«بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان»
هەر وەک لە مانای دیموکراسی را دیارە کە ئەویش برییتیە لە: “دەسەڵاتی گەل بۆ گەل واتە گەل خۆی سەرپشکە چۆن و بە چ شێوازێک دەسەڵاتی خۆی بەکار دەهێنێت و دەنگی خۆی بە کام لایەنی سیاسی وڵاتەکەی دەدات.
پرۆسەی هەڵبژاردن کوڵەگەیەکی سەرەکی گیانی دیموکراسیە و، بە بێ پرۆسەی هەڵبژارن دیموکراسیەتیش بوونی نیە و نابێت، حزبە سیاسیەکانیش وەک چۆن ئامانجی هەر حزبێکی سیاسی گەیشتنە بە دەسەڵات مافی خۆیانە ڕەکابەری حزبەکانی تر بکەن بەڵام بە شێوەیەکی شارستانیانە.
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانیش وا لە پرۆسەی دەنگدان نزیک دەبینەوە، و لە ڕێکەوتی20/10/2024 پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و بانگەشەی حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش دەستی پێکردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمەکەمان پێنج خولی پەرلەمانی بەرێ کردووە، مخابن هێشتا هەندێک لایەنی سیاسی ئەزمونیان لە پرۆسەکانی دەنگدانی پێشوتر وەرنەگرتووە و، لە دەرەوەی موڕاڵی سیاسی و دیموکراسی هەڵسوکەوت دەکەن، ڕەفتارەکانیان گەیشتوتە ئاستێک کاتێک شێوازی بانگەشەکردنیان بەرچاومان دەکەوێت هەر زوو جەوهەری ڕاستەقینەیان دەردەکەوێت و ڕەفتارەکانیان پێکەنیناوین.
سڕینەوەی بەرامبەر لە گیانی دیموکراسیدا بوونی نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە یەکتر قەبوڵکردن و ڕێزگرتن لە بەرامبەر و زۆر بنەمای تری کولتوری دیموکراسی بوونیان هەیە گەر بە هەند ورنەگیرێن بەرەی پوپولیستانی هەرێمی کوردستان هەرێمەکەمان بەرەو چارەنووسێکی نادیار دبەن.
لەنێو کولتوری ڕاستەقینەی دیموکراسیدا حزبەکان پرۆژە پێشکەشی ڕوڵەکانی گەلەکەیان دەکەن، ئیتر ئەوان خاوەن بڕیارن ئایا دەنگ بە حزبی خاوەن پڕۆژە دەدەن ؟
یانیش پێچەوانەکەی؟
بۆیە ئەوەی کە دوێنێ لە سەرۆک حزبێکی هەرێمی کوردستان بینیمان لە شاشە تیڤیەکان وەک نمونەیەک بە جورێک بانگەشەی دەکرد بێجگە لە هاشوهوش و بوونی سڕینەوە و وێرانکردن و ڕوخاندنی دەسەڵات و سوکایەتی کردن هیچیترمان لێ بەدی نەکرد و، ئەم سەرۆک حزبە کاڵفامە دەتوانم بڵێم سیمای جوانی ئەو کولتورە دیموکراسیەی کە هەیە لە بەرچاوی دونیا ناشیرین کرد.
ناوبڕاو وا دەزانێ خەڵکی کوردستان وەکو ئەو کاڵفامەو، هیچ نازانێت، ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان زۆر هۆشیارە و بە ئاسانی چەواشە ناکرێت و باجی ئەم هەڵسوکەوتە هەرزەکارانەی خۆت لە ڕوژی دەنگدان دەدەیەوە و لە ڕێگەی سندوقەکانەوە دەنگدرانی بەڕێز وەڵامتان دەدەنەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکی ڕەسەنی ئەم کوردستانەیە و، مێژوو شاهیدی نزیکەی هەشتا ساڵ قوڕبانیدان و تێکۆشانی ئەم حزبەیە و، سەنگ و پێگەی خۆی هەیە لەنێو گوڕەپانی سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و نێوخۆییدا.
تاکە وەڵامی پارتیش بۆ ئەم کالفامە سیاسیانە و هەرزەکارانە پێشکەش کردنی پرۆژەیە لە هەموو ڕویێکەوە لەم قۆناغەدا لەپێناو بونیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش یەکسانە بە سەرکەوتنی گشت کوردستانیەکان بێ جیاوازی.