سووریا بەرەو كوێ؟ ڕەنگە یەكەمین ئالنگاری كە ڕووبەڕووی پرۆسەی گۆڕان ببێتەوە ئەوە بێت، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی ڕابردوودا بكرێت
هەندێك ئالنگاری لە شێوەی دیكە هەن، گرنگترینیان ئەوەیە سەركردە تازەكان چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ كێشەی كورددا دەكەن؟ ئایا ددان بە مافی كورددا دەنێن لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی؟ بۆیە دەكرێت بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان یەكێتیی ئەوروپا بە بەشداریی كۆمكاری عەرەبی، بۆ دەركردنی شێوازێكی فیدڕاڵی بۆ بەڕێوەبردنی خۆسەریی كوردی، پێویستە دەرگای گفتوگۆی ئاشتییانە واڵا بكرێت. هەر چەندە ئەم جۆرە چارەسەرە بە دڵی توركیا نابێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش پاڵپشتیی بكات. ئەم جۆرە ناڕەزاییە ئاساییە، ئالنگارییەكی دیكە ئەوەیە چۆن سووریا سەربەخۆیی نیشتمانیی خۆی بەدەست دێنێتەوە، دوای ئەوەی باڵادەستیی ئێرانی لەسەر بوو، هەروەها هەژموونی ڕووسیا، چونكە ڕووسیا و ئێران ئەم ڕژێمەیان دەپاراست و نەیاندەهێشت هەرەس بهێنێت، بۆیە باڵادەستیی توركیا و ئەمریكا بوو بە جێگرەوەی هەژموونی ڕووسیا و ئێران، ئەمەش گرفتێكی دیكەیە.
سووریا دوای زیاتر لە پێنج دەیە، لەژێر حوكمڕانیی تاكە حزب و ڕژێمێكی تۆتالیتاریدا، ڕۆژی 8ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2024 پێی نایە سەردەمێكی تازە و ڕۆژێكی جیاوازەوە، ڕژێمی ئەسەد بە چاوتروكانێك ڕووخا، هەروەها هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان (ئێران و ڕووسیا) لەو وڵاتە هەرەسیان هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەگشتی هەست بەوە كرا، كە چیدی توانای بەرگریی نەماوە بەرانبەر ئەو هێرشەی كە چەكدارەكانی پاڵپشتیكراو لەلایەن توركیاوە ئەنجامیان دا، كاتێك لە حەلەبەوە پێشڕەوییان كرد بەرەو حەما و حومس، دواجار ڕووەو دیمەشقی پایتەخت، كە كتوپڕ ڕایانگەیاند سەرۆك بەشار ئەسەد بەرەو شوێنێكی نادیار ڕای كردووە.
بەم شێوەیە دیمەنەكە ڕوونتر و ئاشكراتر بوو، كاتێك چەكداران دەستیان بەسەر جومگەكانی دەوڵەتدا گرت و پێگە هەستیار و گرنگەكانیان داگیر كرد، هەروەها دەرگای زیندانەكانیان شكاند، كە گەواهیدەری ستەم و چەوسانەوە و ئەشكەنجەدانی ڕژێم بوون. لە لایەكی دیكەوە دوای ئەوەی كە سەركردایەتیی حزبی بەعس بە واژۆی ئیبراهیم ئەلحەدید ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە بلۆككردن و ڕاگرتنی هەموو چالاكییەكانی حزبەكەی ڕاگەیاند، بێ ئەوەی هیچ ڕوونكردنەوەیەك دەربارەی هۆكاری ئەمە بخاتە ڕوو، ئەمەش دوای ئەوەی كە بەشار ئەسەدی ئەمینداری گشتی پێگەی فەرمی و حزبییەكەی خۆی بەجێهێشت.
ئەگەر سووریا ئاواتەخواز بێت، لەو وڵاتە ڕژێمێك و گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی و شەرعییەتێكی سیاسیی تازە بێتە كایەوە، هەروەها ڕەوایەتیی یاسایی تازە جێگیر ببێت، ئەوا چەند پرسیاری زۆر و قووڵ و ئاڵۆز ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چونكە ڕووخانی ڕژێمێكی تۆتالیتاری تەنیا ئەوە نییە ڕاپەڕینێك بكرێت و سیستمێكی دیموكراسی دابمەزرێت، بەڵكو پرۆسەی دیموكراسی بریتییە لە ڕێڕەوێكی درێژخایەن و پێویستی بە چەندین بنەما هەیە، كە دەبێت بەردەست بن، لەوانە حوكمی یاسا و بڵاوكردنەوەی ئازادی و دداننان بە فرەیی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتدا.
