غەفوور مەخموورى : رەفتارەى سوپاى عێراق لە ئێستادا هەمان رەفتارى سوپاى رژێمى رووخاوى بەعسە

غەفوور مەخموورى : رەفتارەى سوپاى عێراق لە ئێستادا هەمان رەفتارى سوپاى رژێمى رووخاوى بەعسە

(*)

غەفوور مەخموورى سکرتیرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکیدا بۆ راى گشتى، بەتوندى هێرش و رەفتارەکانى سوپاى داگەرکەرى عێراقى بۆ سەر جوتیارانى سەرگەڕان و شەناغەو چەند ناوچەیەکى پارێزگاى کەرکوک ئیدانەو شەرمەزار کردووەو، رەفتارەکانى سوپاى ئێستاى عێراقى بە رەفتارەکانى سوپاى بەعسى رووخاو چواندووەو دەڵێ: (ئەم رەفتارەى سوپاى داگیرکەرى عێراق هەمان رەفتارى سوپاى رژێمى رووخاوى بەعسە).
مەخموورى لە پەیامەکەیدا دواى یەکریزى و یەکدەنگى لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەى سیاسەت و رەفتارە نابەجێکانى حکومەت و سوپاى عێراق، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

بۆ ڕاى گشتى


- گەلى خۆڕاگرى کوردستان ...
- هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...
ئەو راستییە بەبیر هەموو لایەک دێنینەوە، کە ئەزموونى زیاتر لە سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبى عێراقدا ؛ ئەزموونێکى تاڵە، لەماوەى سەد ساڵى رابردوودا تەواوى دەسەڵاتەکانى عێراق دژى کورد بوون و هەوڵى لەناوبردنى کوردستانیانداوە بەخاک و خەڵکەوە، دەسەڵات و شەقامى عەرەبى عێراق هاوڕاو هاوکاربوون لەو دژایەتییەدا (جگە لە چەند کەساتییەک نەبێ)، تەواوى دەسەڵاتدارانى عێراق لە بەرامبەر کورددا یەک لە یەکتر خراپتر بوون، دەسەڵاتى ئێستاش لە هەموویان خراپترو زالمتر.
بەداخەوە سوپاى داگیرکەرى عێراق جارێکى دیکە دژایەتى خۆیان بەرامبەر گەلى کوردستان نوێکردەوە و، ئەمڕۆ دووشەممە، رێکەوتى 17 / 2 / 2025 ، هێرشیانکردە سەر جوتیارانى سەرگەڕان و شەناغە، ئەم رەفتارەى سوپاى داگیرکەرى عێراق هەمان رەفتارى سوپاى رژێمى رووخاوى بەعسە، درێژەپێدانى هەمان سیاسەتى بەعەرەبکردن و ئەنفالکردنى کوردستانە، ئەم رەفتارەى سوپاى داگیرگەرى عێراق ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا دەسەڵاتدارانى عێراق وەک هەمیشە دژە کوردن و یەک لە یەک زالمترن بۆ گەلى کوردستان، لە مێژووى بەشەرییەتدا لە دەسەڵاتدارانى عێراق زاڵمتر و بێنمەکتر نەبووەو نیە، ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK دژى ئەو رەفتارەو تەواوى رەفتارەکانى سوپاى داگیرکەرى عێراق دژ بە گەلى کوردستان دەوەستینەوەو زۆر بەتوندى ئیدانەو شەرمەزاریان دەکەین و رەتیاندەکەینەوە، لەهەمان کاتدا پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ جوتیارانى سەرگەڕان و شەناغە و تەواوى جوتیارانى ناوچە داگیرکراوەکانى کوردستان رادەگەیەنین و، ئامادەین بۆ بەرگریکردن لێیان و بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر موڵکى خۆیان.
- جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...
وەک لاى هەموو لایەکمان روونە دەسەڵاتدارانى عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە زۆربەى هەرەزۆریان لە دژى کورد یەکهەڵوێست و یەکدەنگن، مێژووى سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبى عێراق دەیسەلمێنێت کە هیچ کات دەسەڵاتدارانى عەرەبى عێراق دۆستى کورد نەبوونەو دۆستى کوردیش نابن، ئیدى بەسە با فێڵ لەخۆمان نەکەین و کات بەفیڕۆ نەدەین، با لە جیاتى خەریک بوون لەگەڵ بەغدا بەیەکگرتووى بەگژ ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەى عەرەبى عێراق دابچینەوە، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستى کاربکەین، بۆ ئەمەش بێگومان ئەمڕۆ باشترە لە سبەى .
لە رەوشێکى وادا ؛ بانگ لە سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان دەکەین کەوا بڕیارى یەکلاییکەرەوەى خۆى بدات و چیتر ئەو ناعەدالەتى و بەسووکسەیرکردنەى عێراق قبوڵ نەکات و تەواوى کارمەندو بەرپرسە بێدەسەڵاتەکانى کوردستان لە بەغداى عەرەبى بکێشێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە کوردستان، لەهەمان کاتدا پێویستە بە هەموو لایەکمان هەوڵبدەین ناوەندى پەرش و بڵاوى سیاسیى کوردستان رێکبخەینەوەو چەترێکى هاوبەش بۆ کۆکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێر ئەو چەترەدا کۆببینەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین، بێگومان هێزى ئێمە لە یەکڕیزى و یەکدەنگیماندایە، هەر کاتێ یەکڕیزو یەکدەنگ بووبین بەهێزبووین ؛ هەر کاتێکیش پەرش و بڵاوبووبین ناحەزان سوودیان لەو پەرش و بڵاوییە وەرگرتووە وەک ئێستا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین و جلى کوردایەتى لەبەرخۆ بکەین و، هەروەها پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندابچینەوەو سوود لە هەڵەکانى رابردوومان وەربگرین، جارێکى دیکە لێرەوە داوا دەکەین کەوا هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ :
1- رێکختستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش، کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ.
2- داهاتى کوردستان رێکبخەینەوە و، بۆ ئەم مەبەستە خەزێنەیەکى نیشتمانى بەناوى (سندوقى داهاتى کوردستان) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەى چیتر چاومان لە دەستى بەغدا نەبێت و، بەپێى داهاتى مانگانەى کوردستان مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و پێویستییەکانى کوردستان دابین بکرێت.
3- لێژنەیەکى باڵاى دیبلۆماسى لە هێزە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت بۆئەوەى پەیوەندى بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بکات و زولمەکانى عێراق بەرامبەر گەلى کوردستان بگەیەنێتە هەموو لایەک، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ پەرلەمان و حکومەتى کوردستان.
4- پێکهێنانى بۆردێک بەناوى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان)، بۆئەوەى ئەنجامى ریفراندۆم بجوولێنێت و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا کارى بۆ بکات.
- سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- بێتەدى ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان.
- مردن و رووڕەشى بۆ دوژمن و ناحەزو داگیرکەرانى کوردستان


(*)

سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
17 / 2 / 2025

Top