ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری (UNODC) هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێ دەکەن

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری (UNODC) هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی 17ی ئاداری 2025، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد لەگەڵ نوێنەرانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و ئەندرێ پاترسۆن، پسپۆڕی جێبەجێکاری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC).

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها هەماهەنگی نێوان دامودەزگاکانی حکومەت لەم بوارەدا.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توانا و ئیمکانیاتی خۆی هەنگاوی زۆری ناوە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بەردەوامە لەسەر ئەم هەوڵانە، بەڵام پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەتی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت لەو بوارەدا، کە ئەمەش یەکێکە لە ستراتیژییەتەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر."

هەروەها وتی: "پێگەی جوگرافی هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیری سنوورەکان، هەروەها بوونی گرووپە چەکدارەکان، وایانکردووە ماددەی هۆشبەر بە ئاسانی بڵاوببێتەوە. سەرەڕای ئەمانەش، کابینەی نۆیەم شەڕێکی گەورەی بەرامبەر بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستپێکردووە."

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر پرۆژەی کۆمەکی وڵاتی کەنەدا بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بە گرنگ و پێویستی وەسفی کرد.

لەلایەن خۆیەوە، ئەندرێ پاترسۆن، پسپۆڕی جێبەجێکاری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC) ڕایگەیاند: "ئێمە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەرز دەنرخێنین، کە سەرەڕای ئاستەنگ و تەحەدیاتەکان، بە تواناکانی خۆی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی لە ئەستۆ گرتووە. ئەمەش ئەرکێکی ئاسان نییە."

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری (UNODC) هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێ دەکەن
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری (UNODC) هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێ دەکەن
Top