیادە وەربگیرێت، بەڵام لەم بوارەدا گەورەترین گرفتمان هەیە چونكە بە هەموو گەرمیان یەك سایلۆمان نییە، ئەمساڵ كە داهاتی جوتیاران لە گەنم و جۆ زۆر بوو جوتیارەكان نەیاندەزانی بەرهەكانیان بۆ كوێ ببەن، هەندێكیان گەنم و جۆیەكەیان بۆ سلێمانی دەبرد تا نۆرەیان دەهات و بارەكانیان ئەوەندە لەسەر لۆری و قەڵابە دەمایەوە تەنیا كریێ بارەكەیان بۆ دەردەچوو،هەرچەندە ئێمە لە كەلار ناوەندێكمان دانا بۆ وەرگرتنی گەنم و جۆ، بەڵام ئەم شوێنەش بەشی نەكردوبۆیەقسەمان لەگەڵ بەغداكرد و بەشێك لە گەنم و جۆمان رەوانەی دبز كرد و جوتیاران جگە لەوەی بێزار بوون قازانجێكی واشیان نەكرد كە شایانی ماندوبوونەكەیان بێت، بەگشتی هاوكاری و پاڵپشتی بۆ جوتیاران و گوندنشینەكان بەپێی پێویستی ژیان و ماندووبوونەكەیان نییە، ئەگەر هەروا بڕوات و هاندان نەبێت ناتوانن لە گوندەكاندا بەردەوامی بە ژیان بدەن، گرفت و كێشەكانی گوندەكان بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و باخ و بێستانەدا یەكێكە لەو گرفتانەی كە راستەوخۆ ڕووبەڕوومان بۆتەوە و پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە.
موچەی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان زیادكراوە،
بەمەش بژیوی ژیانیان تا ڕادەیەك باشتربووە
لە گەرمیان مووچەی هەندێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بڕاوە یان ڕاگیراوە و، بە گشتی داواكاری كەسوكاری ئەنفالكراوەكانی ئەم ناوچەیە زۆرە، مەلا سەعید سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەمبارەیەوە وتی:
مووچەی كەس لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان نەبڕاوە، بەڵكو مووچەی هەندێ لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان ڕاگیراوە و پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت، چونكە هەندێ لەم ئازیز و خۆشەویستانەمان هەڵە لە وەرگرتنی مووچەكانیان ڕوویداوە، كەسوكار هەیە كوڕ لەلایەك و دایك لەلایەك لە تەنیا خێزانێكدا مووچەكەی وەرگرتووە، هەیە كوڕی ماڵەكە وەری دەگرێت، دایك و كەسوكاری دیكەشی داوای هەمان مووچە دەكەن ئەمەش نابێت، لەبەر ئەوەی یاسایەك بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و مووچەكانیان دەرچووە و ئەوەی لە دەرەوەی ئەم یاسایە و رێنماییەكانی بێت پێداچوونەوە لە بارەی مووچەكەیەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەی لای خۆشمان هەر لە ژێر ئەم رۆشناییەدا پاش بەدواداچوونەكە كەسوكارەكان پارە و مووچەكانیان وەردەگرن واتە موچەی كەس نابڕدرێت.
داواكاری كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بە گشتی،داوای سەرەكییان خانووی نیشتەجێبوونە، لەماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر خانوویان بۆ دروستكراوە و لەم بودجەیەی كە كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ گەرمیان تەرخانی كردووە ژمارەیەكی زۆر خزمەتگوزاری بۆ خانووەكانی ئێستا كە تەواو بوون و ئەوانەش كە لە رابردوودا دروست كراون پێشكەش دەكرێن.
هەروەها لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە دەستكاری مووچەی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كراوە و بەرەو باشی چووە، ئەمەش تا رادەیەك ژیانی باشتركردوون.
لە بارەی ئەو بارودۆخە دەروونی و تەندروستییەی تووشی ئەم كەسوكارانە هاتووە كاروپرۆژە ئەنجام دراوە ونەخۆشخانە و سەنتەریان بۆ دروستكراوە، بەڵام ئەمانەش بەپێی قەواری گەورەیی كارەسات و گرفتەكە نییە، پێویستە پرۆژە و نەخۆشخانەی هاوچەرخی تایبەتمەندیان بۆ دروست بكرێت.
