مەسرور بارزانی : لەم هەڵبژاردنە هەر بڕیارێک بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین

مەسرور بارزانی : لەم هەڵبژاردنە هەر بڕیارێک بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ ، 6ی تشرینی یەکەمی 2024، لە شاری دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک کۆبووەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە ڕووداوێکی هەستیار و مێژوویی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین، داهاتووی منداڵەکانی خۆمان دیاری دەکەین، بڕیاردانی ئێمە دیاریی دەکات دوای ئەم هەڵبژاردنە لە چوار ساڵی داهاتوودا شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە چ شێوەیەک دەبێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: بڕیار لە ڕۆژێکدا بۆ هەڵبژاردن دەدرێت، بەڵام بڕیاری ئەم هەڵبژاردنە چوار ساڵ بەردەوام دەبێت، هەروا ئەنجامی بڕیاری ئێوە هەرچییەک بێت، ئەم چوار ساڵەی حوکمڕانی دیسان دەبێتە بەرهەمی بڕیاری ئێوە، هەربۆیە داوا لە هەموو خوشک و برایانی هێژا دەکەم، چ ئەوانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون یان هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە هەر شوێنێکن و گوێ بیستی ئێمە دەبن، داواتان لێ دەکەم لەم هەڵبژاردنە بڕیارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بدەن، بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی ئەم وڵاتە و ئەم دەستکەوت و ئەزموونەی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکێکی قارەمانە، بە هەدەر ناڕوات.

ڕاشیگەیاند "ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین و هەر یەکێک لە ئێمە وا پێشبینی بکات کە ئەم دۆخە هەروا بەردەوام دەبێت، یان دەنگ بدەم یان دەنگ نەدەم هیچ جیاوازییەکی نییە، هەڵەیە، چونکە ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە دەنگ نەدات، ئەوە کەسێکی دیکە لە جێگەی دەنگ دەدات، ئەگەر ئێوە بڕیار نەدەن، کەسی دیکە لە جێگەی ئێوە بڕیار دەدات، بە تایبەت ئێوەی مامۆستایانی هێژا، ئەرکێکی زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، بۆیە دەبێت ئێوە ڕێنمایی بدەنە هاووڵاتییانی دیکە لە خوێندکاران و قوتابیان و هەر کەسێک کە ئێوە کاریگەریتان لەسەر دەنگدانەکەی هەیە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان تاوەکوو داهاتووی خۆیان مسۆگەر بکەن، منیش لەو بڕوایەدام بڕیاری ئێوە بڕیارێكی ڕاست و دروست دەبێت.

Top