دیندار زێباری: هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی پرۆسەی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەردەوامە

دیندار زێباری: هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی پرۆسەی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەردەوامە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2014 وە تاکوو ئیستە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی پرۆسەی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2024دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم کۆنفڕانسە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەددین، ڕێکخراوەکانی چاودێری دادپەروەری باکووری کەنەدا (NJW)، ڕێکخراوی ڕەبا و ڕێکخراوی(Green Desert) کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا.

لە دەستپێکی وتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: دوای ئەو جینۆساید و کارەساتە نامرۆڤانەیەی کە دژی کوردانی ئێزدی کرا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری دا بۆ بەدیهێنانى دادپەروەری و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە، لە دەرەنجامی ئەم هەوڵانە زیاتر لە 10 وڵاتی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان و ڕێکخراو و دامودەزگای جیهانی دانییان بەوە نا کە ئەوەی دژی ئێزیدییەکان کرا جینۆساید و تاوانی نێودەوڵەتییە.

دیندار زێباری دەشڵێت: بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان لە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەبێ جیاوازی، پێویستە  میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان دابمەزرێت، لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانبارانی داعش و قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی تیرۆر و کەسوکاریان.

هەروەها سەبارەت بە هەماهەنگی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەیسی تیرۆریستانی ئەوەشی خستە ڕوو کە دوای دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) هەماهەنگیمان لەگەڵیان هەبووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەدحاڵەکان و تیرۆریستان و ئەنجامدانی پرۆژەی بە دیکیۆمێنت کردن و ئەرشیف کردنی تاوانەکانی داعش بە سیستەمێکی تەکنۆلۆژی پێشکەوتوو تاکو لە پرۆسەی دادگایی کردنی تیرۆریستان سوودیان لێ ببینرێت، لەم رووەوە توانراوە (24،965) فایل و ،408،540 لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێن، یونیتاد ڕۆڵی هەبوو لە پێشکەش کردنی هاوکاری دەروونیی و کۆمەڵایەتیی، بنیاتنانی تواناکانى پزیشکانی تەندروستیی دەروونی، ئەمەش یارمەتیدەر لە چارەکردن و دابینکردنى پێداویستییە ئاڵۆزەکان بۆ ڕزگاربووانی ئێزیدی و چاکبوونەوەیان. 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەشکرد، دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستەش 730٫930 کەسیان لە هەرێم نیشتەجێن و زۆربەیان خوشک و برا ئێزدییەکانن، ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەیان لە پێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە.

هەروەها تا ئێستە سێ هەزار و 579 کەس ڕزگار کراون و مانگانە حکوومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات، هەروەها پاڵپشتی دەروونیی کۆمەڵایەتیی ڕزگاربووان کراوە و لە سەنتەری چارەی دەروونی دهۆک گشتیان تۆمار کراون، هەروەها زیاتر لە هەزار و 200 ڕزگاربوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەی دەروونی، لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانى بەرچاوى داوە بۆ شکست پێهێنانی داعش و رزگار کردنەوەی ناوچەکان و لەم پێناوەدا زۆری داوە کە گەیشتە هەزار و814 شەهید و 10725 بریندار و 44 پێشمەرگەش تائێستە بێسەروشوێنن. 

شایەنی باسە لە کۆنفرانسەکەدا هەر یەکە لە کونسوڵخانەی کەنەدا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی)، کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران (UNHCR)، یونیسێف، سەنتەری رۆشنبیری لالش، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی ڕۆشنبیری دهۆک، - ئەنجوومەنی باڵای خانماتن و گەشەپێدان، ڕێکخراوی هەنگاو، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕێکخراوەکانیDCV، CFI ، ڕێکخراوی ئیما، ڕێکخراوی ئاڤیار، کینیات و نوپێل بەشدار بوون.



 

Top