دكتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتیی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر: ئەزموون و خوێندنەوەی سەرۆك بارزانی وەك كەسایەتییەكی گەورەی مێژوویی بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكە ڕوو دەدەن گرنگە
یەكێتیی زانایان پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و ناوەندە ئەكادیمی و ئایینییەكاندا پەیدا كردووە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتێكی وەك میسر و ناوەندێكی گەورەی ئەكادیمیی وەك مەشیخەی ئەزهەری شەریف، تا ڕاددەیەك پەیوەندیی هەردوولا گەیشتووەتە ئاستی ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕۆشنبیری و كردنەوەی خولی ئەكادیمی و پەرەپێدانی تواناكان و هاتنی شاندی فەرمی لە مەشیخەی ئەزهەرەوە بۆ كوردستان و، بە پێچەوانەشەوە ڕۆیشتنی شاندی فەرمیی هەرێم بۆ ئەزهەر، كە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە ئاستی زانستیی مەلای كورد و مێژووی پڕ شكۆی گەورە زانایانی كورد كاریگەریی زۆریان لەسەر جیهانی ئیسلامی هەبووە و، فاكتەری پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوولایان لە ڕووی میراتی زانستی و پابەندبوون بە ڕێڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعی ڕاگرتووە.
لە ساڵی 2009 و تا ئێستا بە شێوەی پڕۆتۆكۆلی ئەو پەیوەندییە جێگیر كراوە و هەر بەردەوام بووە، لە میانەی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان یەكێتیی زانایان و ئەزهەردا هەبووە، چەندین خولی شیاندن و ئاڵوگۆڕی مەعریفی و گەشەپێدانی توانای مرۆیی لەمەڕ پرسە هاوچەرخەكان بەڕێوە چووە، سەدان مەلای كورد بەشدارییان تێدا كردووە و لێكەوتە و كاریگەریی باشی لەسەر ئاستی پەیوەندیی هەردوولا هەبووە، بە تایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و بڵاوكردنەوەی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و گەشەپێدانی تێگەیشتنی دروست لە چەمكە ئایینییەكان و ڕوونكردنەوەی بابەتی هاوچەرخ و بەرەوپێشبردنی بواری فەتوا و پاراستنی كەلتوور و توراسی زانستیی ڕێبازی گەورە زانایانی ئۆممەتی ئیسلامی.
ئەم جارە شاندێكی باڵای ئەزهەر كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان «دكتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتیی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر، دكتۆر سەلامە داود سەرۆكی زانكۆی ئەزهەر، وائل بەخیت جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی جیهانیی دەرچووانی زانكۆی ئەزهەر، ئەحمەد فەوزی بەڕێوەبەری كاروباری دەرەوە لە زانكۆی ئەزهەر»، بە مەبەستی بەشداری لە دیداری زەڵمی و دانیشتن و بەسەركردنەوەی دەزگا و ناوەندە ئیداری و پیشەیی و ئەكادیمییە ئایینییەكان و سەركردایەتیی سیاسیی كورد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە كوردستان بوون. ئەوە مایەی خۆشحاڵی و جێی دڵخۆشییەكی زۆر بوو، چونكە حوزووری ئەم شاندە باڵایەی ئەزهەر لە كوردستان هێمایەكی گرنگە لە قووڵتركردنەوەی پەیوەندیی نێوان زانایانی كورد و زانایانی ئەزهەری شەریف لە لایەك و، پاڵپشتییەكی گەورەشە بۆ درێژكردنەوەی نەهجی مەلای كورد و ناساندنی پتری مێژووی كەڵە زانایانی كوردستان بە ڕووی دەرەوە لە لایەكی دیكەوە، هەروەك هێزێكی دی لە ئاستی ناوەندێكی باڵای ئەكادیمی وەك ئەزهەر دەداتە گوتاری ئایینی لە هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و قووڵكردنەوەی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و میانڕەوی و یەكتر قەبووڵكردن و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و ئیبرازكردنی ڕۆڵی كوردستان لە پارێزگاریكردن لە ئایین و مەزهەب و كەلتوور و بەها نەتەوەییەكانی خۆی وەك گەلێكی موسڵمان.
