نێچیرڤان بارزانی: جۆیس بلەو زۆربەی تەمەنی خۆی لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستان دا بەسەر برد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی جۆیس بلەو ئاراستەی کەسوکار و هاوکارانی دەکات و دەڵێت، "زۆرترین تەمەنی خۆی لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستان بەسەر بردووە."
د. جۆیس بلەو، نووسەر، زمانناس و شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی لە تەمەنی 92 ساڵی دا کۆچی دواییکرد.
رۆژی هەینی، 25ـی تشرینی یەکەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا رایگەیاند: "سهرهخۆشيى قووڵم ئاراستهى خانهواده و كهسوكارى خوالێخۆشبوو پرۆفيسۆر خاتوو جۆيس بلهو، دۆستى كورد و نووسهر و زمانناس و شارهزاى زمان و ئهدهبى كوردى و هاوكارانى له ئهنستيتوى كوردى له پاريس دهكهم. هاوسۆز و هاوخهميانم."
هاوکات، دەشڵێت: خاتوو بلهو زۆرترين تهمهنى خۆى "له پشتگيريى گهلى كوردستان و خزمهت به زمان و ئهدهب و كولتوورى كورديدا بهسهر بردووه. وهك دۆستێكى دڵسۆز و به كار و بهرههمهكانى، ههميشه له يادماندا دهمێنتێهوه."
جۆیس لە ساڵی 1932 لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایکبووە و لە زانکۆی سۆربۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە زمانی کوردی بەدەستهێناوە. هەروەها بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کوردی بوو لە پاریس.
لە ساڵانی 50ـەکان دا چووەتە فەرەنسا و دەستی بە فێربوونی زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی کردووە.
هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری (Kurdish Studies) بووە لە پەیمانگەی نەتەوەیی زمان و شارستانیی رۆژهەڵات (INALCO) و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئینستیتیوتی کوردی.
جۆیس خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە، کە دیارترینیان فەرهەنگی زمانی کوردی/ فەرەنسی/ ئینگلیزییە.
جۆیس فەرهەنگێکی دیکەشی کوردی-فەرەنسی نووسیوە و چەندین بەرهەمی دیکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لە 13ـی ئایاری رابردوو، بە بەشداریی جۆیس خۆی، لەسەر قەڵای هەولێر، کتێبخانەی جۆیس بلەو کرایەوە.
بەشێک لە بەرهەمەکانی جۆیس بلەو ئەمانەن:
- پرسی کورد، لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، ساڵی 1963
- کوردانی ئامادە و چیای شنگال – شیکاری زمانەوانی و دەقە فۆلکلۆرییەکان (1975)
- جووەکانی کوردستان (1985)
- کەلەپووری کوردی (2012)