كێشەوگرفتی زانكۆ پێوەندی
بەدەسەڵاتی ئیدارەی گەرمیانەوە نییە
كەرتی خوێندن بەتایبەتی قۆناغی زانكۆ گرنگییەكی رادەبەدەری هەیە لەناوچەیەكدا كەبەردەوام فەرامۆشكراوەو ڕێگا نەدراوە پەیمانگاو زانكۆی تایبەت بەخۆی هەبێت،ئێستاكەش كێشەیەك لەبواری راگرایەتی زانكۆكە هەیە،سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەی رەتكردەوە كەكێشەی دانانی سەرۆكی زانكۆو راگری كۆلێژەكان پێوەندی بەوانەوە هەبێت، چونكە ئەو كارانە راستەوخۆ پێوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوەیە. ئەوەشی راگەیاند :زانكۆی گەرمیان لەسەرەتای دروستبونییەوە لەلایەن حكومەتی كوردستان(10) ملیۆن دۆلار و لەلای ئێمەشەوە لە بودجەی پەرەپێدان بڕی(6) ملیۆن دۆلارمان بۆ تەرخانكرد، ئێستاش بەمەبەستی پەرەپێدانی زانكۆكە چەند هۆڵ و ژوورێكی وانە وتنەوە لە كۆلیژەكان دروست دەكرێت، گەرچی دەبێ ئەوەش بزانین كە هێشتا گرفت و تێبینی زۆرمان لەسەر زانكۆكە هەیە، تاكو بگاتە ئاستی زانكۆكانی دیكەی كوردستان.
گەرمیان وەكو پارێزگا
مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت
بڕیار وابوو گەرمیان وەكو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئایا ئەمە جێبەجێكراوە ؛ كێشە و گرفتەكانتان لەمبارەیەوە چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەی گۆڤاری گوڵان سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتی:
لە ساڵی2008 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیارێك دەرچوو كە گەرمیان وەكو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، گەرچی لە هیچ بوارێك و لە ئیدارەكردندا هەنگاوی لەم جۆرە نەنراوە و زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەرمیان سەر بە شاری سلێمانین و هەندێ بەڕێوەبەرایەتی هەر لە ناوچەكەدا بوونی نییە كەپێوەندی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە بۆ نموونە(بەڕێوەبەرایەتی تاپۆ) كە لەمبارەوە خەڵكەكە بۆ بچووكترین مامەڵە دەبێ بچنە سلێمانی و لە بواری رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە كە دوو بوارە گەرمیان زۆر پێویستی پێیان هەیە تا بەڕێوەبەرایەتیەكی كارا و ئەكتیف بن.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی چاككردن و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانمان نییە لەمبوارەوە هەر لە بیركراوین گەر سەیری رێگاوبانی گەرمیان بكەیت سەرسام دەبیت كە چەند بێسەروبەرە لە گەرمیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەیە گەرچی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ سەر بە سلێمانییە، هەروەها شارەوانییەكان كە راستەوخۆ پێوەندی بە ژیانی خەڵكەوەیە ئەمەش پێوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی سلێمانییەوە هەیە، گەرچی پێویستە خۆمان بەڕێوەبەرایەتیەكی شارەوانی سەربەخۆمان هەبێت، ئەمەش وێستگەیەكی دیكەی دروست كردووە لە نێوان ئێمە و وەزارەتەوە بەمەش هەر موعامەلە و نووسراوێك كۆمەڵێك رۆتین و بەدواداچوونی دەوێت لە ئەنجامدا كارو پرۆژەكان دوادەكەوێت، لەلایەكی دیكە بودجەی پەرەپێدانی گەرمیان هەر لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانییەوە تەرخانكراوە، رێژەی بودجەكەی گەرمیان بەپێی ژمارەی دانیشتووانەكەی(12%)ی بودجەی سلێمانییە، بەڵام بەپێی ئەو ژمارەكردن و ناونووسینەی لەم دوایە كراوە رێژەی ئێمە پترە و دەگاتە (20%) ی رێژەی بودجەی پەرەپێدانی سلێمانی، گەرچی ئەم رێژەیە رەچاونەكراوە، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ ساڵێك بودجە نەهاتۆتە لای ئێمە، بەڵكو پارەكە هەر لەلای پارێزگای سلێمانی ماوەتەوە، تەنیا ئەوەیە لەلای ئێمەوە تەخمینكردن و كشوفات دەكەین و ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی دەكەین هەر خۆشیان سەرپەرشتی و چاودێری جێبەجێكردنی كاروپرۆژەكان دەكەن و پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم ئەو بڕیارەی كە لە ساڵی 2008 دەرچوو لیژنەیەكی بۆ دانرابوو،بەڵام نەیانتوانی حەسمی ئەوە بكەن كە ناوچەی گەرمیان مامەڵەی پارێزگای لەگەڵ بكرێت.
