بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باکووری مەقدۆنیا 51 کەس گیانیان لەدەستدا

میدیا نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئادار بڵاویانکردەوە، کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەک لە یانەیەکی شەوانە لە باکووری مەقدۆنیا لانیکەم ٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزارەتی ناوخۆی مەقدۆنیا ڕایگەیاند، ئاگرەکە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری «کوچانی» کەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییە، ئاگرەکە لەکاتی کۆنسێرتێکی مۆسیقای «هیپ هاپ»دا کەوتووەتەوە.
ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە، كە زیاتر لە هەزار و 500 کەس بەشدارییان لە کۆنسێرتەکەدا کردووە.
وەزیری ناوخۆی باکووری مەقدۆنیا ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەهۆی پریشکی ئامێری ئاگرکوژێنەوە بووە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە، كە حکومەت بەتەواوی ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکە و دیاریکردنی هۆکارەکانی ڕوودانی ئاگرەکە.
گوڵان: سەردار خەلیل