ئاگرکەوتنەوەی ئەمریکا گەیشتە گردەکانی هۆلیوود
بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا، ئاگرکەوتنەوە گەورەکانی شاری لۆس ئەنجلۆس گەیشتووەتە گردەکانی هۆلیوود.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە 9ی 1ی 2025، ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاوی شاری لۆس ئەنجلۆس گەیشتووەتە گردەکانی هۆلیوود.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پێنج ئاگری دیکە لە نزیک تابلۆی هۆلیوود کەوتۆتەوە و فەرمانی چۆڵکردن لەم ناوچەیە دەرچووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆرێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی هۆلیوود لەوانە جیمی کورتیس، مەندی مۆر و ماریا شریڤەر ماڵەکانیان لە لۆس ئەنجلۆس بەجێهێشتووە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، بای بەهێز ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگرکوژێنەوە کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە.
لەم راپۆڕتەدا هاتووە كە 100 هەزار کەس فەرمانیان پێکراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
بەرپرسانی شاری لۆس ئەنجلۆس ئەم ئاگرکەوتنەوانەیان بە وێرانکەر وەسف کردووە و دەشڵێن کە لە مێژووی ئەمریکادا بێ وێنە بووە.
هاوکات ئەم بەرپرسانە دۆخی ئەم شارەیان بە نائاسایی ڕاگەیاندووە.
بەپێی ئامارە ڕاگەیەندراوەکان، لەم ئاگرکەوتنەوانە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان ماڵیش سووتاون.
جۆ بایدن؛ سەرۆکی ئەمریکا ئەم ڕووداوەی بە "سەرسوڕهێنەر" ناوبرد و هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەكانی قوربانیانی ئەم ڕووداوە دەربڕی .
گوڵان: سەردار خەلیل