سەرەڕای كەمی بودجەی پەرەپێدان،
هیچ جۆرە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانیش لە گەرمیان نییە
گرفتی بێكاری وەكو گرفتێكی ئابووری كە پەیوەندی بەژیانی هەموو تاكێكی كۆمەڵگاوە هەیە تەوەرێكی گرنگی دیدارەكەی گوڵان بوو لەگەڵ بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی ناوچەی گەرمیان، بەتایبەتی دوای دەستكەوتنی ئەو زانیارییانەی كە باس لەتەشەنەكردنی دیاردەی بێكاری دەكات، لەم رووەوە بەڕێزیان پێی وابوو :گەرمیان ژمارەی دانیشتووانی زۆرە و ناوچەیەكی وێرانكراو بووە و بەپێی پێویستیش دەستی ئاوەدانی نەگەیشتووتێ و بودجەی پەرەپێدانیشی كەمە،تاوەكو هاوكاری وهانی خەڵك بدرێت بۆ ئەوەی كاروپیشەی جۆراوجۆرلە ناوچەكەدا ئەنجام بدەن لەلایەكی دیكەوە تا ئێستا كۆمپانیای وەبەرهێنەر و كەرتی تایبەت ڕوویان لە گەرمیان نەكردووە تاوەكو پرۆژە و كارگە دابمەزرێنن تا بەمەش هەلی كار بڕەخسێنن، حكومەت هاوكاری و پاڵپشتی ناوچەكەی نەكردووە بۆ ئەوەی كارگەی قووتووبەندی میوەجات و دۆشاوی تەماتە و شیرەمەنی و خشت و گەچ و... تاد. دابمەزرێت، چونكە وەكو باسمان كرد گەرمیان لە میوەجات و بەرووبوومی ئاژەڵ زۆر دەوڵەمەندە دەتوانرێت ئەمجۆرە كارگانە دابمەرزێت و هەلی كاریشی تێدا زیاتر دەبێت ..
تەرخانكردنی (200) ملیۆن دۆلار،
ژێرخانی خزمەتگوزاری گەرمیانی بووژاندەوە .
رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی پێنجەمدا بڕی(200) ملیۆن دۆلاری بۆ پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوە و پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەرمیان تەرخانكرد، ئەمەش لەگرنگیدانی بەڕێزیانەوە دێت بۆ قوربانیدانی دانیشتوانی گەرمیان و چارەسەركردنی هەندێك لەو گرفت و كێشانەی چەند ساڵێكە بەدەستییەوە گیرۆدە بوون،سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
لەمبارەوە دەستخۆشی لە رێزدار نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ ئەو بودجەیەی كە تەرخانی كرد كە بۆتە بنەما و فاكتەرێكی سەرەكی و بەرچاو لە پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی گەرمیان، بەو پارەیە ژمارەیەكی زۆر و جۆراو جۆری خزمەتگوزاری ئەنجامدراون،ئەو بودجەیەمان بۆ چوار بوار دابەشكرد، بواری یەكەم دروستكردنی خانوو بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوەكان لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بەم خانووانە، دووەم بوار دروستكردنی قوتابخانەیە و بواری سێیەم ئاودێری و رێگاوبانە و بواری چوارەم ئاوی خواردنەوەیە، لە بواری خانوودروستكردندا كەئێستا لە قۆناخی كۆتایداین و بەمەش گرفتی نیشتەجێبوونی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان لەگەرمیاندا زۆر كەم دەبێتەوە و ژمارەیەكی زۆر قوتابخانەمان دروستكرد بەمەش كێشە و گرفتی سێ دەوام و چوار دەوامی قوتابخانەكانمان بەتەواوی چارەسەركردووە و ژمارەیەكی زۆر بیری ئیرتیوازیمان لە ناوچەكە لێداوە وتۆڕی ئاوی خواردنەوەمان بۆ بەشی زۆری ناوچەكە و گوندەكان ڕاكێشاوە و چەندین بەربەرست بۆ ئاودێری لە ژێر ئەنجامدانن و بەشێكیش ئامادەن بدرێنە بەڵێندەر،لەبواری رێگاوباندا هەر لەسەر حیسابی(200) ملیۆنەكەدا پرۆژەی بەرچاو و بەسوودمان خستۆتە ژێر پلان و جێبەجێكردن بە نمونەلەو رێگاوبانانە رێگای كەلار- پەروێزخان و رێگای چەمچەماڵ- قادر كەرەم.
