کوردستان لە چاوەڕوانی پەرلەمان و حکومەتێکی بەهێزدا
هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی سەرکەوتووی بەڕێکرد و هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە بۆ چوارساڵی ئایندە حەجمی هەموو لایەکی دیاریکرد و ئێستا کاتی ئەوەیە لەسەر حەجمی لایەنەکان حکومەتێک دروست بکرێت کە جارێکی دی هێز بۆ کوردستان بگەڕێنێتەوە.
لەدوای نەمانی پەرلەمانی کوردستان و تەواوبوونی ماوەی کابینەی نۆیەم لەو مەودایەدا تەڕازووی هێز تەواو بەلای بەغدادا شکاوە، ئەوەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ بەغدا تا بەئارەزووی خۆی دەست تێوەردان بکات لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێ گوێدانە دەستوور و سەروەری هەرێم بڕیار بۆ هەرێمی بدات و یاسای بۆ دبنێت.
پێشتر زۆڕ جار بینیومانە لە بەغدا هەوڵێکی جددی دەدرا لەبەرامبەر هەر مافێک دەسهەڵاتێک لە هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە بۆ نمونە لە بەرامبەر هەناردەی نەوت مافی فرۆشتنی لێ وەربگرنەوە یان لە بەرامبەر پێدانی مووچە دەسهەڵاتی دابەشکردنی مووچە لە حکومەتی هەرێم وەربگرنەوە و دەیان نمونەی دی، بەڵام لەو دەرفەتەدا کە پەرلەمانمان نەما و ماوەی حکومەت تەواوبوو بەغداش سیاسەتی خۆی گۆڕی وای لێهات تەنیا لەبەرامبەر یەک ماف کە مووچەیە هەموو دەسهەڵاتێک لە هەرێم وەربگرێتەوە.
ئەمە تواندنەوەی هەرێمە لەناو عێراقدا بەداخەوە بەشێکی ناوخۆشمان شەریکی ئەو هەوڵەبوون ئەو بەشەش بەسەر دوو بەشی دی دابەشبوون بەشێک بە ئاگادارییەوە بەدوای بەغدا کەوتن بەشەکەی دی بە بێ ئاگایی کەوتە ئەو هەڵەیەوە.
کاتی ئەوەیە هەمووان بێنە سەر خەتێک و هەوڵ بدەن حکومەتێکی بەهێزی کوردستانی پێکبهێنن کە توانای وەستانەوەی هەبێت بەرامبەر هەڕەشە و پیلانە دەرەکییەکان، ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی کابینەیەکە لەبەرامبەر بەغدا بە بەهێزی بوەستێتەوە و بێ سازشکردن لەسەر دەسهەڵاتە دەستوورییەکانی مافە ڕەواکانی میلەتەکەی لە بەغدا وەربگرێت.