ئیسلامی هاوردە

ئیسلامی هاوردە

هیچ كات نەم وویستووە بە
بچووكترین ووشەش رەخنە لە هیچ ئاین و مەزهەب و موقەدەساتێکی ئاینی بگرم، بە گشتی هەر نامەوێ باسی ئاینی پیرۆزی خۆمان بكەم چونكە نە ماموستای ئاینیم، نە دژە ئاینم، بەڵام زۆرجار هەندێ دروشم و ووتار دەبینم بەرگەی توندی و سەقەتیەكەی ناگرم. هەر هیچ نەبێ دەبێت هەلوێست وەرگرم (وذلك أضعف الإمان)، بۆیە با ویژدانم ئاسوودە بكەم، ئەم ئیسلامیە سیاسیە تیجارییەی ئێستا لە كوردستانی خۆمان دەبینم کە هەموو شتێكە جگە لە ئاین و دینداری، یاری كردنە بە مێشكی ئەو كوردە دڵپاك، دڵسۆز و سادەیە كە سەدا ٩٥ی موسولمانن. میللەتێكی عاتیفین بەرامبەر بە ئاین، بەلام پرسیارە هەرە گرنگ و دووبارەكە ئەوەیە، ئایا بۆچی ئەم پارتە ئیسلامەیە سیاسیانە، كە بە (الإسلام المعلب) ناویان دەبەم، ناتوانن لە هیچ هەڵبژاردنێك هەر هیچ نەبێ ١٥ كورسیەك لەناو ئەو میللەتە موسولمانەدا بەدەست بێنن؟
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت كە ئەوانە ئاینداری كوردی نین. بۆ نمونە؛ ئەم ئیسلامیە سیاسیە تیجارییە هێندەی هاوخەم و پشتگیری حەماسی تیڕۆرستن یان حیزب اللەی دژە كوردن، نیو هێندە هاوخەم و پشتگیری دۆزی میللەتی خۆیان نین، وە ئەگەر بشلێین حەماس ئیسلامە، لێرەدا من پرسیاڕێك دەكەم پێشتریش لە پۆستێكی سۆشیال میدیای تۆریX كردوومە، ئایا موسولمانانی سودان كە ئیبادەی گشتی دەكرێن، دەسوتێنرێن و برسی دەكرێن، خێرە هیچ یەك لە سەركردەو بەناو چالاكوان و روشنبیرە ئیسلامیە سیاسیەکان نوقەیان لێوە نایێ؟
ئایا وڵاتی سودانی موسولمان نین یان ئیسلامی نین؟ لەلای ئێمە بەس ئیسلام بی، بە سەرچاو، بەلام لای ئەوان ئیسلامبوون تەنها بەس نیە، دەبێ ئیسلامی بی تاوەکو تەكفیرت نەكەن و كارتی بەهەشتت پێ ببەخشن. خودا دەفەرموێ (إنما المؤمنون إخوة)، بەلام لای ئەوان وانیە، لای ئەوان تەنانەت ئیسلامییەكانیش هەموویان برا نین. بۆ نموونە؛ یەكگرتوو دژی كۆمەلە، كۆمەل دژی بزوتنەوەیە...هتد
ئەوە لەلایەك، لەلایەكی تریش شەهیدێكی پێشمەرگە لای ئەوان بە كوژراو لەقەلەم دەدرێ، كە خۆم بینیم لە كەنالەكانیان، كەچی كوژراوێكی شیعەی دژە كوردی حەماس شەهیدە، بەڵام گومانیان لەوە هەیە كە ئایا پێشمەرگە شەهیدە یان نا، لەكاتێكدا لەسەر خاكی خۆی شەهید بووە و تەنها بەرگریکاربووە نەك هێرشبەر، وە لەكاتێكیشدا پێغەمبەری خودا دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێ (من قتل دون أرضه فهو شهيد). نازانم وادیارە ئەم برادەرانە تەنها ئەو فەرموودەو ئایەتانەیان لەبەرە و بەكاردێنن كە لەبەرژەوەندی ئەواندایە.
لێرەش سەیریان بكەن لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا كە هەندێكیان پێش وەرگرتنی پارەو پلەو پۆست هەر باوەڕیان بە هەلبژاردن و پەرلەمان نەبووە، ئێستا دونیایان بەسەر یەكدا هێناوە بۆ یەك كورسی. تێبینی دروشمەکانیان بكەن، كاكە گریمان حكومەتی كوردی خراپە، با یەكێتی و لایەنی سیاسی دروشمی توند ناخوش ناپەسەند بەكاربێنن، بەڵام جەنابیان ئیسلامین، كاری ئێوە ئاشتەوایی و دورست کردنی گیانی برایەتی و پێکەوە ژیان و دۆستایەتیە، (فاصلحوا بين اخويكم)!! ئەوە لەلایەك، لەلایەكی تر (الفتنة اشدو من القتل)،
كەچی باوربكەن دروشمی ئەو برادەرە ئیسلامیانە زۆر لە دروشمی پارتە سیاسیە نائیسلامییانە توندتر و خراپتر و نابەجێترە!!

Top