قەیسەری كفری یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینەكانی كوردستان،
تا ئێستا پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و پلان و بەرنامەی بۆ دانەنراوە.
قەیسەری كفری شوێنەوارێكی دیار و بەنرخە بۆ گەلەكەمان، بەڵام بێسەروبەرە و گرنگی پێنەدراوە لەمبارەیەوە بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتی: لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی كوردستان لێژنەیەك بۆ بەدواداچوون و نۆژەنكردنەوەی قەیسەرییەكەدانراو كار گەیشتە ئەوەی پارەی بۆ تەرخان بكرێت و كەشف و تەخمینی لەلایەن پارێزگای سلێمانی بۆ كرا و بڕیاربوو پرۆژەی نۆژەنكردنەوەكە جێبەجێ بكرێت و بڕی(6 یاخود 8) ملیارد دیناری بۆ دانرابوو، بەڵام ئەم پرۆژەیە ئەنجام نەدرا و هۆكارەكەشی نازانین چییە، بۆیە لە هەوڵدانداین بۆ زیندووكردنەوەی ئەم پرۆژەیە كە زۆر گرنگە چ بۆ گەرمیان چ بۆ كەلتوری نەتەوەیمان و لەلایەكی دیكە لە هەوڵی ئەوەشداین گفتوگۆ لەگەڵ رێكخراوی جیهانی بكەین كە تایبەتمەندن و گرنگی دەدەن بە شوێنەوار و كەلتووری میللەتان، بەتایبەتی دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ رێكخراوی یۆنسكۆ بكەین بۆ ئەوەی قەیسەری كفری وەكو شوێنەوارێك بخرێتە تابلۆی شوێنەوارەكانی جیهانەوە، ئینجا دەتوانرێ كاروپرۆژەی باش و زیندوو بۆ قەیسەرییەكە ئەنجام بدەین، چونكە لە راستیدا ئێستا سەیری ئەم شوێنەوارە گرنگە بكەیت دڵت دەتاسێت وپڕ ناخۆشی دەبێ..
كێشە و گرفتی كەمئاوی لەگەرمیان
یەكێكە لەو گرفتانەی پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیژی هەیە.
كێشە و گرفتی كەمئاوی لەگەرمیان یەكێكە لەو گرفتانەی پێویستە كار و پرۆژەی بۆ بكرێت، بەتایبەتی لەم چەندساڵەی رابردوودا كە ناوچەكەو كوردستان رووبەرووی وشكەساڵی بۆتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو كەمبوونەوەی شوێنەوارەكانی مەلا سەعید ووتی: گرفتی كەمئاوی لە ناوچەی گەرمیان پتر لە سنووری چەمچەماڵ و خودی ناو چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و سەنگاو هەیە، بۆ چارەسەركردنی بەشێوەیەكی كاتی لەو بۆریەی لە دوكانەوە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری سلێمانی دەبات، بۆرییەكمان راكێشاوە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی هەمیشەیی داوامان كردووە كە لە گۆپتەپەوە راستەوخۆ ئاوی خواردنەوە راكێشرێتە سنووری چەمچەماڵ بۆ ئەم پرۆژەیە دەرخستە و كاركراوە و گەیشتۆتە ئەنجوومەنی وەزیران، چاوەڕوانی رەزامەندی دەربڕین و تەرخانكردنی بودجەكە دەكەین بۆ ئەوەی بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، چونكە ئەو بۆریە ئاوەی لە ئاوی سلێمانی بەشێوەیەكی كاتی راكێشراوە كاریگەری لەسەر رێژەی ئاوی سلێمانی دروستكردووە و هەر كاتێك بیانەوێت هەقی خۆیانە بۆری ئاوەكە لێ بكەنەوە، چونكە شاری سلێمانیش رۆژ لە دوای رۆژ لە فراوانبووندایە و هەر ئێستا كێشەی كەمئاوی لەوێش سەری هەڵداوە.