ڕەنگە یەكەمین ئالنگاری كە ڕووبەڕووی پرۆسەی گۆڕان ببێتەوە لە سووریا، ئەوە بێت كە چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی ڕابردوودا بكرێت. ئایا بە تۆڵەسەندنەوە و زەبروزەنگ، یان لە ڕێی دادپەروەریی ڕاگوزاری كە بەرژەوەندیی باڵای وڵات لەبەرچاو بگرێت، هەروەها یەكێتیی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی؟ ئەمەش پێویستی بە دیاریكردنی بەرپرسیارێتییەكان و لێپێچینەوە لە گەورە ستەمكارەكان هەیە. هاوكات ئاشكراكردنی ڕاستی و قەرەبووكردنەوەی قوربانییان، یان خێزانەكانیان و چاككردنی سیستمی یاسایی و دادپەروەری و ئەمنی و هەموو دەزگاكانی یاسا، دیارە ئەمەش پێویستی بە شەفافییەتێكی باڵا و ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ و بنیادنانەوەی دەوڵەت هەیە، كە تاكەكانی كۆمەڵگە و هەموو گرووپەكان بتوانن بۆ دیموكراسی بە هەنگاوی دیراسەكراو و درێژخایەن بەرەو پێش بچن. جا بۆ ئەوەی توندوتیژی سەرهەڵنەدات، كە بەرهەمی دەمارگیرییە و لەمەشەوە پەڕگیری دێتەكایەوە، كە پەڕگیرییش بوو بە ڕەفتار، سەر دەكێشێت بۆ توندوتیژی، ئەویش دەگۆڕێت بۆ تیرۆر، جا ئەگەر سنووری بەزاند، ئەوا متمانەی دەوڵەت بە خۆی و بە تاكەكانی كۆمەڵگە لاواز دەكات، ئەمەش بە تیرۆر و تیرۆری نێودەوڵەتی وەسف دەكرێت.
ڕەنگە ئەمڕۆ سووریا زۆر پێویستی بە بنیادنانەوەی دەوڵەت هەبێت و نابێت ئەو دامەزراوانەی ئێستای تێك بچن و بڕووخێندرێن، بەڵكو دەبێت هەوڵ بدرێت پاك بكرێنەوە و چاكسازییان تێدا بكرێت و ئاسەواری ڕژێمی پێشوویان تێدا نەهێڵدرێت، هەروەها كارەكە وا دەخوازێت، كە جەخت لە پرەنسیپە نیشتمانییەكان بكرێتەوە بە بناغەی مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتیانی ئازادیخواز دابنرێن، بە پێی بنەماكانی: یەكەمیان ئازادی و دووەمیان یەكسانی و سێیەمیان دادپەروەری، بەتایبەتیش دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بە كەمترین ئاست، چوارەمیشیان شەراكەت و بەشداریكردن، كە هەمووان شەریكن لە نیشتماندا و پێویستیشە لە بڕیاردانیشدا بەشدار بن.
لێرەدا پێویستە جیاكاریی نێوان هاووڵاتیان پشتگوێ بخرێت و لەسەر بنەمای نەتەوە، یان ئایین، یان تایفەگەری، یان زمان، یان بنەچە، یان حزب، یانیش بە هەر هۆكارێكی دیكە مامەڵ نەكرێت، ئەمە جگە لە ڕێزگرتن لە مافی ئافرەت و یەكسانیی لەگەڵ پیاودا.
ئەمانە بنچینە و بناغەگەلی بنیادنانەوەی دەوڵەتی سووریان، هەروەها گەشەپێدانی سەرتاسەری و بەردەوام بۆ هەموو كایەكان دێننە ئاراوە، بەتایبەتی لە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەریدا، لەگەڵ نەهێشتنی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران، ئەمەش پێویستی بە داڕشتنەوەی بەهاكان و بەرزكردنەوەی هۆشیاریی مافی كۆمەڵگە هەیە، لەسەر بنەمای عەقڵانییەت و شارستانی لە دامەزراوە یاساییەكانەوە، دەكرێت ئەو دامەرزاوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵیان لەم بوارەدا هەبێت، جگە لە سەندیكا و یەكێتی و كۆمەڵەكان و دەستەبژێرانی فیكری و ڕۆشنبیری لە چوارچێوەی دیالۆگێكی سەرتاسەریی كۆمەڵگەیی بێ نواندنی ڕق و كینە، یان خۆسەپاندن. لە ڕاستیدا هەندێ مین لەبەردەم ئەم جۆرە ئاراستانەدا هەن، لەوانە ڕەوتی ئیسلامگەرایی كە دەستێكی باڵای لەم پرۆسەی گۆڕانەدا هەیە، وێڕای ئەو لایەنانەی لە پشتیەوەن و هاوكارییان دەكەن، ئەمەش پێویستی بە هەڵێنانی هەنگاوی سەرپێیی هەیە، لەوانە: قەدەغەكردنی هەڵگرتنی چەك، یان بەكارهێنانی لە دەرەوەی دەوڵەتدا، هەروەها دەركردنی لێبووردنی گشتی لە هەموو ئەوانەی حوكم دراون، یان لە زیندانییە سیاسییەكانن، یان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن و بە ئامادە نەبوون حوكم دراون و مافیان پێ بدرێت بێ مەرج بگەڕێنەوە وڵات.