بەڕێوەچوونی چالاكییەكی وا گەورە «دیداری زەڵمی» لە هەولێری پایتەخت و بە بەشداریی ڕاستەوخۆی سەرۆكی هەرێم ڕێزدار «نێچیرڤان بارزانی» ئاماژەیە بەوەی كوردستان شوێنێكی ئارامە و بایەخ بە برایەتی و ئاشتی دەدات و ئەزموونی هەڵكەوتووانی خۆی بەرز ڕادەگرێت. نوێكردنەوەی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ زانكۆی ئەزهەر و مەشیخەی ئەزهەر داڕشتنەوە و نوێكردنەوەی ئەو هێڵە گرنگەیە كە لە ئایندەدا زانایانی كورد و نووسەر و ڕۆشنبیرانی گەلەكەمان سوودی لێ وەردەگرن، كردنەوەی دەرگایەكی گرنگە بۆ لێك نزیككردنەوەی تەجرەبەی تەوزیفكردنی چەمكە ئایینییەكان و گەشەپێدانی زانستی و فكری و فەرهەنگی و پەیڕەوانی دینداری و بەتایبەت وتاربێژانی كوردستان، بۆ ئەوەی بە سوودوەرگرتن لە ناوەندێكی باڵای وەك ئەزهەر، هزر و تێڕوانینیان فراوان و دووربینانەتر خۆیان ببیننەوە لە گەیاندنی پەیامی ئایینی و مرۆڤدۆستی و پارێزگاریكردن لە ڕێبازی زانستیی زانایانی سەروەرمان.
بۆیە شاندی ناوبراو كە هاتە لای یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان، لە دیدارەكەدا زۆر ڕاشكاوانە پەیوەندیی نێوان هەردوو دامەزراوەكە بە گرنگ وەسف كرا و، بە یەكێك لە شانازییەكانی هەردوولا لە بواری خزمەت بە ئیسلام و مرۆڤایەتی ناوبرا، تەئكیدیش لەوە كرایەوە كە حوزووری ئەزهەر لەگەڵ زانایانی كورد گرنگە، چونكە ئەزهەر پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە ناو كورددا، هەم بە حوكمی مێژووی پەیوەندی و هەمیش لە كاریگەریی ئەزهەر بە سەر جیهانی ئیسلامییەوە، گرنگیی ئەم پەیوەندییە بۆ كوردستان لە پێناو پارێزگاری لە میانڕەوی و نەهێشتنی بە هەڵە تێگەیشتنی ئایین و بە زانستی لێكدانەوەی دەقەكان و ئاڵوگۆڕی زانستی و هەماهەنگی لە پرسە نوێیەكاندا زۆر گرنگە، ئەمەش بۆ ئەوەی زەمینەی وەرگرتن و پێگەی هەرێم لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی زیندووتر بكەوێتە بەرچاوەوە.
هەر لەم سەردانەیاندا بۆ یەكێتیی زانایان بە دەرفەتم زانی بە تایبەت چەند پرسیار ئاراستەی فەزیلەتی دكتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتیی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر بكەم، سەبارەت بە سەردانیان بۆ هەرێم و تێڕوانینیان لە هەمبەر كوردستان و ڕۆڵی زانایانی كورد و پەیوەندیی نێوان یەكێتیی زانایان و مەشیخەی ئەزهەر و بەشدارییان لە دیداری زەڵمی و دامەزراوەی ئەكادیمی و پیشەیی و حكوومی و تەنانەت دیداریان لەگەڵ بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی، خۆشبەختانە بەم شێوە تێڕوانینی خۆی لەسەر كۆی سەردانەكە و بەشداریی چالاكی و دیدارەكان دەربڕی: «ئێمە زۆر خۆشحاڵین لە كوردستانین و كۆمەڵێك دیدارمان ئەنجام دا. دەبینین پێشكەوتنی گەورە لە هەموو بوارەكاندا هەیە و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زۆر و باش هەیە، كە سەردانی قەڵای هەولێر و پەیمانگەی ئەزهەر و كۆمەڵێكك دامەزراوەی حكوومی و فەرمیمان كرد و گفتوگۆی تێر و تەسەل لەبارەی هەندێ پرس كران، كە لە بەرژەوەندیی گشتی و هەردوولادایە، بەتایبەت لە بواری پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان ئەزهەر و زانایانی كوردستان، بۆیە ئەمڕۆ كە لە یەكێتیی زانایانین و دیداری گرنگمان هەبوو، گفتوگۆی باش كرا و وێنایەكی باشمان بەرچاو كەوت، لەوەی زانایانی كوردستان لە ئاستێكی باشی پێشكەوتندان و بە ئاستێكی بەرزی زانستییەوە هەنگاو دەنێن.