گەرمیان جگەلەوەی پێویستی بەوێستگەیەكی بەرهەمهێنانە، پێویستی بە وێستگەیەكی دابەشكردنی كارەباشە
بەو پێیەی پلەی گەرما لە گەرمیان زۆر بەرزە بۆیە لەهەموو ناوچەكانی تری كوردستان زیاتر پێویستییان بەپێدانی كارەبای زیاتر هەیە، لەلایەكی تریشەوە خاوەنی ژێرخانێكی باشی كارەبا نییە سەبارەت بە كێشەی كارەبا لە گەرمیان و ئایا گوندەكان كارەبایان بۆ دابینكراوە؟ بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەڵێت:
دیارە كێشەی كارەبا لە هەموو كوردستان و عێراق هەیە، بەڵام كێشەكە لەلای ئێمە زۆر زیاترە و داوامان لە وەزارەتی كارەبا كردووە كە وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا دابمەزرێنن، چونكە ناوچەكە بە بەرهەمی نەوتیش دەوڵەمەندە، بەتایبەتی لە سنووری كفری و كەلار كە دەتوانرێ سووتەمەنی بۆ دابین بكرێت و وەزارەتی كارەباش چاوەڕوانی ئەوە دەكەن پارەیان دەستكەوێت و دەست بكەن بەئەنجامدانی پرۆژەكە، ئەم وێستگەیە گرفتی كارەبا لە سنوورەكە چارەسەر دەكات، ماوەیەك پێش ئێستا لە قەزا و ناحیەكان نزیكەی(20) كاتژمێر كارەبا هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم رێژەیە دابەزیوە و كەمبۆتەوە، چونكە وێستگەكانی هەولێر و چەمچەماڵ گرفتیان هەیە بۆیە پشت دەبەستین بە وێستگەی دوكان و دەربەندیخان ئێمە جگە لەمە كێشەی وێستگەی دابەشكردنی كارەباشمان هەیە، ئەگەر هاتوو كارەباشمان بە بەردەوامی هەبێت و(132) شی بۆ بێت لەبەرگرفتی وێستگەی دابەشكردنەكە بچووكە ناتوانێ زاڵبێت بەسەر دابەشكردنی كارەبایەكە،بۆیە گرفت و كەمی كارەبا بۆتە كێشەیەك و لە هەندێ شوێن خەڵكی بێزاركردووە.
بۆ گوندەكانی سنوورەكەمان بۆ هەندێكیان مولیدەمان داناوە،بەڵام ئەم مووەلیدانەش گرفتی زۆرە هەر لەدابینكردنی سووتەمەنی تا لە كاركەوتنی .
بەمەش نەتوانراوە كارەبا بەپێی پێویست بۆیان دابین بكرێت و لەم ماوەیەدا (20 تا 30) گوند تۆڕی كارەبامان بۆ بردووە،لەم هەڵمەتەش بەردەام دەبین بۆ گوندەكانی دیكەش بە گشتی كێشە كارەبا لە سنوورەكەمان هەیە وگرفتێكی ئاڵۆزە.
