پارێزگاری هەولێر: لەمانگی رەمەزان لیژنەی تایبەتمان بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی كەلوپەلەكان ئامادەكردووە
August 21, 2010
راپۆرتەکان
ڕێگە لەبەرزبونەوەی نرخەكان دەگرین
لەسەرەتادا لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكانەوە لە مانگی رەمەزان وخستنەڕووی بڕوخشتەی كارەباوە بەڕێزیان وتی: سەبارەت بە بڕوخشتەی كارەبا بەپێی بەرهەمهێنانی ئەو ڕێژەی كارەبایە دەبێت كە وێستگەی كارەبای هەولێر و چەمچەماڵ و دوكان و دەربەندیخان بەرهەمی دەهێنن، بۆ كاتەكانیش ئەولەویەت دەدرێتە كاتەكانی نیوەڕۆ و كاتی ڕۆژوشكاندن و پارشێو و بەپێی بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو پلانێكی گونجاو دادەنرێت، بۆ ئاگاداربوونیش لە نرخ و رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخەكان لیژنەی تایبەت و پێویست دادەنرێت كە رۆژانە بەدواداچوونی بەردەوام لە بازاڕەكاندا پیادە دەكەن، چونكە لەهەموو وڵاتانی ئیسلامیدا لە مانگی رەمەزاندا داواكاری زیاتر لەسەر كەلوپەل و كاڵاكان دروست دەبێت، بەمەش لەلایەن هەندێ دوكاندارو بازرگانەوە نرخ دەبەنە سەرەوە و بازاڕەكان هەڵدەقۆزنەوەو دەرفەت وەردەگرن وگرانی دەخەنەوە، بەڵام بۆ رێگەگرتن لەم حاڵەتانە لیژنەی تایبەت و بەدواداچوون هەیە لەگەڵ لیژنەكانی چاودێری تەندروستی و بازرگانیش ئامادەییان دەبێ لەو مانگە پیرۆزەدا،نرخەكانیش رۆژانە دیاریدەكرێن و هەركەسێك سەرپێچی بكات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت .
پرۆژەكانی پەرەپێدان دەستی پێكردەوە
دواتر لەبارەی كەموكوڕی و نەبوونی پرۆژەی ئاوەڕۆو شەقام و ئاوی خواردنەوە و. تاد
لە گەڕەكە تازەكان و سستی زبڵ كۆكردنەوە لەم ماوەیەی دواییدا بە گشتی، بەڕێز پارێزگاری هەولێر وتی: ئەمانەی ئاماژەت پێكردن ڕاستن، ئەمەش بەهۆی ئەو بەرفراوانیەی كەشاری هەولێر بەخۆیەوە بینیوە هەرلەدروستكردنی چەندین گەڕەكی تازەو تا بازاڕی گەورەوباخچە و پاركی گشتی هاوكات كەموكوڕیش لەبواری خزمەتگوزاری لەهەندێ لەم شوێن و گەڕەكانە هەیە، بۆ نموونە لە گەڕەكی شارەوانی و هەولێری نوێ و كەرتی 284.
لە قەزا و ناحییەكانیش ئەم كەموكوڕیانە هەر هەیە، چونكە خێرایی لە دروستكردنی خانوو و باڵاخانە و گەڕەكەكان زۆر زیاترە لەو ئیمكانیات و بودجەیەی كە بۆ گەیاندن و دروستكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەبەردەستدایە بەڵام ئەوەی ئەمساڵ هەستی پێدەكرێت دواخستنێك هەبووە لە دەستپێكی ئەم پرۆژانە لەسەر مەسەلەی دواكەوتنی بودجە و راگەیاندنی، هەر لەبەر ئەمانەشە وەزارەتی شارەوانی كۆمەڵێك پرۆژەی تا ئێستا نەداوەتە تەندەرات و بەڵێندەران، لە راستیدا ئەم پرۆژانە دواكەوتووە و كاریگەریشی لەسەر خەڵكەكە هەیە و بودجەی پەرەپێدانیش درەنگ هاتووە، بەڵام ئێستا پڕۆژەكانی پەرەپێدان دەستی پێكردەوە، وا خەریكە میزانیەی ئەمساڵ ورد دەكرێتەوە و پرۆژەكان دەست پێدەكاتەوە، زۆر لە پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی ئەم گەڕەكانە لە خۆ دەگرێت وەكو ئاو و تۆڕی دابەشكردنی ئاو و كارەبا و شارەوانی ..
پرۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی هەولێر دیزاینی بۆ دانراوە
گرفت و كێشەی دیكەش هاتۆتە پێش، بەشێك لە بیرەكانی ئاو ئاستی ئاویان دابەزیوە، ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ گرفت و كەمی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەكەكان، بۆ ئەمانەش بیری دیكە لە جێگایان لێدەدرێت و ئێستا لە دەستپێكردنی پرۆژەكانداین هەر لەم ماوەیەشدا بەشی زۆری گرفتەكانی گەڕەكی ژیان چارەسەركرا. پرۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی هەولێر كە دیزاینەكەشی دانراوە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و كۆمپانیای فۆسینگی ئەلمانی تەواوی كردووە و گوژمەی پێویست بۆ ئەوەی هەمووی جێبەجێ بكرێت (700) ملیۆن دۆلارە، ئەو بڕە پارەیەش یەكجار زۆرە، لەلایەكی ترەوە ئەو پرۆژانەی بۆ گەڕەكە تازەكان باسمان كردن زۆر پێویستن و بودجەی پێدەوێت، بۆیە پرۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورس بۆی هەیە بدرێت بە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێن یا دەبێ پارەی بۆ قەرزبكرێت و لە بانكی نێودەوڵەتیەوە هاوكاری بكرێت، زۆرجار باس لەم پرۆژەیە كراوە كە بودجەی بۆ دابنێرێت و بە قۆناخ كاری تێدا بكرێت و ئەمەش لە كاروپلانەكانی وەزارەتی شارەوانیدایە .
گرێبەستی سێیەمی نۆژەنكردنەوەی قەڵات مۆركراوە
هەروەها لە بارەی نۆژەنكردنەوەی قەڵاتی هەولێربەڕێزیان وتی: نۆژەنكردنەوەی قەڵات لە قۆناخێكی باشدایە و گرێبەستی دووەم و سێیەمان لەگەڵ رێكخراوی یونسكۆ كردووە كە گرێبەستی دووەممان بە بڕی گوژمەی (13) ملیۆن دۆلارە،ئەمەش بۆ چاككردن و دیزاینكردنی ناوەوەی قەڵاتە، قۆناخی یەكەمیش كە گرێبەستمان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی شورا و دیوارەكانی خانووی قەڵاتە، ئێستا دەستی پێكردووە و یونسكۆ تەندەرەكەی لە پاریس كردووە كۆمپانیایەكی توركی كە تایبەتمەند و پسپۆڕ و شارەزان لە شوێنەوار بۆیان دەرچووە و دەستیان بە كاركردن كردووە ئەگەر سەیری خانووەكانی دەوروبەری سەر قەڵات بكەین ئەوانەی دیوارەكانیان داڕماوە یاخود لە بارێكی باشدا نییە ئەسكەلەی بۆ دانراوە و كاری تێدا دەكەن . وەكو پارێزگا بەردی بناغەی ئەو پرۆژەمان لەگەڵ نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لەسەر قەڵات داناوە، قەڵات بەشێوەی كاتی لەسەر تابلۆی كەلەپوری جیهانی دانراوە بەپێی ئەو گرێبەستانەی كراوە لە ماوەی(3 تا 5) ساڵ پرۆژەكە تەواو دەبێت و تا بگاتە ئەو ئاستەی بەشی زۆری پرۆژەكە تەواو بێت و بخرێتە ناو تابلۆی هەمیشەیی جیهان و وەكو ئەهرامەكانی میسر و شوێنەكانی دیكەی دنیا قبول بكرێت.
