پێنوێنی كواڵێتی هەوا
پێنوێن و نیشاندەری كواڵێتی هەوا (ئەی كیو ئای) پێوەرێكی دیجیتاڵییە بەكار دەهێنرێت بۆ ئاگاداربوون لەبارەی ڕۆژانە كواڵێتی و ئاستی پیسبوونی هەواوە، بە جۆرێك هەر زیادبوونێك لە پێنوێنەكەدا نیشانەی زیادبوونی پیسبوونی هەوا و هەڕەشەكردنە لە تەندروستیی مرۆڤ.
پێنوێنی كواڵێتی هەوا ژماردنی پێنج جۆری سەرەكییە لە پیسكارەكان، كە ئەوانەش بریتین لە: ئۆزۆنی زەمینی، تەنۆڵكە وردیلەكان، كاربۆن مۆنۆ ئۆكساید، سولفەر دای ئۆكساید، نایترۆجین دای ئۆكساید، لە ڕێگەی گۆڕینی ئەو پیسكارە پێوانەكراوەكانە بۆ ژمارە لەسەر پێوەری (0) هەتا (500) بە جۆرێك هەتا ژمارەكە گەورەتر بێت، مانای وایە ئاستی پیسبوون زیاترە و مەترسی لەسەر تەندروستییش زیاترە، بەدەر لە نیشاندانی ئاستی پیسبوون بە ژمارە، هەندێك جار بە ڕەنگی جیاوازیش جۆر و كواڵێتی هەوامان نیشان دەدات، بۆ نموونە:
ڕەنگی سەوز واتە كواڵێتی هەوا بۆ هەمووان باشە.
ڕەنگی زەرد واتە كواڵێتی هەوا مامناوەندە و بۆ زۆرینە باشە.
ڕەنگی پڕتەقاڵی واتە كواڵێتی هەوا ناتەندروستە بۆ گرووپی هەستیارانی وەك منداڵان و بەساڵاچووان.
ڕەنگی سوور واتە كواڵێتی هەوا ناتەندروستە بۆ هەمووان.
ڕەنگی وەنەوشەیی (مۆر) واتە كواڵێتی هەوا بۆ هەمووان توند و زۆر ناتەندروستە.
ڕەنگی مارۆنی واتە كواڵێتی هەوا بۆ هەمووان مەترسیدارە و حاڵەتی ئیمێرجێنسییە.
چۆن كواڵێتی هەوا دەپێورێت؟
یەكەم: ئامێری چاودێریكردنی كواڵێتی هەوا كە لە ڕێگەی ئامرازی هەستەوەرەوە جۆرێك یان زیاتر لەپیسكارەكان دەدۆزێتەوە.
دووەم: لە ڕێگەی بەكارهێنانی تیشكی لێزەرەوە بۆ ڕووپێوكردنی چڕیی تەنۆڵكەكان لە هەر مەتر سێجایەك لە هەوادا.
سێیەم: لە ڕێگەی وێنە وەرگیراوەكان لە مانگە دەستكردەكانەوە بە پێوانی وزەی دەرچوو لە زەوی، یان وزەی گەڕاوەوە.
هەتا چەند متمانەكردن بە پێنوێنی كواڵێتی هەوا ڕاستە؟
متمانەكردن بە پێنوێنی كواڵێتی هەوا پشت دەبەستێت بە چەند هۆكارێك، وەك:
یەكەم: كۆكردنەوەی داتاكان، متمانەكردنیش بە داتاكان پشت دەبەستێت بە هەبوونی ئامێری وردبین لە وێستگەكانی چاودێریدا، چونكە لەو شوێنانەی كە ئامراز و ئامێرەكانیان كۆن و كواڵێتی نزمە، ئەو كات پێنوێنی كواڵێتی هەوا (ئەی كیو ئای) ڕەنگدانەوەی وردی كواڵێتی ڕاستەقینەی هەوا نییە.
دووەم: ڕووپۆش و خوێندنەوەی گشت پیسكارەكان، هەمیشە پێنوێنی كواڵێتی هەوا (ئەی كیو ئای) گشت پیسكارەكان ڕووپۆش ناكات و هەموویان ناخوێنێتەوە و ناتوانێت وێنە گەورەكەی كواڵێتی هەوا بنوێنێت، لەوانەیە هەندێك لە پێكهاتە ئۆرگانییە هەڵاوەكان (ڤی ئۆ سی) لەبەرچاو نەگرێت.
سێیەم: هۆكارە نێوخۆییەكان: بارودۆخی نێوخۆیی وەك جۆری كەشی ئەو كاتە، یان نزیكیی لە سەرچاوە پیسكارەكانەوە كاریگەرییان هەیە لەسەر نیشاندانی هەڵەی ژمارە و پێوانەی هەڵە.
چوارەم: جیاوازیی هەستیاریی مرۆڤەكان، لەو كاتەی پێنوێنی كواڵێتی هەوا (ئەی كیو ئای) بە پێوەرێكی ساكار كواڵێتی هەوا پیشان دەدات لە نێوان پلەی (باش) هەتا (مەترسیدار)، بەڵام مرۆڤەكان لە ڕووی هەستیارییان بۆ هەر جۆرێك لەو پیسكارانە جیاوازن، لەوانەشە هەندێك لە مرۆڤەكان هەستیارییان بەرامبەر هەندێك پیسكاری دیكە هەبێت كە پێنوێنەكە تیشك ناخاتە سەریان.
پێنجەم: نوێكردنەوەی ستانداردەكان، نوێكردنەوەی بەردەوامی ستاندارد و ڕێساكانی كواڵێتی هەوا بە پشتبەستن بە نوێترین ئەنجام و دۆزینەوە زانستییەكان زۆر گرنگە بۆ متمانەپێكردن، چونكە لەوانەیە زانستی نوێ ستانداردە كۆنەكان بە وردی مەترسیی تەندروستیی زیاتر پیشان بدەن.
چی بكرێت بۆ بەدەستهێنانی داتای ورد و ڕاستەقینە لەبارەی كواڵێتی هەواوە؟
یەكەم: دانانی وێستگەی جێگیر و هەبوونی وێستگەی گەڕۆك بۆ پێوانەكردنی كواڵێتی هەوا.
دووەم: بەداواچوونی بەردەوام بۆ خوێندنەوە و وەرگرتنی داتای وێستگەكان.
سێیەم: ڕێكخستنەوە و كالیبرەیشنی ئامێرەكان و چاككردنەوەیان.
چوارەم: ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بە مەرجی متمانەبوون و دڵنیایی لە داتاكان.
پێنجەم: سوودوەرگرتن لە وێنەی مانگە دەستكردكان وەك یاریدەدەر بۆ دڵنیابوونی زیاتر.
شەشەم: هاوئاهەنگی لەگەڵ وێستگەكانی وڵاتانی دەوروبەر بۆ زانینی بڕی پیسكارە سنووربڕەكان.