هەندێك ئالنگاری لە شێوەی دیكە هەن، گرنگترینیان ئەوەیە سەركردە تازەكان چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ كێشەی كورددا دەكەن؟ ئایا ددان بە مافی كورد دادەنێن لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیدا؟ بۆیە پێویستە لێرەدا دەرگای گفتوگۆی ئاشتییانە واڵا بكرێت، دەكرێت بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان یەكێتیی ئەوروپا بە بەشداریی كۆمكاری عەرەبی بۆ دەركردنی شێوازێكی فیدڕاڵی بۆ بەڕێوەبردنی خۆسەریی كوردی هەنگاو هەڵگیرێت، هەر چەندە ئەم جۆرە چارەسەرە بەدڵی توركیا نابێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش پاڵپشتیی بكات، ئەم جۆرە ناڕەزاییەی ئاساییە، ئالنگارییەكی دیكە ئەوەیە چۆن سووریا سەربەخۆیی نیشتمانیی خۆی بەدەست دێنێتەوە، دوای ئەوەی باڵادەستیی ئێرانی لەسەر بوو، هەروەها هەژموونی ڕووسیا، چونكە ڕووسیا و ئێران ئەم ڕژێمەیان دەپاراست و نەیاندەهێشت هەرەس بهێنێت، بۆیە باڵادەستیی توركیا و ئەمریكا بوو بە جێگرەوەی هەژموونی ڕووسیا و ئێران، ئەمەش گرفتێكی دیكەیە.
ئەم پرسە پێویستی بە یەكێتییەكی پتەوی نیشتمانی هەیە، هەروەها هاوكاریی نیشتمانی و بەرنامەیەكی ڕوون كە هەنگاوی جددی و ڕاست هەڵێنێت بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە، كە زۆر ئاسان نییە و لە ناو سووریا كێشەی تازە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، شەڕ و پێكدادانیش بەرپا دەكات لە نێوان هێزە ئیسلامگەراییەكان و هێزە نیشتمانییەكانی دیكەدا، هەروەها حوكمڕانیی تازە لەژێر هەر ناوێكدا بێت، ڕووبەڕووی ئەوە دەبێتەوە، ئەو گرفتە مێژووییەی كە پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بكات، مەبەستم ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكات؟ چونكە ئیسرائیل ئەو بۆشاییەی قۆستەوە كە لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە هاتە ئاراوە، بۆیە دەبینین كە (350) گورزی لە دامەزراوە گرنگ و هەستیارەكانی سووریا وەشاند، لەوانەش دامەزراوەی سەربازی، ئەمە جگە لە پێشڕەویكردن لە ناو خاكی سووریا بێ گوێدانە ڕێككەوتننامەكانی ڕاگرتنی پێكدادان كە لە ساڵی 1974 واژۆ كراوە، بۆیە هێزەكانی ئیسرائیل بە قووڵایی 25 كیلۆمەتر هاتنە نێو خاكی سووریاوە و (جەبەل شێخی)یان داگیر كرد بەمەش ئیسرائیل توانی بەسەر پێگە ستراتیژی و گرنگەكانی سووریادا باڵادەست بێت.
ڕەنگە ئالنگارییەكی دیكە گرووپە چەكدارە گەورەكە بێت كە ڕژێمی پێشووی ڕووخاند، كە لەلایەنی نێودەوڵەتییەوە بە گرووپێكی تیرۆریستی هەژمار كراوە. ئایا ئەمە دەگۆڕێت بۆ هێزێكی مەدەنی بە گرتنەبەری شێوازگەلێك كە لەگەڵ بوونی خۆی لە لووتكەی دەسەڵاتدا بگونجێت؟ وا دیارە هێزە ڕۆژئاواییەكان مەرجیان داناوە بۆ ئەوەی ئەم كۆتانەی لەسەر سووك بكەن، یان ناوی لەو لیستە لابەرن كە بە تیرۆر پۆلێن كراوە، بۆیە دەبینین كە بەریتانیا ڕایگەیاندووە كە چاو بە «دەستەی تەحریری شام»دا دەخشێنێتەوە كە وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریست پۆلێن كراوە، دوای ئەو ویلایەتە یەكگرتووەكان هەمان شتی ڕاگەیاند.
ڕەنگە ماوەی گواستنەوە، یان ئەوەی كە گرووپە چەكدارەكە كە ئێستا حوكمڕانی سووریایە پەیڕەوی دەكات لە گرتنەبەری ڕێوشوێن و ڕێكارەكان، هەموویان ئاماژە بن بۆ حوكمڕانییەكی تازە، كە دراوسێیەكانی سووریا ئێستا چاوەڕوانی دەكەن، عێراق بە كورد و عەرەبەوە، هەروەها ئوردن و لوبنان، لەو گۆڕانكارییانەی كە هاتوونەتە ئاراوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر دەوڵەتان و گەلان هەیە، بەتایبەتیش عەرەب.