لە قەڵات ماڵێكمان هێشتۆتەوە تاوەكو سیفەتی بەردەوامی ژیانی هەر تێدابێت، كە نۆژەنكردنەوە تەواوببێت(50 تا 70) ماڵێك لەسەرەوە دەژین،ئەوانیش كارمەند و فەرمانبەرانی شارەوانی و پۆلیس و ئەوانەی كە دەوامیان لەسەر قەڵاتە و بەشێكی دیكەش لە خانووەكان لەسەر شێوەی خۆی دەمێنێت و دەبێت بە مۆتیل و هەندێكی تر دەبێت بە چایخانە و گەرماو و شوێنی دەرخستنی كەلوپەلی دەستی و. تاد. و چەند ئەنیستیوتی وەكو فەرەنسی و ئەڵمانی و چیكی و ......تاد، تێدا دەبێت.
پرۆژە و بۆردی قەڵات لە پارێزگایە هەر خۆمان سەرپەرشتی دەكەین بۆ ئەوەی ئەو زیندوویەتیەی پێویستە قەڵات هەیبێت و وەكو خوی پارێزراوبیت.
لە درێژەی گفتوگۆیەكەدا بەڕێزیان لە بارەی ئەو سستیەی هاتۆتە پێش لە زبڵ كۆكردنەوە لە گەڕەكەكان و ناوشار و گرنگیدان بە باخچە و یاری منداڵان ورووبەری سەوزایی وتی: گرفتی سەرەكی لەمبارەوە.
بەپێی ئەو گرێبەستەی شارەوانی لەگەڵ كۆمپانیای جنائیندا هەیبووە، كۆمپانیای جنائین بە باشی بەكاری خۆی هەڵنەستاوە چ لە بارەی كۆكردنەوە و گواستنەوەی زبڵەكە چ لە بارەی چارەسەركردنی زبڵەكە و لە ناوبردن و بزركردنی، چونكە جنائین گرێبەستی چارەسەركردنی زبڵەكەشی هەبوو بە دانانی كارگەی جودا كردنەوەی زبڵ لە مبارەوەش سەركەوتوونەبوون، هەر بۆیە ئێستا بەڕێوەبەری كۆنی مفەوەزیە دەستگیركراوە بەپێی ئەو گرفت و كێشانەی هەیانبوو و ئێستا بەڕێوەبەری مفەوەزیەی تازەی بۆ دانراوە بە كار و هەیكەلی خۆیدا دەچێتەوە وهەوڵدەدات سەركەوتوو بێت و ئێمە و وەزارەتی شارەوانی هاوكاریانین،
بەمەبەستی پاكوخاوێن راگرتنی شارەكەمان و پاراستنی ژینگەكەی ئومێدەوارین لە كارەكانیان سەركەوتووبن.
رووبەرێكی گەورەی زەوی بۆ باخچەكان دیاری كراوە
(300 تا 400) پارچە زەوی و شوێنی بەتاڵمان، لە سنووری هەولێر لەسەرۆكایەتی شارەوانی دیاریكراون و هەیە كە بكرێت بە باخچە، ئەمەش بودجەیەكی زۆری دەوێت بۆیە خراوەتە بەرنامە كە ساڵانە چەندین باخچە لە گەڕەكەكان دروست دەكرێت بۆ نموونە ئەو ساڵ بەشێكی لە گەڕەكی باداوە دەكرێت كە دیاریكراون و شوورەیان بۆ كراوە.
