پرسی ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا لە نێوان دۆناڵد ترامپ و كامالا هاریس

پرسی ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا  لە نێوان دۆناڵد ترامپ و كامالا هاریس

 

 

ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهاندا سیاسەتمەداران و زانایان و ڕێكخراوە ژینگەییەكان و چالاكانی ژینگەیی، بەو شێوەیە لە ئاسایشی كەشوهەوا دەڕوانن، كە بریتییە لە كۆی ئەو هەوڵانەی دەدرێن لە نێوان لایەنە ژینگەییەكان و لایەنە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكاندا، بۆ زاڵبوون بەسەر كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و بایەخدان بە چەمكی ئاسایشی كەشوهەوا، لە ڕێگەی چەند هۆكارێكی وەك باشتر جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە نێو ڕێككەوتننامەی پاریسدا هاتوون و لای وڵاتانی ئەندام لە ڕێككەوتننامەكەدا بوونەتە بەشێك لە بەڵگەنامەی پشكداریی نیشتمانیی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا، وەك پابەندییەكی ئارەزوومەندانەی هەر وڵاتێك و، بایەخدانی زیاتر بە ڕاپۆرتی ڕاگەیەندراوی نیشتمانی و نوێكردنەوەی هەر دوو ساڵ جارێكی بەڵگەنامەی پشكداریی نیشتمانیی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا لە لایەن هەر وڵاتێكەوە و، كاراكردنی دیپلۆماسییەتی كەشوهەوا بۆ بایەخدان بە دۆزەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا.

لێرەوە و بۆ باشتر خستنەڕووی ئەم باسە، گرنگە سەرنج بدەین لە دیبەیت و وتە و لێدوانەكانی هەر یەك لە بەربژێران كامالا هاریس و دۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆكایەتیی نوێی ئەمریكا، كە دەتوانرێت بە ئاسانی جیاوازیی دیدگەی هەردوو بەربژێر لە زۆربەی بوارەكاندا ببینرێت، بەتایبەت ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا كە دەرخستنی جیاوازیی نێوان هەردوو بەربژێرە لە بواری ژینگە بەگشتی و گۆڕانی كەشوهەوا بەتایبەتی لە بەرنامەی هەریەكەیاندا، كە دەكرێت لە چەند خاڵێكی بەراوردكاریی خێرادا بخرێنە ڕوو، وەك:

1- ترامپ بڕوای بەوە نییە كە گۆڕانی كەشوهەوا بە هۆی چالاكیی مرۆییەوە بێت، بەڵام، هاریس بڕوای وایە ئەوە چالاكی و پڕۆژە نازانستییەكانی بازرگانان و گەورە كۆمپانیاكان، بە كارەكانیان و لە ماوەی درێژخایەندا قەیرانی گۆڕانی كەشوهەوایان دروست كردووە.

2- ترامپ بڕیاری پێشوەختەی وایە هەموو یارمەتی و هاوكارییەك لە بواری وزەی نوێ و پاشكۆكانی ڕابگرێت، بەڵام هاریس پێی وایە گۆڕانی كەشوهەوا هەڕەشەیەكی مەترسیدارە لەسەر هەسارەكە، بۆیە بەڵێنی داوە ئەگەر ببێتە سەرۆك، هاوكاریی دارایی پێشكەشی پیشەسازییە پشتبەستووەكان بە وزەی خاوێن بكات.

3- ترامپ لە هەوڵدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێككەوتننامەیەی كە ئەو بە «فێڵنامەی نوێی سەوز»ی ناودەبات، بەڵام هاریس پشتگیریی لە «ڕێككەوتننامەی نوێی سەوز» دەكات بە مەبەستی پاراستنی كەشوهەوا و بەهێزكردنی گەشەی ئابووری، لە ڕێگەی دەستپێشخەریشەوە بەردەوامەوە.

4- ترامپ لەگەڵ ئەوەدایە گەڕان بەردەوام بێت بۆ دەرهێنانی نەوت لە دەریادا، بەڵام هاریس دژی گەڕانە بەدوای نەوت و دەرهێنانی غاز لە دەریادا.

5- ترامپ سوورە لەسەر كشانەوە لە ڕێككەوتننامەی پاریس بۆ گۆڕانی كەشوهەوا، بەڵام هاریس لە ئێستاوە سوورە لەسەر مانەوە لە نێو ڕێككەوتننامەی پاریس بۆ گۆڕانی كەشوهەوا.

6- ترامپ بڕوای وایە وزەی خاوێن و ئۆتۆمۆبێلی كارەبایی خزمەت بە وڵاتی چین دەكات، كە لە ئێستادا لەو بوارە پێشكەوتووە، بەڵام هاریس بڕوای وایە وزەی خاوێن و ئۆتۆمۆبێلی كارەبایی خزمەت بە كەرتی وزەی ئەمریكا دەكات.

7- ترامپ بڕیاری وایە لە حاڵەتی سەركەوتنیدا وێستگە نوێیەكانی غازی سرووشتی بخاتەوە كار، بەڵام هاریس لەگەڵ ئەوەدایە «وەك بایدن» وێستگە نوێیەكانی غازی سرووشتی بە شێوەی كاتی لە كاركردن ڕابگرێت.

8- ترامپ لای وایە كە ڕاگرتنی سەرچاوەكانی وزەی كلاسیكی و سووتەمەنیی بەردین زیانی زۆر لە ئابووریی ئەمریكا دەدات، بەڵام هاریس لای وایە كە ئەوە گۆڕانی كەشوهەوایە ساڵانە زیانێكی 150 ملیار دۆلاری لە ئابووریی ئەمریكا دەدات.

9- ترامپ بڕوای وایە كە ئەو كاتەی ئەو سەرۆكی وڵات بووە، بە تێچووی كەم و بە كەرتی وزەی كلاسیكی هەلی كاری زۆری بۆ خەڵك دابین كردووە، هاریس ڕای وایە كە وەبەرهێنان لە بواری وزەی نوێ و خاوێندا هەزاران هەلی كار بۆ دانیشتووان دابین دەكات.

10- ترامپ لە سیاسەتی بەردەوامبوون لەسەر وزەی كلاسیكی و ئابووریی بەهێز و گوێنەدان بە گۆڕانی كەشوهەوا، پشتئەستوورە بە دەنگی كارمەندانی بواری نەوت و غاز و نەوەی مامناوەند و كەسانی بەتەمەنی ئەمریكا، بەڵام هاریس لە بواری گۆڕانی كەشوهەوا و وزەی نوێ و خاوێندا، پشتئەستوورە بە دەنگی گەنجان و نەوەی تازەی ئەمریكا.

Top