گۆڕی دەوڵەمەندەكانی ئەوروپا
نەكرۆپۆلیسی ڤارنا شوێنێكی كۆنی ناشتنە و دەكەوێتە شاری ڤارنا لە وڵاتی بولگاریا، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی chalcolithic نزیك ساڵانی ٤٦٠٠-٤2٠٠ی پێش زایین، ئەمەش وای كردووە ببێتە یەكێك لە كۆنترین و گرنگترین گۆڕستانەكانی پێش مێژوو لە ئەوروپا كە لە زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕ پێك هاتووە، لە نێویاندا گۆڕی سەرنجڕاكێشی تێدایە، بە شێوازی پاشماوەی تەرمەكانیان كەسانی دەوڵەمەندی تێدایە. ناشتنەكان كلتوورێكی كۆمەڵایەتیی ئاڵۆز و گەشەسەندوو ئاشكرا دەكەن، لەگەڵ بوونی بڕێكی زۆری زێڕ و ئامێری مسین لە ناو تابووتی مردووەكاندا، ئەم شوێنەدا ٤٣ گۆڕی كەسی پلە بەرزی تێدابووە، كە پێدەچێت نێرینە بووبن. لە هەموویان سەرنجڕاكێشتر ئەم گۆڕەیە كە لە وێنەكەدایە، ئەوەی ئەم گۆڕە تایبەت و سەرنجڕاكێش دەكات، ئەو سامانە نا ئاساییەیە كە تێیدایە، لەگەڵ كاری دەستیی ئاڵۆز كە لە ناو گۆڕەكەدا، ناشتنەكە بە كۆمەڵێك شتومەكی زۆر بەنرخ ڕازاوەتەوە، لە نێویاندا زیاتر لە هەزار شوێنەواری زێڕین هەیە، ئەمەش وای كردووە ببێتە یەكێك لە دەوڵەمەندترین گۆڕەكانی پێش مێژوو كە تا ئێستا دۆزرابێتەوە.