ساڵی رابردوو باخچەی كانیاو كە دەكەوێتە سەر رێگای كەسنەزان نزیك گەڕەكی (159)ی گوڵان و باخچەیەكی گەورەمان لە گەڕەكی سەڵاحەدین(سورچیان) پشت مزگەوتی سپی تەواوكرد، بەپێی ئەو بودجەی كە هەیە بەردەوام لە هەولێر لە قەزاو ناحیەكانیش باخچە و ناوچەی سەوزایی دروست دەكەین، هاوكات لە جوانكاری و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی بۆ هەولێر بەردەوام دەبین بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی بۆ سەنتەری شار و دەوروبەری قەڵات بەپێی ئەو بەرنامەو پلانەی دانراوە دەكرێت بەباخچە و نافوورەی هاوچەرخ هەر بۆنموونە باڵەخانەی پارێزگا و دادگاوباڵەخانەی وەزارەتی تەندروستی، ئەمەش كات و ماوە و بودجەی دەوێت ئینجا پڕۆژەیەكی بەرفراوانی باخچە و نافورەی بۆ خزمەتی شارەكەمان لەسەر دروست دەكرێت . لە بارەی ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی لە پلانی ئەمساڵ لە پەرەپێدانی پارێزگادا هەیە چین بەرێزیان وتی: پلانی میزانیەی پەرەپێدانی پارێزگا ئەمساڵ كەمتر بۆتەوە، چونكە كە پەرەپێدانی پارێزگاكان لە ساڵی 2006 دەستی پێكرد(72) ملیار دینارمان هەبوو لەساڵی (2007) بوو بە (134) ملیار دینار و لە ساڵی(2008) بوو بە (360) ملیار دینار و لە ساڵی (2009) كەمیان كردەوە بوو بە (117) ملیار دینار ئەمەش لە بەغداد دادەنرێت و هۆكارەكەش پارێزگایەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بوو، لەبەر ئەوەی نەیانتوانی میزانیەكەیان وەكو پێویست خەرج بكەن، لە ئەنجامدا میزانییەكانیان پێویستی نەدەكرد زیادەی بخرێتە سەر و ئەمەش لە هەموو عێراق وەكو یەكە ناتوانرێ پارێزگایەك لە یەكی دیكە جیا بكرێتەوە بۆیە لە (2010)ش بودجەی هەموو عێراق كەمكرایەوە، میزانییەی پەرەپێدانی هەولێریش كەمكریەوە، پرۆژەكانی كە پەرەپێدان دەیگرێتەوە دیارە( خزمەتگوزارییەكانە وەكو ئاو و كارەباو رێگاوبان و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و باخچە و وەرزش) واتە ئەو پرۆژانەن كە ژێرخانن و پێویستی سەرەكی ژیانی خەڵكە، ئەم پرۆژانەش دەستی پێكردووە، بە هەمان شێوە لە گوند و قەزاو ناحییەكانیش دەستی پێكردووە ئەمساڵ لە پڕۆژەكان جەختمان لەسەر ئاو و كارەبا كردۆتەوە بۆ گوندەكان، چونكە بەهۆی باشی كارەبا داواكاری لەسەر كارەبا زۆرە.
(360 تا 370) گوند لە سنووری پارێزگای هەولێر ماوە كە كارەبایان بۆ بچێت و گەڕەكە تازەكانی ناو هەولێریش و ئێستا پرۆژەیەكی گەورەی ئاو لە گەڕەكی باداوان هەیە لە نزیك گەڕەكی هاوكاری كە حەوزێكی گەورەی گلدانەوی ئاوە كە بەشێكە لە پرۆژەی بانكی نێودەوڵەتی كە (6 تا 7) بیرە دەبەسترێتەوە بە حەوزەكە لە ژێر جێبەجێكردندایە، بەتەواوبوونی ئەم پرۆژەیە گرفتێكی گەورە لەم ناوچە و گەڕەكانە چارەسەر دەبێ . لە تەوەرەیەكی دیكەدا بەڕێزیان وتی: بۆ سەلامەتی خەڵك لە چەندین شەقامی سەرەكی و ناو بازاڕ تاسە دروستكراوە، بەڵام لە شەقامێكی وەكو(60) مەتری و جووت سایدی شۆڕشی كە پردی پەڕینەوە دروست دەكرێت كە پردەكان تەواوبوو، لە پاشان لایەنی پێوەندیدار وەكو ئەندازەیی هاتووچۆ ئەگەر بزانن تاسەكان پێویست ناكات هەڵیان دەگرێت و لە هەندێ شەقام و كۆڵان بە نایاسایی لەلایەن خەڵكەوە تاسە دروستكراوە ئەوە بەردەوام بەدواداچوون هەیە و ئەم جۆرە تاسانەش لادەدرێت.
