بەڕازیل شوێنی نوێی پەناخوازانە؛ بوونی ١٢ هەزار پەنابەری ئەفغانی لە دوای دەسەڵاتی تاڵیبان

بەڕازیل شوێنی نوێی پەناخوازانە؛ بوونی ١٢ هەزار پەنابەری ئەفغانی لە دوای دەسەڵاتی تاڵیبان

 

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، زیاتر لە ١٢ هەزار ئەفغانی بە ڤیزەی مرۆییەوە چوونەتە بەرازیل و ئەم شەپۆلەی کۆچبەری فشارێکی زۆری خستۆتە سەر سەرچاوە ناوخۆییەکانی بەرازیل.

ڕۆژی هەینی 29ی تشرینی دووەمی 2024 ، ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخ و ژمارەی کۆچبەرانی بەرازیل بڵاوکردەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرته بەڕازیل میوانداری ٧٩٠ هەزار کۆچبەری وڵاته جیاجیاکانی جیهان به تایبەتی ڤەنزوێلا، ئەفغانستان، هایتی، سوریا و ئۆکرانیا ده کات.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەرازیل شایەتی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانی وڵاتانی جیاواز لە نێویاندا ئەفغانییەکان لە شاری ساوپاولۆ بووە و لە دوای جێبەجێکردنی سیاسەتی ڤیزەی مرۆیی بۆ ئەفغانییەکان لە ساڵی 2021 تا مانگی ئابی 2024 زیاتر لە 13 هەزار ڤیزەی مرۆیی بۆ ئەفغانییەکان دەرکراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١٢ هەزار کۆچبەری ئەفغانی ڕوویان لە بەڕازیل کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی پێشوازی و یەکگرتنی ناوخۆیی کردووەتەوە بەهۆی زیادبوونی وردە وردەی هاتنی کۆچبەران و پێداویستییەکانیان بۆ بەرازیل.

ئەمە لە کاتێکدا دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی کۆچبەران لە بەرازیل دەکاتەوە، پێشتریش ڕاپۆرتی دیکە سەبارەت بە دۆخی سەختی کۆچبەرانی ئەفغانی لەم وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top