ژمارەی پزیشك لە گەرمیان لە ژمارەی پەنجەكانی دەست كەمترە و
لەشاری كفریش پزیشكی ئافرەت نییە
تەوەرێكی دیكەی راپۆرتەكەمان سەبارەت بەگرفت و كێشەی خراپی بواری تەندروستی بوو، بەتایبەت كەمی نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی لە گەرمیان كەبەپێی پێویست نییە و پزیشك و ئامێری پزیشكی و داوودەرمان لە ئاستێكی نزمدایە،
سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەمبارەیەوە گووتی: ئێمە لە بواری تەندروستی كێشە و گرفتمان لە هەموو پارێزگا و ناوچەكانی دیكەی كوردستان پترە، هەر بۆ نموونە كاتێك یەكێك تووشی نەخۆشییەكی كتوپڕ دەبێت و یا پێویستی بە نەشتەرگەرییە ئەوە بەهیچ جۆرێك چارەسەری لەلای خۆمان نییە، تا دەگەیەنرێتە سلێمانی ماوەیەكی دەوێت، زۆرجار لەم ماوەیەدا نەخۆشەكە گیانی لە دەست دەدا یا بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە چەندین جار ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەكە تووشی كارەساتی دڵتەزێن بووە و لە ئەنجامدا هەموو سەرنشینەكان و شۆفێرەكەش مردوون، بۆیە لێرەدا دەڵێم كەلار ناوەندێكی گەورەیە پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن و هاوچەرخ هەیە، سەرەڕای ئەوەی بنكەی تەندروستیمان بۆ چەندین گووند دروست كردووە.
هەروەها لە باوەنور نەخۆشخانەیەكمان هەیە، بەڵام پێویستی بە پزیشك و پێداویستی و ئامێری پزیشكی و داوودەرمان هەیە و لە كفری نەخۆشخانە هەیە بەڵام بەبێ پزیشك چۆن نەخۆش چارەسەر و پشكنینی بۆ دەكرێت و لەلایەكی دیكە گرفتێكی زۆر گەورە لە كفری هەیە، ئەویش نەبوونی پزیشكی ئافرەتە، بەگشتی لەكەلار و شوێنەكانی دیكەی گەرمیان ژمارەی دكتۆرەكان لە ژمارەی پەنجەكان كەمترە و ناتوانن هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەك ئەنجام بدەن.
داوامان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە و شەخسی لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی قسەمان كردووە كە لە دامەزراندن و دابەشكردنی پزیشك و كارمەندی تەندروستی رەچاوی گەرمیان بكەن وەكو پارێزگاكانی دیكە سەیری بكەن، چونكە لە كاتێك پزیشك بۆ ئێمە ڕەوانە دەكەن پاش هەفتەیەك دوو هەفتە گرنگ ئەوەیە پاش ماوەیەك بەواسیتە و خزم خزمانێ خۆی دەگوازێتەوە و گەرمیان بەجێدەهێڵێ بۆیە دەڵێم كێشە و گرفتی تەندروستی گەورەیە و كێشەیەكی سەرەكی ناوچەكەمانە..
نەخشەیی بنەڕەتی بۆ هەموو شاروشارۆچكە و ناوچەیەك پێویستە و
رێگانیشاندەرە بۆ گەشەكردن وگەورەبوونێكی هاوچەرخ و مۆدێرن
بۆ قەزا و ناحیەكانی گەرمیان نەخشەیی بنەڕەتی كە بنەمای گەشەكردن و گەورە بوونە بەشێوەیەكی زانستی و دروست دانەرێژراوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرنامەو پلانی داهاتووی گەشەی شارو قەزاو ناحیەكان دەبێت،لەمبارەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وتی:
تەنیا نەخشەی بنەڕەتی بۆ شاری كەلار ئەنجامدراوە، بەڵام تەسدیق نەكراوە، چونكە ئەمەش ژمارەیەك كێش و گرفتی دروستكرد، لەبەرئەوەی ئەو كەس و لایەنەی بە كارەكە هەستابوون لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومی بەتایبەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ و شارەوانییەكان قسەیان نەكردبوو لە ئەنجامدا زۆر كەموكوڕی تێدا هەبوو، بۆیە ئەم نەخشەی بنەڕەتییە بەهەند وەرنەگیراو شارۆچكەكانی دیكە نەك كاری لەمجۆرەیان بۆ نەكراوە، بەڵكو قسە و دەنگۆی لەمبارەوەش لە ئارادا نییە، گەرچی دەزانین نەخشەی بنەڕەتی بۆ هەموو شاروشارۆچكە و ناوچەیەك پێویستە و بۆ گەشەكردن و تێڕوانینی ورد و زانستی رێگانیشاندەرە..
لەگەرمیان گرنگی بە بەرنامەو سەنتەری ئافرەتان نەدراوە
گەرمیانییەكان خاوەنی خەباتی و قوربانییەكی زۆرن،لەمڕوانگەیەوە ئافرەتە گەرمییانییەكان دوو هێندە شوێنەواری جینۆسایدو وێرانبوونی ناوچەكەیان پێوە دیارە، بەتایبەت لەبواری لاوان و وەرزشوانە ئافرەتەكان،مەلا سەعیدپێی راگەیاندین :لە بواری وەرزش و لاوان گفتوگۆیان لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری و لاوان كردووە، پرۆژەی وەرزش و گەنجانیشیان هەیە، بەڵام ئەوەی ئیدارەی گەرمیان بەدەستییەوە دەناڵێنێت ئەو باڵەخانە حكومیانەیە كە بۆ ئەم بوارانە دروست دەكرێت، فەرمانبەریان بۆ دانامەزرێنن، باڵەخانە هەیە بە ملیارد دیناری تێچووە گەرچی بە چۆڵ و بەتاڵ ماوەتەوە و سوودی لێوەرنەگیراوە. حكومەت هیچ بەرنامەیەكی نییە تاوەكو بۆ ئەم بوار و سەنتەرانە فەرمانبەر و پاسەوان دابنێت، لەم جۆرە شوێنانەمان لە شاری كەلار و كفری و چەمچەماڵ هەیە، سەنتەرێكی دیكەمان لە كەلار هەیە بڕی پتر لە دوو ملیارد دیناری تێدا خەرجكراوە بۆ پێشخستنی داهێنان و پیشەیە، ئەمە هەروا ماوەتەوە حكومەت بیری لەوە نەكردۆتەوە ئەم گرفتانە چارەسەربكات دەبێ بزانێت گرفتەكان پێوەندی راستەوخۆی بەخودی وەزارەتەكانەوە هەیە كە چۆن بودجە تەرخان دەكات و ماوەی كاركردن بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە دیار دەكات .
ئاواش بودجە بۆ كەلوپەل و پێداویستییەكانی دابین بكەن و میلاكاتەكانیش دابنێن و ئەم گرفت و كەموكوڕییە لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری لەگەرمیان بوونی هەیە.
لە بارەی سەنتەری ژنانەوە تا ئێستا هیچ جۆرە پرۆژە و بیرۆكەیەك نەخراوەتەڕوو، یەكێكە لەو بوارانەی گرینگی پێنەدراوە.
لە گەرمیان لە هەندی شوێن جێبی واز جێگای تاكسی گرتۆتەوە
لە گەرمیان بە گشتی ژمارەیەكی زۆر جێبی (واز) بەرچاو دەكەوێت ئەم ژمارەیە بۆ سروشتی ناوچەكە و ئارەزووی خەڵكەكە دەگەڕێتەوە، تەنانەت قسەی خۆشیش لەسەر ئەم جێبانە هەبوو لەوانە دەڵێن ئەوەی جێبی وازی نەبێت ژنی نادەنێ . یاخوود كاتێك لەشەڕی ئێران –عێراقدا فرۆكەیەكی ئێرانی دێت لەناوچەكە بۆردومان بكات بەڵام نایكات و تەنیا وێنەی ئەو هەموو جێبە وازە دەگرێت، كاتێك دەگەڕێتەوەو لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت پێی دەڵێن تۆ بەهەڵە چوویتە روسیاوە ئەمە كەی عێراقە. سەبارەت بە بوونی ئەو هەموو جێبە وازانە بەڕێز مەلا سەعید سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گووتی: بەڵێ لە گەرمیان ژمارەیەكی زۆر لەم جێبانە هەیە،بەڵام چەندساڵێك لەمەوبەرپتربوو، ئەمەش بە حوكمی ئەوەی خەڵكەكە بۆ هاتووچۆكردن و كاروكاسبی بەكاری دەهێنن چونكە توانایەكی بەهێزی هەیە و خەرجی كەمی دەوێت و نزیكی هەندێ لە شوێنەكانی گەرمیان لە سنوور پتر ئەو جێبانەی زیادكردبوو و رێگاوبانی ناوچەكە زۆر خراپ و دژوارە ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە لە گەرمیان بەتایبەتی لە كەلار و كفری تاكسی نییە بەڵكو هاتووچۆی خەڵكەكەپتر بەم جێبانە دەكرێت، بەڵام ماوەیەكە رێژەی جێبەكان بەرەو كەمبوونەوە دەچن بەتایبەتی لە شاری كەلاردا بە تاك تاك بەرچاو دەكەوێت.