كار بۆجوانكردنی بازاڕ دەكەین
پرۆژەی جوانكاری شوستەكان و بەردەمی دوكانەكان لە سەنتەری شارەوە دەستمان پێكردو لە گەڕەكی سێتاقان و ناو كوران و تەیراوە و چەندین شوێنی دیكە بۆ یەكخستنی شۆستەكان و مەحجەرەمان دانا بۆ ئەوەی دیمەنی جوان و هاوچەرخ پیشانبدات و بەردەوامیش كار لەسەر جوانكاری و رێكخستنی شۆستە و بازاڕ و دوكانەكان دەكەین، لە بارەی راوەستانی كاركردن لە پرۆژەی بازاڕی نیشتمان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتی:
پرۆژەی بازاڕی نیشتمان زۆر گەورەیە تەخمین دەكرێت و سەرمایە و بودجەی بۆی دانراوە پتر لە یەك ملیارد دۆلارە، چوار تاوەرەكەی ناوەڕاستی بازاڕەكە بەپێی ئەو گرێبەستەی بۆ قەڵات كراوە نابێت بەو بەرزیەی كە بۆیان دانرابوو دروست بكرێن، چونكە كاریگەرییان لەسەر دیمەنی قەڵات دەبێت، ئەو پارە و بودجە زۆرەی لە بناغە و هەیكەلی چوار تاوەرەكە خەرجكرا كاریگەری هەبوو لەسەر تەواونەكردنی بەشەكانی دیكە، بەم چەند ملیۆن دۆلارەی لە بناغەی تاوەرەكان خەرجكراوە دەتوانرا ئەو بەشەی سەر (30) مەتری بەلای سەیداوە تەواوبكرێت و داواكاریشی لەسەر زۆر بوو، هۆكاری راوەستانی ئەم بەشەی پرۆژەكە لە ناڕێكی یەك لە دوای یەكی زنجیرەی كارەكانیان و پلاندانانیان بوو بۆیە لە ئەنجامدانی پرۆژەكەیان زۆر سەركەوتوو نەبوون.
لە بارەی نۆژەنكردنەوەی دەروازەی هەولێر- موسڵ و هەولێر- كەركووك بەڕێزیان وتی:
نۆژەنكردنەوەی دەروازەكانی هەولێر-موسڵ و هەولێر كەركووك لە پلان و میزانیەی ئەمساڵی وەزارەتی شارەوانییە
تەنگژەی نیشتەجێبوون بەرەو چارەسەركردن دەچێت
لەكۆتاییدا بۆ چارەسەركردنی تەنگژەیی نیشتەجێ و دروستكردنی شوقەو خانوو بەرێزیان وتی:سیاسەتی حكومەت ئێستا لەمبارەوە گۆڕاوە لە جیاتی دروستكردنی شوقە و دابەشكردنی زەوی، بەڵكو سیاسەتەكە پتر خراوەتە سەر بانكی نیشتەجێبوون و كەرتی تایبەتی لە بواری بەرهەمهێنان خانوو دروست دەكەن كە حكومەت زەوی دەدات بە كۆمپانیاكان و هاوكاریش دەكرێن لە پارەدانەكە، هەر ئێستا چەندین هەزار خانوو لە ژێر دروستكردندایە وەكو شاری ئاشتی و زێڕین و ئۆزال و ...تاد.
بەشێك لە پارەكانیش بەشێوەی قیست لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەدرێن، بەشێكیشی لەلایەن سندووقی بانكی نیشتەجێبوون بەمەش بەشێكی باشی تەنگژەكە چارەسەردەكرێت.