بە تەئكید ڕۆڵی زانایانی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و ئەرێنییە، ئەوەی ئێمە بینیمان بەتایبەت كە بۆیان باس كردین، یەكێتیی زانایان لەوەتەی دامەزراوە، هەوڵی ئەوەی داوە بە دەستەجەمعی كار بكەن، بەتایبەت لە بواری فەتوا، كە ئەمە هەنگاوێكی خوازراوە لەم سەردەمەدا و پێویستییەكی حەتمیی گرنگە بۆ ڕەوشی فەتوا و دۆزینەوەی چارەسەری شەرعی بۆ پرسەكان، دەركردنی ئەو هەموو بڵاوكراوەیە كە ئێمە بینیمان لە كتێبخانەی یەكێتیی زانایان، بەڵگەی ئەو ڕاستییەیە كە یەكێتیی زانایان خزمەتی كردووە و توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ شتە نوێ و بابەتە هاوچەرخەكاندا هەیە».
ئەمینداری گشتیی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر ئاماژەی بەوەش كرد كە: «ئێمە لە كوردستان دیدارێكمان هەبوو لەگەڵ بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی، كە پیاوێكی خاوەن ئەزموونی زۆر و كەسایەتییەكی مێژوویی گەورەیە، دەرفەتێكی گرنگ بوو لە نزیكەوە پێكەوە دانیشتین و گفتوگۆی باشمان كرد، بەتایبەت ئەزموون و خوێندنەوەی ئەو بۆ ئەو ئەزمە و ئالنگاری و گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكە ڕوو دەدەن، گرنگە، بۆیە دیدارەكەمان دیدارێكی بەرهەمدار و مێژوویی بوو، باسی پەیوەندیی نێوان گەلی میسر و گەلی كورد كرا، كە خاڵی هاوبەش و دۆستایەتیی دێرین هەیە و جەخت لە پاراستن و پێشخستنی كرا، كۆمەڵێك بابەتی دیكەی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی بە گشتی و، ئەو ئەزموون و ئارامی و پێكەوەژیان و هەوڵی بەرەنگاریی بیری توندڕەوی، بەتایبەتی تیشكی خرایە سەر.
گەلی كورد و گەلی میسر پەیوەندیی دێرین و مێژوویی گرنگیان هەیە، كەس نییە ناوی سەركردەی دیار سەڵاحەددینی ئەیووبیی نەبیستبێت، كە فەزڵی بەسەر هەموو ئۆممەتی ئیسلامیی بەگشتی و گەلی میسر بەتایبەتی هەیە. پەیوەستیی ئەزهەری شەریف و گەلی میسر بەو سەركردەیە شتێكی دانەبڕاوە، چونكە سەڵاحەددین بوو مەزهەبی ئیمامی شافیعی گەیاندە میسر و بڵاوی كردەوە، ئەوەش دەزانین یەكەمین ڕۆژنامە بە ناوی (كوردستان) لە قاهیرەوە دەرچوو، بۆیە پەیوەندیی نێوان گەلی میسر و گەلی كورد شتێكی كەم و تازە نییە، بگرە ئەمە پێویست بە قسە لەسەركردن ناكات، چونكە هەر كەس بڕێك شارەزایی و مەعریفەی هەبێت، دەزانێت ئەم پەیوەندییە كۆنە و لە ئاستێكی بەرزدا بووە. لێرەوە تەئكید لە پەیوەندیی نێوان هەردوولا و كوردستان دەكەینەوە و بە دڵنیاییەوە ئەو پەیامەی لێرە وەرمانگرت دەگەیێنینە شوێنی خۆی و لەگەڵ شێخی ئەزهەریش باسی لێوە دەكەین» .
ماوەتەوە بڵێم، ئەم سەردانەی شاندی ناوبراو بۆ كوردستان سەردانێكی ئەرێنی و گرنگ بوو، لە هەمان كاتدا ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە گەیاندنی وێنایەكی جوانی دۆخی هەرێم لە ڕووی ئایینی و زانستی و جیهانبینی و پێكەوەژیان و میانڕەوی و پەیامی ئاشتیخوازییەوە، لە هەمان كاتدا ڕایەڵەی پەیوەندییەكان نوێ دەكاتەوە و دوا جار بە قازانجی زۆر بۆ كوردستان و زانایانی ئایینی تەواو دەبێت و، بەرهەمی تایبەتی بۆ میراتی زانستی و ڕۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی تێگەیشتنەكان لە ئایندە دەبێت.
ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتییی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان