شـێـخ عهبدولسهلام بارزانى، یەکەمین ڕابهری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازى گهلى كوردستان
شێخ عهبدولسهلام بارزانى، یەکەمین ڕابهری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازى گهلى كوردستان، ڕۆژی 14ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1914 دوای حەوت ساڵ لە درێژەدان بە شۆڕش لە پێناو مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خەڵکی کوردستاندا، بە بڕیاری دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵ یاوەرانی لە شاری موسڵ لە سێدارەدرا.
ڕێبازی بارزان، بە لەبەرچاوگرتنی ڕێسا مرۆییەکان گەشەی کرد و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکرد. دوای ئەوە زۆر بە فراوانی و ئاشکرایی ئەو رێبازە پەڕییەوە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و دەستپێکردنی خەباتی نەتەوەیی بەتایبەتی لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەمدا.
شێخ عەبدولسەلام شێخ محەمەد بارزانی، زانا و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستانی لەسەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کۆکردەوە، لە ساڵى 1907 داواکارییەکانی گەلی کوردستانی بەشێوەی نووسراو لە کۆمەڵێک خاڵدا ئاراستەی سوڵتان عەبدولحەمید، سوڵتانى عوسمانى و زلهێزەکانی ئەوکات کرد، هەربۆیەش عەبدولسەلامی بارزانی بە دانەری رێبازی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان ئەژمار دەکرێت.
داخوازییەکانیش بریتی بوون لەوەی خوێندن بە زمانی دایك بێت، ئەو باجەی لە کوردستان کۆدەکرێتەوە بۆ چاککردنەوەی رێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانەكان بێت.
سوڵتانى عوسمانى ئەو داواکارییانەی بە دەرچوون لە فەرمان و داواکاریی جیابوونەوە لە قەڵەمدا، بۆیە فەرمانی هێرشی بۆسەر بارزان دەرکرد، شێخ عهبدولسهلام خۆى و هێزهكهى 2 مانگ بهرگریان کرد، بەڵام بەهۆی نابەرابەری هێز بهناچارى ساڵێك له ناوچهى بارزان دووردهكهوێتهوه و روودهكاته رۆژههڵاتى كوردستان.
لهوماوهیهدا، سوپای عوسمانیش زۆربەی شوێنەکانی ناوچەی بارزانی سوتاند و ژن و منداڵیان بەدیل گرت، كە مەلا مستەفای بارزانی ئهو كات تەمەنی 4 ساڵ بوو لەگەڵ دایکیدا دەستگیرکران و لە زیندانی موسڵ زیندانی کران.
شۆڕش بەردەوام دەبێت و ھەر لەو ساڵەدا شێخ عەبدولسەلام ھێرشیکردە سەر سوپای عوسمانی و له ئهنجامدا سوپا تێکشکێندرا و ناچاربوو لە ناوچەی بارزان پاشەکشە بکات.
سوڵتانى عوسمانى بۆ گرتنى عهبدولسهلام بارزانى خهڵاتێكى گرانبههای تهرخان كرد، لە ساڵى 1913 دووباره والى عوسمانى هێزێكى زۆرى له موسڵهوه نارد بۆ ئهوهی عهبدولسهلام بارزانى له ناوچهى بارزان دهستگیر بكهن، پاشان شێخ عهبدولسهلام جارێکی دیکە روویکردەوە رۆژههڵاتى كوردستان.
بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری لە دۆزی رەوای گەلەکەی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی سەردانی رووسیا و جۆرجیای کرد، سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو سەردانەی لە کتێبی بۆ مێژوو نووسیویەتی: سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا پێی گوتووە، شێخ عەبدولسەلام بۆ داواکاری مافی رەوایی گەلەکەی دیداری لەگەڵ نیکۆڵای دووەم، قەیسەری رووسیا هەبووە و لە مۆسکۆ لەگەڵی کۆبووەتەوە.
لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە جۆرجیا و رووسیا، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و ئەو پێشمەرگانەی یاوەری بوون لە گوندی گەنگەچینی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن چەند کەسێکەوە هەواڵ بە عوسمانییەکان دەدرێت و دەستگیر دەکرێن.
دواتر شێخ عەبدولسەلام بارزانی، رەوانەی زیندانی موسڵ کرا و لە دوای ئەشکەنجەدانی خۆی و یاوەرانی، دادگایی دەکرێن و بڕیاری لەسێدارەدان بهسهر خۆیی و 6 لە یاوەرانی دەسەپێندرێت و لە رۆژی 14ی كانوونی دووەمی ساڵی 1914 لە سێدارە دەدرێن، کە ئەوکات تەمەنی 27 ساڵان بووە.
بەهۆی حەقانییەت و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک، رێبازەكەی بەردەوام بووە و لە بواری ژینگەیی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕییەوە لە گەشەکردنێکی بەرچاودا بووە، تا ئەمڕۆش ههڵگرانی رێبازەکەی بە باوەڕبەخۆبوون و سەرفرازییەوە بەرگری لە مافەکانی ستەملێکراوان دەکەن و پاراستنی ژینگە و مافی ژنان و مافهكانی مرۆڤ بەگشتی بووەتە ھەوێنی باوەڕی بارزان.